بۆ یەکەمجارە لە گوندێکی شارۆچکەی بیارەی هەورامان، ژنێک کەبابخانەیەک دادەمەزرێنێت و دەبێـتە وەستای کەباب.
ئهو ژنه ناوی “روناک فەرەج رەحمان” هو لەدایکبووی شارۆچکەی بیارەیە، ئەو وەکو یەکەم ژن لەناوچەکەدا کەبابخانەیەکی دامەزراندووەو بەدەستی خۆی کەباب و خواردن بۆ ئەو کەسانە ئامادە دەکات کە سەردانی کەبابخانەکەی دەکەن.
روناک فەرەج له لێدوانێکیدا رایگهیاندووه “من ژنم، پێویستیشە وەک ژن بیر بکەمەوە، وەک ژن ئیش بکەم، هەوڵیش بدەم وەک ژن خۆم بسەپێنم، جگە لەمانە هیچ شتێکی تر بۆ من مایەی ئەوە نیە خۆتی پێوە سەرقاڵ بکەیت”.
کەبابخانەکەی وەستا رووناک، ماوەی پێنچ مانگە دامەزراوە، دەکەوێتە گوندی (خرپانی) کە (12)کم لە هەڵەبجەوە دوورە، ئەگەرچی کەبابخانەکە لە ئێستا فراوان نیە، بەڵام لەبەر جوانی سروشتی ناوچەکەو پاکو خاوێنی کەبابخانەکەو وەستاکەی، رۆژانە چەندین گەشتیارو تەنانەت خەڵکی ناوچەکەو دەروبەریشی سەردانی ئەم شوێنە دەکەن.
رووناک بە جلە کوردییەکانیەوە پێشوازی لە میوانەکان کردو بە پێکەنینەوە وتی”روبەرووی هەندێک قسەو قسەڵۆکو تەنانەت چەند کەسێکیش ناڕەزاییان دەربڕیوە چۆن ژنێک کەبابخانەیەک بەڕێوە ببات، گوێم نەداوەتێ و بۆشم گرنگ نیە”.
ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بڕوای تەواوی بە تواناو لێهاتووی خۆی هەیەو ئیتر پێویست دەکات خەڵک لەوە تێبگات و وتی”من ژنم، پێویستیشە وەک ژن بیر بکەمەوە، وەک ژن ئیش بکەم، هەوڵیش دەم وەک ژن خۆم بسەپێنم، جگە لەمانە هیچ شتێکی تر بۆ من مایەی ئەوە نیە خۆتی پێوە سەرقاڵ بکەیت”.
رووناک باس لەوە دەکات کە بیرۆکەی دامەزراندنی کەبابخانەکەو بەڕێوەبردنی لەلایەن ژنێکەوە بیرۆکەی خۆیەتی و هاوسەرەکەشی پاڵپشتی بووە، ئەو بە تەنها کار لە کەبابخانەکەدا ناکات بەڵکو پڕۆژەکەی فراوان کردووەو بیری لە دروستکردنی کارگەیەکی شیری فرێش کردوەتەوەو بۆ ئەم مەبەستەش قۆناغی یەکەمی ئەو پڕۆژەیەشی تەواو کردووەو دەڵێت”نزیکەی دوو سەد مانگای جمهوری دەکڕم و شوێنی گونجاو ستانداردم بۆ دابین کردوون، بۆ ئەوەی بتوانین شیری فرێش بەرهەمبهێنم”.
لەپاڵ ئەمانەشدا ئهو ژنه زۆربەی جۆرەکانی پەلەوەری کوردی بەخێو دەکات و زەوییەکی زۆریشی کردووە بە بەروبوومە کشتوکاڵیەکان، وتی”ئەو بەروبومانەی پێویستن بۆ کەبابخانەکەو رۆژانەی خێزانەکەم و ئاژەڵەکانم هەموویم چاندووەو پێویستم بەکڕینیان نیە”. بە پێکەنینەوە وتیشی”خۆشم کرێکاری دەکەم دەستی بۆ خانوەکەی راکێشاو وتی بە شانی خۆم و هاوسەرەکەم ئەو خانوە کراوە”.
ئەگەرچی رووناک خەڵکی ناوچەکەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆر لە وڵاتی سوید ژیاوە، لەناوچەکەو خەڵکەکەشی دابڕاوەو، دەیەوێت قەرەبووی ئەوە بکاتەوەو وتی”پەیوەندیم زۆر باشە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە هەمووش رێزم دەگرن بەتایبەت ژنان، زۆرجاریش دێن و لە کەبابخانەکەمدا دانیشتوون و قسەمان کردووە”.
باسی لەوەشکرد کە کەبابخانەکەی بوەتە شوێنی گفتوگۆو بیروڕا گۆڕینەوەی ژنانی ناوچەکەو وتی”ژنان لێرە بە ئازادانە باسی زۆر شت ئەکەین پێکەوەو کاتێکی زۆر خۆشیش دەبەینە سەر”.
وتیشی”لە رێگەی کارەکەمەوە هاوکاری هەر کەسێکم کردووە پێویستی پێم بووبێت تەنانەت ژمارەیەک ماوەیەکیش لە ژنانی ناوچەکە لێرە کاریان دەکرد”.
روناک لەئێستادا بەهۆی سەرقاڵیەوە بەخێو کردنی ئاژەڵەکانی سپاردووە بە خێزانێک بەڵام هەر لە باخەکەی خۆیدان و خۆی سەرپەرشتیان دەکات، وتی”خۆم سەرپەرشتی هەموو شتێک دەکەم، بەڵام هاوسەرەکەم هاوکارمە”.
لەکاتی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامهوانیدا لهگهڵیدا روناک هەواڵی ئەوەی پێدرا کە ژمارەیەک واژۆ لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە ئاڕاستەی قایمقامیەت کراوە، بۆ داخستن یاخود لابردنی ژنێک وەک وەستای کەباب لەو کەبابخانەیەدا، بەڵام وەک باسی لێوە دەکات بۆی گرنگ نیە، وتی “من دەزانم ئەوانەی ئەوەیان کردووە چەند کەسێکن ژمارەیان لە پەنچەکانی دەست کەمترەو من بە هەڕەشە دەزانن بۆ جوڵاندنی فکری ژنەکانیان، لەبەر ئەوەی چیان لەدەست دێت با بیکەن، هەرگیزاو هەرگیز لە بڕیارەکەم پاشگەز نابمەوە”.
رووناک فەرەج، چەندین ساڵی تەمەنی وەک پێشمەرگەیەکی ژن لە شاخ بەرسەر بردووەو بەهۆی بارودۆخی ساسییەوە، لە زیندانی ئەبو غریب زیندانی کراوە، وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات سەرەڕای قورسی ژیان و نەهامەتیەکانی ژیانی شاخ و پێشمەرگایەتی و زیندانی نەبوونەتە هۆی نا ئومێدیو بێتاقەتی بە پێچەوانەوە “شانازی بە مێژووەکەمەوە دەکەم بە ئێستاشەوە، چونکە وەک ژنێکی چالاک بەشداری سیاسیم کردووەو خەباتم بۆ یەکسانی نێوان ژن و پیاو کردووەو بەردەوامیشم لەسەری”.