هاوكاری وڵاتەكەیان كردوە..چەند كۆمپانیایەكی‌ ئێرانی سزادران

به‌هۆی هاوكاریكردنی ئێران بۆ په‌ره‌پێدانی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌و له‌چوارچێوه‌ی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، یه‌كێتیی ئه‌وروپا (17) كۆمپانیای دیكه‌ی ئێرانی خسته‌ لیستی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌.
ئاژانسی (فارس نیوز) بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكردۆته‌وه‌، ناوی‌ (17) كۆمپانیای ئێرانی‌ بۆ لیستی ئه‌و كۆمپانیا ئێرانیانه‌ی سزادراون زیادكردووه‌.
ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، سزاكان هه‌ریه‌ك له‌كۆمپانیای به‌ڕێوه‌بردنی دروستكردنی كوره‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران‌و (16) كۆمپانیای دیكه‌ی كه‌شتیوانی له‌خۆگرتووه‌.
ئاژانسه‌كه‌ ڕوونیكردۆته‌وه‌، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی یه‌كێتیی ئه‌وروپاشه‌وه‌، سێ كۆمپانیای دیكه‌ی ئێران به‌ناوه‌كانی (كۆمپانیای ئێران ترانسفۆ، كۆمپانیای تۆربۆ كۆمپرۆسۆر نه‌وتی ئاسیا‌و كۆمپانیای دروستكردنی تۆربۆ په‌مپ‌و كۆمپرۆسۆر ساتاك) له‌لیستی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ڕه‌تكردۆته‌وه‌.
سزادانی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌نێوان ئێران‌و ئه‌مریكادا ڕێكه‌وتن كراوه‌ له‌باره‌ی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران، به‌وته‌ی چاودێران، چاوه‌ڕوانده‌كرا سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئێران كه‌مبكرێنه‌وه‌.