ئەو حەوت كۆمپانیایەی كە لە دۆزینەوە و دەهێنانی نەوتدا یەكەمن كامانەن ؟

گه‌ڕان به‌دوای نه‌وت، دۆزینه‌وه‌و ده‌رهێنانی، پرۆسه‌یه‌كی گه‌لێك ئاڵۆزه‌، پێویستی به‌پسپۆڕیی‌و شاره‌زایی له‌ئاستێكی به‌رزدایه‌و دوا ته‌كنیك‌و ته‌كنه‌لۆجیایه‌كی مۆدێرن‌و زۆر پێشكه‌وتووی گه‌ره‌كه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا پرۆسه‌ی گه‌ڕان‌و ده‌رهێنان‌و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتیش پێویستی به‌سه‌رمایه‌یه‌كی زۆره‌، به‌شێكی زۆری وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت هه‌موو ئه‌مانه‌یان پێكه‌وه‌ نییه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت به‌ناچاری پشت به‌وڵاتانی رۆژئاوا ببه‌ستن، چونكه‌ ئه‌وان له‌م بواره‌دا به‌ئه‌زمون‌و زۆر پێشكه‌وتوون، حه‌وت كۆمپانیا هه‌ن له‌جیهاندا له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی هه‌ره‌می دۆزینه‌وه‌و ده‌رهێنانی نه‌وتدان، كه‌ گومان ده‌كرێت ئه‌م حه‌وت كۆمپانیایه‌ كه‌ به‌حه‌وت ده‌سته‌ خوشكه‌كه‌ ناوده‌برێن، داڕێژه‌ری كۆی سیاسه‌تی جیهانی‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌ردونی بن.
ئه‌م حه‌وته‌ كۆمپانیا گه‌وره‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی 100 ساڵه‌ دۆزینه‌وه‌و ده‌رهێنانی نه‌وتیان له‌ئاستی جیهاندا كۆنترۆڵ كردووه‌، هه‌مویان (ئه‌مه‌ریكی‌و ئه‌وروپین)، كه‌ له‌ساڵی 1928دا له‌سكۆتله‌ندا به‌ده‌ستپێشخه‌ری Sir Henri Deterding سه‌رۆكی كۆمپانیای Shell، ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كیان له‌نێوان خۆیاندا ئیمزا كرد، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی جیهان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شبكه‌ن‌و كۆتایی به‌ململانێكانیان بهێنن.
ئه‌و 7 كۆمپانیایه‌ش بریتی بوون له‌: شیفرۆن Chevron، شێل Shell، بی پی BP، مۆبیل Mobil، گۆلف ئۆیه‌ل Gulf Oil، ته‌كساكۆ Texaco، ئسۆEsso”.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاكێشه‌، تا ئه‌مڕۆش ئه‌م حه‌وت كۆمپانیایه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینن له‌گه‌ڕان‌و دۆزینه‌وه‌و ده‌رهێنانی نه‌وتدا‌و هه‌مووشیان له‌هه‌رێمی كوردستاندا له‌بواری پشكنین‌و ده‌رهێنانی نه‌وتدا چالاكن.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، ئێستا له‌نۆ گه‌وره‌ كۆمپانیای نه‌وتی جیهان پێنجیان ئه‌مه‌ریكین: ستاندارد ئۆیه‌ل نیوجرسی، كه‌ گه‌وره‌ترین كۆمپانیای پیشه‌سازی‌و داراییه‌، ته‌كساس ئۆیه‌ل، ستاندار ئۆیه‌ل كالیفۆرنیا، گۆلف ئۆیه‌ل، ئیسكۆن مۆبیل ئۆیه‌ل، چوار گه‌وره‌ كۆمپانیاكه‌ی تری جیهانیش له‌بواری نه‌وتدا بریتین له‌: شێل كۆمپانیایه‌كی ئینگلیزی هۆڵه‌ندییه‌، كۆمپانیای نه‌وتی به‌ریتانی، كۆمپانیای نه‌وتی فه‌ره‌نسی تۆتال، كه‌ هه‌ر هه‌شتیان ده‌ستیان به‌سه‌ر 80% كۆی نه‌وتی جیهاندا گرتووه‌و، نۆیه‌م گه‌وره‌ كۆمپانیای نه‌وت‌و گازی جیهانیش روسییه‌، كه‌ “گازپرۆم”ه‌.
 
 
سەرچاوە.. گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی