له‌چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی بازاری هه‌ولێر بۆ كاغه‌زه داراییه‌كان كه به بۆرسه‌ی هه‌رێم ناسراوه ، ئێواره‌ی دوێنێ له شاری هه‌ولێر، بۆیه‌كه‌م جار كۆنفرانسێك بۆ گۆڕینی كۆمپانیای سنوردار بۆ كۆمپانیای پشكدار به‌رێوه‌چوو .
له‌و كۆنفرانسه‌دا كه له سه‌نته‌ری رۆشنبیری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر سازكرا ، چه‌ندین گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه له‌باره‌ی گرنگی بۆرسه و بوونی كۆمپانیای سنوردار و پشكدار كرا .
سه‌باره‌ت به‌و كۆنفرانسه عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی بازاڕی هه‌ولێر بۆ كاغه‌زه داراییه‌كان (بۆرسه‌ی هه‌رێم) به خه‌ندانی راگه‌یاندوە: ئامانج له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مرۆ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی هه‌ولێر گفتوگۆكردنه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان تاكو خۆیان له سنورداره‌وه بكه‌ن به پشكدار، تاكو بتوانێ به‌شداری له بۆرسه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات ، چونكه ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ كردنه‌وه ئه‌و بۆرسه‌یه له‌ته‌واوبوندایه هه‌وڵده‌درێت له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی داهاتوو به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی بكرێته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بۆ به‌رێوه‌بردنی بۆرسه‌ی هه‌رێم گرێبه‌ستێكمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای( نازداك ئۆمێكسی) به‌ناوبانگی ئه‌مریكی ئیمزاكردووه كه یه‌كێكه له‌كۆمپانیا گرنگه‌كان كه 75 بازاڕی جیهانی له‌روی سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی و كاركردن به‌رێوه‌ده‌بات ، به‌م رێكه‌وتنه بۆرسه‌ی هه‌رێم سیسته‌مێكی ئه‌لكترۆنی كاركردنی ده‌بێت و لینكێكی ده‌بێت تاكو به هه‌موو بازاڕه‌كانی جیهان ببه‌سترێته‌وه.
روونیشیكرده‌وه: سه‌رمایه‌ی بۆرسه‌كه 10 ملیار دیناره و حكومه‌تی هه‌رێم له رێگای هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و كاروباری شه‌هیدان به رێژه‌ی له سه‌دا 20 به‌شداری له بۆرسهكهدا تێدا كردووه.
به‌وته‌ی شاره‌زایانی بواری ئابووری بوونی بازاری كاغه‌زه داراییه‌كان ( بۆرسه) ده‌بێته هۆكارێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كۆمپانیا پشكداره‌كان(مساهمه) ، ئه‌وانه‌ی سه‌رمایه‌كانیان به پشك ده‌فرۆشن ، به‌مه‌ش هاوڵاتیان ده‌توانن به گوێره‌ی توانا و سه‌رمایه‌كانیان به‌شداری له‌و كۆمپانیایانه بكه‌ن و پشك بكڕن ، ساڵانه‌ش به‌گوێره‌ی داهاتی كۆمپانیاكه قازانجی خۆیان وه‌ربگرن ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆكارێك بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار .