بڕیاره ئه‌مڕۆ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكی كابینه‌ی حه‌وته‌می حكومه‌تی هه‌رێم، ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی گرنگ له‌گه‌ڵ توركیا تایبه‌ت به‌نه‌وت واژۆبكات، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش ئاماژه به‌وه ده‌كات، ڕێكه‌وتنه‌كه له‌ڕووی ئابورییه‌وه، سوودی بۆ ههرێمو عێراقیش ده‌بێت.
(قاسم محه‌مه‌د) بڕیارده‌ری لیژنه‌ی نهوتو غاز، له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به NNA ڕاگه‌یاندوە، ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی نێوان ههرێمو توركیا، سوودی ده‌بێت بۆ بواری ئابوری ههرێمو عێراقیش، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستكردنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم سوودی ده‌بێت، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ی عێراق، وتیشی:”ده‌ستكردن به‌هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، له‌ڕێگه‌ی هێڵی بۆریه نوێیه‌كه‌وه، هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق زیاددهكاتو كورتهێنانی بودجه پڕده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی باشی ده‌بێت بۆ زیادبوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان، له‌ڕووی چه‌ندو جۆره‌وه بۆ خه‌ڵكی عێراق”.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ههوڵو فشاره‌كانی حكومه‌تی به‌غدا، بۆ ڕێگریكردن له‌پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێم له‌بواری نهوتو وزهداو ده‌ستكردن به‌هه‌نارده‌ی نه‌وت، له‌ڕێگه‌ی خاكی توركیاوه شكستیانهێناوه، وتیشی:”ئه‌مڕۆش خۆشبه‌ختانه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئه‌و پرۆتۆكۆڵه له‌گه‌ڵ توركیا واژۆ ده‌كات”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هێشتا حكومه‌تی عێراق به‌بیری ده‌سه‌ڵاتی پێشوو بیرده‌كاته‌وه‌و به‌نیازه هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ناوه‌ند كۆبكرێنه‌وه، له‌سه‌ر حسابی ههرێمو پارێزگاكان.
شه‌وی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی كابینه‌ی حه‌وته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌یاوه‌ری شاندێكی باڵا گه‌یشته توركیا، بڕیاریشه ئه‌مڕۆ هه‌ردوولا ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی گرنگ واژۆبكه‌ن، سه‌باره‌ت به‌ده‌ستكردن به‌هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، له‌ڕێگه‌ی خاكی توركیاوه بۆ بازاڕه‌كانی جیهان.