هاوردەكردن لەباشماخەوە،دو بروانامەی نێودەوڵەتی دەوێت

سه‌رپه‌رشتیاری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، پێویسته‌ ئه‌و كۆمپانیانه‌ی‌ كه‌ره‌سته‌ی‌ بیناسازی‌‌و كاره‌بایی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵی‌ باشماخه‌وه‌ هاورده‌ی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن، دوو بڕوانامه‌ی نێوده‌ڵه‌تییان پێ بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕێگه‌یان پێنادرێت كه‌ره‌سته‌كانیان هاورده‌ی‌ هه‌رێم بكه‌ن.
(ڕۆسته‌م مه‌حمود) سه‌رپه‌رشتیاری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی‌  یه‌كه‌ی‌ دڵنیایی‌ جۆری‌‌و یه‌كه‌ی‌ چاودێریی‌ ته‌ندروستی‌ له‌مه‌رزه‌كه‌دا، توانیویانه‌ كارگه‌رییه‌كی‌ باشیان هه‌بێت له‌ڕووی‌ به‌رزیی‌ كوالێتی‌ ئه‌و خۆراك‌و كه‌ره‌ستانه‌ی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و مه‌رزه‌وه‌ هاورده‌ی‌ هه‌رێم ده‌كرێن، چونكه‌ له‌ئێستادا هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ خواردن پێش ئه‌وه‌ی‌ بێته‌ ناو خاكی‌ هه‌رێمه‌وه‌، نمونه‌ی‌ لێوه‌رده‌گیرێت‌و ڕه‌وانه‌ی‌ تاقیگه‌كان ده‌كرێت، پاش دڵنیابوون له‌چاكیی‌ ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌، ڕێگه‌یان پێده‌درێت هاورده‌ی‌ هه‌رێم بكرێن. 
وتیشی‌:”پێشتر كۆمپانیاكان له‌كاتی‌ هاورده‌كردنی‌ كه‌ره‌سته‌ی‌ بیناسازی‌‌و كاره‌باییدا، جۆره‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كیان هاورده‌ ده‌كرد، كه‌ هیچ بڕوانامه‌یه‌كی‌ نه‌بوو، به‌ڵام پێویسته‌ بڕوانامه‌كانی‌ (J.S)و (B.V) پێ بێت”.
(ڕۆسته‌م مه‌حمود) ڕوونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و كۆمپانیایه‌ی‌ ده‌یه‌وێت كه‌ره‌سته‌ی‌ بیناسازی‌‌و كاره‌بایی‌ هاورده‌ی‌ هه‌رێم بكات، پێویسته‌ ئه‌و دوو بڕوانامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ی‌ پێبێت، چونكه‌ ئه‌و بڕوانامانه‌ پشتگیری‌ له‌به‌رزیی‌ كوالێتی‌ ئه‌و كارگانه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی‌ لێ دروستده‌كرێت. 
سه‌رپه‌رشتیاری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، لیستێكیان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ پێوانه‌سازی‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ هاتووه‌‌و ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی‌ دیاریكردووه‌، پێویسته‌ بڕوانامه‌كانی‌ (J.S)و (B.V) له‌گه‌ڵدا بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕێگه‌ به‌هیچ كۆمپانیایه‌ك نادرێت ئه‌و جۆره‌ كه‌ره‌ستانه‌ هاورده‌ی‌ هه‌رێم بكات.