سلێمانی .. ریستۆرانتی یاقوت داخرا

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی، ریستۆرانتی یاقوت – ی له‌نزیك پردی خه‌سره‌وخاڵ  له‌ناوشاری سلێمانی داخست . 
سۆران عه‌بدولغه‌فور، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی، به‌خه‌ندانی راگه‌یاندوە، به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی رێنماییه‌كان، لیژنه‌كه‌ ریستۆرانتی یاقوتی داخست، وتیشی: پێشتریش پسووڵه‌ی سه‌رپێچیی بۆ ریستۆرانته‌كه‌ كراوه‌، به‌ڵام پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌رێنماییه‌كانه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا لیژنه‌كه‌ دایخستووه‌.
به‌وته‌ی سۆران عه‌بدولغه‌فور، پێشتر لیژنه‌كه‌ ریستۆرانته‌كه‌ی ئاگادار كردۆته‌وه‌ له‌ هه‌بوونی گۆشتی مریشك و قیمه‌ی خراپبوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پسوڵه‌ی سه‌رپێچیشی بۆ كردووه‌، به‌ڵام ریستۆرانته‌كه‌ پابه‌ندی رێنماییه‌كانی لیژنه‌كه‌ نه‌بووه‌، بۆیه‌ بڕیاردرا به‌ داخستنی بۆ ماوه‌ی پێنج رۆژ. 
‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ قایمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌، ته‌نها له‌مانگی‌ رابردوودا هه‌شت شوێنكاریان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ داخستووه‌ ‌و به‌ زیاتر له‌ 21 ملیۆنیش غه‌رامه‌ی‌ سه‌رپێچیكارانیان كردووه‌.
مانگی‌ رابردوودا لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر 12 ته‌ن ‌و 230 كیلۆگرام مه‌وادی‌ خراپ ‌و ئێكسپایه‌ردا گرت دوای ئه‌وه‌ی ‌  سه‌ردانی‌ 700 شوێنكاریان كردووه‌ ‌و 50 پسوڵه‌ی‌ سه‌رپێچیشیان بۆ خاوه‌نكاره‌كان كردبوو‌.