ناوچه‌ی گه‌رمیان ده‌بێته جێی بایه‌خی كۆمپانیا جیهانییه‌كانی بواری نه‌وت، به‌ڵام به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ژینگه‌یان خستوه‌ته په‌راوێزی به‌راپرسیارێتییانه‌وه‌و ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌یان ته‌نها دۆزینه‌وه‌و ده‌رهێنان‌و قازانجی گه‌وره‌یه، ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌ش كاری له‌سه‌ر نه‌كردوه‌و گرنگی پێنه‌داوه، پسپۆرێكی بواری ژینگه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت هۆشداری ده‌دات له‌مه‌ترسی ئێستا‌و ئایینده‌ی ژینگه ناوچه‌كه كه نه‌توانرێت به‌ئاسانی چاره‌سه‌ربكرێت.
له‌سه‌ردانێكی مه‌یدانیماندا بۆ كێڵگه‌ی نه‌وتی حه‌سیره ده‌ركه‌وت كه كۆمپانیای ناوبراو دو چاڵی گه‌وره‌یان هه‌ڵكه‌ندوه هه‌رچی پاشماوه‌ی زبڵ‌و خاشاكی كۆمپانیاكه‌و پاشماوه‌ی نه‌وته‌كه هه‌یه تێیدا فڕیده‌درێت.
به‌وته‌ی حسێن محه‌مه‌دی دانیشتوی گوندی حه‌سیره گونده‌كه‌یان پێنج ساله‌بیره نه‌وتی تێدا هه‌ڵكه‌ندراوه‌و تائێستا له‌روی ژینگه‌و سه‌وزاییه‌وه كۆمپانیاكانی سنوره‌كه هیچ خزمه‌تێكیان نه‌كردوه، ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌ك نه‌وت ده‌رده‌هێنرا پاشماوه‌كه‌ی فڕێده‌درایه چاڵێكی گه‌وره‌وه.
پسپۆرێكی بواری ژینگه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت به‌تێپه‌ڕبونی كات ده‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی خاكی ئه‌و ناوچه‌یه‌و زیادبونی ئه‌گه‌ری توشبونی به‌دیارده‌ی به‌بیابان بون‌و تێكچونی سیستمی ژینگه‌و له‌ناوچونی زینده‌وه‌ران‌و زیادبونی ئه‌گه‌ری رودانی بومه‌له‌رزه، له‌لایه‌كی تره‌وه پرۆسه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت پرۆسه‌یه‌كی كۆمپلێكسه‌و پاشماوه‌یه‌كی زۆری هه‌یه له‌قوڕولیته‌و ئاو‌وغازی رادۆن‌و ماده‌ی تیشكده‌ر.
پسپۆری بواری ژینگه‌و ئاودێری عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت ده‌ڵێت “به‌داخه‌وه تائیستا كه‌س نازانێت ئایا چی به‌م هه‌مو پاشماوانه ده‌كرێت؟، ئایا به چ شێوه‌یه‌ك له‌ناوده‌برێت؟، ئایا وه‌كو پاشه‌رۆكانی تر به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی له‌ناوده‌برێت”.
به‌پێی ماده‌ی 26ی یاسای نه‌وت‌و غازی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌ناوچه‌كانی كوردستان مۆڵه‌تی گه‌ڕان‌و به‌رهه‌مهێنانیان پێده‌درێت پابه‌ندبن به‌خزمه‌تكردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كاری تێداده‌كه‌ن له”دابینكردنی سه‌لامه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌كه‌رته‌كه كارده‌كه‌ن، پاراستنی ژینگه، هاوڵاتیانی هه‌رێم‌و عێراق له‌بارتربن له‌راهێنان‌و دامه‌زراندن‌و كاركردن، پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان”.
هه‌رچی كۆمپانیای بواری نه‌وته كه له‌سنوری گه‌رمیاندا كارده‌كه‌ن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاریان له‌سه‌ر ژینگه‌و پاكراگرتنی ناوچه‌كه نه‌كردوه‌و ته‌نها دارێكیش له‌ده‌وروبه‌ریان نابینرێت.
رێكخراوی ژینگه‌دۆستانی گه‌رمیانیش نیگه‌رانه له‌و كۆمپانیایانه كه رێگه ناده‌ن هیچ كه‌سێك نزیكبێته‌وه لێیان تاوه‌كو كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.
به‌رپرسی رێكخراوی ژینگه‌دۆستانی گه‌رمیان ئازاد ئه‌حمه‌د له‌لێدوانێكدا بۆ ئاوێنه رونیده‌كاته‌وه كه ئه‌و ماده‌یه‌ی به‌كارده‌هێنرێت بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت هێنده مه‌ترسیداره نابێت له‌و خاك‌و وڵاته‌دا بهێڵرێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت به‌پێی گرێبه‌سته‌كان كۆمپانیاكه بیباته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، كاتی خۆی ئه‌و ماده‌یه چه‌ندین ئاژه‌ڵی له‌ناوبردوه.
له‌وباره‌یه‌وه ئه‌و پسپۆره‌ی بواری ژینگه رونیده‌كاته‌وه كه كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت له‌گه‌رمیان هیچ كارێكیان له‌سه‌ر ژینگه نه‌كردوه، جگه له‌ده‌رهێنانی نه‌وت‌و تێكدانی سروشتی ناوچه‌كه، له‌كاتێكدا كۆمپانیاكانی ئه‌و بواره له‌جیهاندا سیستمی تایبه‌تیان هه‌یه بۆ پاراستنی ژینگه.
له‌مانگی رابوردودا گروپێك گه‌نجی حزبی شیوعی كوردستان له‌گه‌رمیان هه‌ستان به‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردنی گه‌رمیان‌و نزیكه‌ی 100 نه‌مامیان له‌سنوری گوندی حه‌سیره‌و نزیك كامپی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كه به‌مه‌به‌ستی پاكبونه‌وه‌ی ژینگه‌ی ناوچه‌كه ناشت، به‌ڵام پاش چه‌ند كاتژمێرێك به‌هۆكاری نه‌شیاوی شوێنه‌كه ئاسایشی سه‌رقه‌ڵا نه‌مامه‌كانیان هه‌ڵكه‌ند، ئه‌مه وته‌ی شه‌ماڵ ره‌وف ئه‌ندامی ئه‌و گروپه‌یه.
سه‌باره‌ت به‌فشاری ئیداره‌ی ناوچه‌كه بۆ سه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه وته‌بێژی ئیداره‌ی گه‌رمیان هه‌ڤاڵ ئیبراهیم وتی “وه‌كو ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌كۆبونه‌وه‌كاندا له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی ئه‌و بواره پێمانراگه‌یاندون كه ژینگه‌ی ناوچه‌كه بپارێزن‌و ئه‌وله‌وییه‌تی ژینگه‌یی‌و ته‌ندروستی بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه بێت، به‌ڵام دیاره سروشتی گه‌ڕان‌و دۆزینه‌وه‌و ده‌رهێنانی نه‌وت لای كۆمپانیاكان هه‌ر ئه‌م شێوازه بێت كه پیاده‌ی ده‌كه‌ن‌و له‌هه‌مو دونیاشدا هه‌ر به‌و شێوه‌یه نه‌وت ده‌رده‌هێنرێت”.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی گه‌رمیان ره‌حیم حه‌مید له‌لێدوانێكدا بۆ ئاوێنه رایگه‌یاند “كێڵگه‌ی نه‌وت‌و پاڵاوگه‌و سوتاندنی غاز له‌هه‌ر روبه‌رێكدا بێت له‌ده‌وروبه‌ریدا زیانی ده‌بێت بۆ سه‌ر نه‌شونمای كێڵگه‌ی كشتوكاڵی‌و سروشت‌و ژینگه”.
ئه‌وه‌ی پێویسته له‌ئێستادا ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم‌و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ كار له‌سه‌ر پاراستنی ژینگه‌و كشتوكاڵی نزیك كێڵگه نه‌وتییه‌كان بكات، به‌رپرسه‌كه‌ی كشتوكاڵ ده‌ڵێت “چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ده‌زگاكانی ژینگه ئه‌و كۆمپانیانه ئیجبار بكه‌ن دره‌خت‌و دارستان له‌و ناوچه‌یه‌دا بڕوێنن”.
به‌پێی راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی ژینگه‌ی عێراق له‌ژێر ناوی (پیشه‌سازی غاز له‌عێراق، ئێستا‌و به‌ربه‌سته‌كانی له‌سه‌ر ئایینده) ده‌رهێنانی نه‌وت كاریگه‌رییه‌كی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رهه‌مه سروشتی‌و پێكهاته ژینگه‌ییه‌كانی سه‌رو ژێر زه‌وی.
پزیشكێكیش به‌ڵگه‌ی مه‌ترسیداری پاشماوه‌ی نه‌وت‌و دوكه‌ڵه‌كه‌ی ده‌خاته‌ڕو‌و ده‌ڵێت ئه‌و ژه‌هرو پاشماوانه‌ی له‌ئه‌نجامی پرۆسه‌ی ده‌رهێنانه‌كه‌دا بڵاوده‌بێته‌وه، كاریگه‌ری خراپ‌و مه‌ترسیداریان هه‌یه.
له‌و باره‌یه‌وه پزیشكی گشتی گۆران عه‌بدوڵا رایده‌گه‌یه‌نێت توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستوه كه ئه‌و كه‌سانه‌ی دانیشتوی ئه‌و ناوچانه‌ن كه نه‌وتی لێده‌رده‌هێنرێت زیاتر له‌ناوچه‌ی دیكه توشی شێرپه‌نجه ده‌بن، یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی توشبونی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و ناوچانه ده‌ژین ئه‌و ژه‌هریه كه له‌پرۆسه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت‌و غازه‌وه دروستده‌بێت.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ماڵپه‌ڕی كوردئۆیڵ 57 بلۆكی نه‌وت‌و غاز له‌هه‌رێمی كوردستاندا بونی هه‌یه‌و 12 بلۆكیان ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی گه‌رمیانه‌وه، له‌ئێستاشدا له‌و ناوچه‌یه 11 كۆمپانیا به‌دوای نه‌وتدا ده‌گه‌ڕین‌و چه‌ندین بیریان دۆزیوه‌ته‌وه له‌وانه كۆمپانیاكانی تۆتاڵی فه‌ره‌نسی‌و زاگرۆس‌ویسترن‌و ئیكسۆن مۆبیلی ئه‌مریكی‌و گازبرۆمی روسی‌و گه‌نه‌ڵ ئینیرجی‌و بیونیڵی توركی.
لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیان ئه‌كره‌م ساڵح ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه به‌پێی پلانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان پرسی ژینگه نه‌كراوه‌ته ئه‌وله‌وییه‌ت، به‌ڵام هه‌ر گرفتێك روبدات له‌كاتی هه‌ڵكه‌ندی بیره‌نه‌وتێك ئێمه لێی ئاگادار ده‌كرێینه‌وه.
به‌پێی ستانداردی جیهاتی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان ژینگه‌و ته‌ندروستی له‌ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كاندایه، به‌ڵام ئه‌و پسپۆره‌ی بواری ژینگه ئاماژه به‌پشتگوێخستنی ئه‌و بواره ده‌كات له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت له‌جیهاندا كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی ژینگه‌یی ئه‌و ناوچانه‌ی كاری تێداده‌كه‌ن‌و ده‌بێت له‌گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كاندا ئاماژه‌ی پێبكریت.
ئه‌و لێپرسراوه‌ی فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیان رایده‌گه‌یه‌نێت كه تیمێكیان دروستكردوه كار له‌سه‌ر ژینگه به‌گشتی ده‌كه‌ن‌و له‌ماوه‌ی داهاتودا كار له‌سه‌ر بیره‌نه‌وت‌و كۆمپانیاكانی ئه‌و بواره ده‌كه‌ن، چونكه به‌دڵنیاییه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌وا ده‌بێت، به‌ڵام ناكرێت به‌و هۆكاره‌وه نه‌وت ده‌رنه‌هێنرێت.
ساڵح باس له‌وه‌شده‌كات ره‌نگه سیاسه‌تی حكومه‌ت ئه‌وه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكان بێنه‌وڵاته‌كه‌وه كاربكه‌ن مه‌رجی قورسیان له‌سه‌ر دانه‌نرێت.
په‌رله‌مانتار له‌لیژنه‌ی ته‌ندروستی‌و ژینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان هاوڕاز شێخ ئه‌حمه‌د نیگه‌رانی لیژنه‌كه‌یانی له‌دادگاكانی كوردستان ده‌ربڕی‌و‌وتی “كۆمپانیاكانی نه‌وت كاریگه‌ری خراپیان له‌سه‌ر ژینگه هه‌یه‌و فشارمان خستوه‌ته سه‌ر ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێم‌و ئه‌وانیش چه‌ند كۆمپانیایه‌كیان داوه‌ته دادگا، به‌ڵام دادگاكان زۆر ده‌گمه‌ن هیچ كۆمپانیایه‌كیان له‌كاركردن راگرتبێت، چونكه له‌كوردستان ته‌نها بیر له‌ده‌رهێنانی نه‌وت كراوه‌ته‌وه‌و نه‌ك ژینگه”.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 10 هه‌زارو 699 كم2 داوه‌ته كۆمپانیاكان به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان‌و پشكنین، چه‌ندین بیره نه‌وت له‌سنوری گه‌رمیان-ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بونی هه‌یه‌و له‌سه‌رده‌می رژێمی پێشودا دۆزراوه‌ته‌وه‌و هه‌ڵكه‌ندراوه، به‌ڵام ده‌رهێنانی نه‌وت تێیدا ئه‌نجامنادرێت.
ئاوێنە