هەشتەمین ئوتێلی براندی نێودەوڵەتی لە سلێمانی دروستدەكرێت

لە مەراسیمێكدا مۆڵەتی دروستكردنی ئۆتێلێكی پێنج ئەستێرە بە براندی حیات ریجنسی درا بە كۆمپانیایەكی بە توانای ئەمریكی، و پارێزگاری سلێمایش رایگەیاند بەجێبەجێكردنی ئەو ئوتێلە سلێمانی دەبێتە خاوەنی 8 ئۆتێلی براندی نێودەوڵەتی
 كونسوڵی ئەمریكاش رایگەیاند: وڵاتەكەی بروای بە توانا ئابورییەكانی هەرێمەو دەتوانین بە هاوكاری هەرێمی كوردستان كاری گەورە ئەنجام بدەین و سه‌رۆکی ژوری بازرگانی و پیشه‌ سازی سلێمانی سیروان محه‌مه‌د به‌شداری کردوو ده‌سخۆشی له‌و کۆمپانیایانه‌کرد که‌ ئه‌و هۆتێله‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و شاری سلێمانی به‌ره‌و پیش ده‌به‌ن
ئەمرۆ 5ی كانوونی یەكەم، لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان و بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و كۆنسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی سلێمانی و سەرمایەداران و وەبەرهێنەران، مۆڵەتی دروستكردنی ئوتێلێكی پێنج ئەستێرە لەناو پاركی هاواری شاردا درا بە كۆمپانیای كلاریمونتی ئەمریكی بە براندی حیات ریجنسی نێودەوڵەتی. 
لە مەراسیمەكەدا پارێزگاری سلێمانی وتارێكی پێشكەش كرد و لە وتەكەیدا رایگەیاند: “بۆ یەكەم جارە ئەم ئوتێلە براندی خۆی دەدات بە كۆمپانیایەك لە سەرتاسەری عێراقدا پرۆژەكەش لەلایەن كۆمپانیای كلاریمونتی ئەمریكیەوە ئەنجام دەدرێت، بە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیەش سلێمانی دەبێتە خاوەنی (8) ئوتێلی خاوەن براندی جیهانی”
پارێزگاری سلێمانی وتیشی: چەند هەفتەی داهاتوودا چەندین پرۆژەی وەبەرهێنانی گەورە و خزمەتگوزاری بەڕووی هاوڵاتیانی خۆماڵی و بیانیدا دەكرێتەوە، لەوانەش ئوتێلی (5) ئەستێرەی (میلینیۆم – سلێمانی) كە براندێكی بەریتانی یە هەروەها ئوتێلی (4) ئەستێرەی تایتانیك و مۆڵی بازرگانی سیتی سەنتەر.
پارێزگاری سلێمانی هاتنی ئەو كۆمپانیا و براندییانەش بۆ پارێزگای سلێمانی بەستەوە بەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی دامو دەزگاكانی پارێزگای سلێمانییەوە توانیویەتی زەمینەیەكی یاسایی و ئابوری و كارگێڕی و ئەمنی زۆر باش فەراهەم بكات بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران و خاوەن كۆمپانیاكان بە ئاسودەییەوە سەرمایەكانی خۆیان لەم پارێزگایە بخەنەگەڕ .
پارێزگار دەستخۆشی لە هێزە ئەمنیەكانیش كرد كە بە شەونخونی زەمنیەكی لەباریان لەشارەكەدا هێناوەتە ئاراوە.
لەبەشێكی تری وتەكانیدا پارێزگاری سلێمانی سوپاسی هەموو ئەو كەسانەی كرد كە رۆڵیان لە بونیادنانی پاركی هەواری شاردا هەبووەو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد پاركەكە گەورەترین پاركی دەستكردە لە سەرتاسەری عێراقدا
پارێزگار هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال-ی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە رایگەیاند ” هەمیشە هاندەرو پشتیوان بووە بۆ زیاتر سەوزكردن و زیادكردنی رووبەری سەوزایی لەشاری سلێمانیدا.
پارێزگاری سلێمانی دابەزاندنی دەسەڵاتەكانی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە لایەن سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی بەرز نرخاند و رایگەیاند: بە هۆی دابەزاندنی ئەو دەسەڵاتانەوە توانراوە لەماوەیەكی كەمدا مۆڵەتی ژمارەیەكی زۆر لە پرۆژەی وەبەرهێنان بدەن و رۆتین لەبەردەم مۆڵەتەكاندا كەم بكەنەوە.
پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاند بەڵێنەكانیان بۆ گەشەپێدانی كەرتی گەشتیاری سلێمانی بەجێ‌ گەیاندووە و بەتەواو بوونی ئەو پرۆژانەی لە جێ‌ بەجێ‌ كردندا گەشتیاری سلێمانی دەچێتە قۆناغێكی نوێوە.
لەبەشێكی تری مەراسیمەكەدا كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و لە وتارەكەیدا رایگەیاند” ئەمرۆ رۆژێكی گەورەیە بۆ بەرجەستەكردنی خواستی سەرمایەگوزاری ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان”
وتیشی: كۆمپانیاكانی ئەمریكا زۆر ئارەزوو مەندن لەئەنجامدانی سەرمایەگوزاری لە هەرێمدا، بە تایبەت لەكەرتەكانی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و پیشەسازی.
كونسوڵی ئەمریكا تەئكیدی كردووە وڵاتەكەی بروای بە توانا ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان هەیەو كارئاسانی بۆ كۆمپانیاكانیان دەكەن بۆ ئەوەی سەرمایەگوزاری لە هەرێمدا بكەن ووتی” ئەگەر پێكەوە كار بكەین دەتوانین كاری زۆر مەزن بكەین”
پاشان نوێنەری كۆمپانیای (CLAREMONT)كەجێبەجێ‌ كاری ئوتێل حیات ریجنسی سلێمانییە وتەیەكی پێكەش كردو و دروست كردنی ئەو ئوتێلەی بە” پرۆژەیەكی زۆر نایەب” وەسف كرد و رایگەیاند: پرۆژەكە تەنیا ئۆتێلێكی سادە نییە، بەڵكو لە رێگەی ئەو پرۆژەیەوە ئەو ناوچەیە دەبێتە ناوچەیەكی گەشتیاری گەورە.
وتیشی : ئێمە بەدوای پرۆژەیەكی نایابدا دەگەراین بۆ سلێمانی و ئەم پرۆژەیەش پەرە سەندنێكی نوێیە بۆ سلێمانی.
لەبەشێكی تری وتەكانیدا نوێنەری ئەو كۆمپانیا ئەمریكیە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد” سیاسەتی حكومەتی هەرێم سەركەوتوو بووە لە راكێشانی سەرمایەی دەرەكیدا بەهۆی” پارێزراوی بواری ئەمنی و ژیرانە پەرەپێدانی ژێرخانی وەبەرهێنان”
لە كۆتایی مەراسیمەكەشدا مستەر پیتەر نوێنەری هۆتێل حیات ریجنسی نێودەوڵەتی وتەیەكی پێشكەش كرد و لە وتەكەیدا رایگەیاند” حیات ریجنسی براندێكی بەناوبانگی نێودەوڵەتییەو بۆ یەكەمین جارە پرۆژەی لەم جۆرە لە عیراقدا جێ‌ بەجێ‌ دەكەن”
وتیشی”خۆشحاڵ دەبین بە كارەكانمان لە هەرێمێكی ئارامی وەك كوردستاندا” ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە زیاد بوونی خواست لەسەر بونیادنانی ئۆتێلە پێنج ئەستێرەییەكان لە سلێمانیدا دەگەڕێتەوە بۆ گەشەی ئابوری و ئارامی لەم شارەدا.
نوێنەری حیات ریجنسی لەبارەی ئوتێلەكەشەوە رایگەیاند ئۆتیلەكە 210 ژوور و 1660 مەتر هۆڵی كۆبوونەوەو سێ‌ مەلەوانگەو ریستۆرانتێكی 24 كاتژمێری و چەندین بەشی تری گرنگ لەخۆی دەگرێت.