بانكی ناوەندیی عیراق ئاشكرای دەكات، بەنیازە لە ساڵی داهاتوودا پارەی كانزایی دەربكات، كە بەهەردوو زمانی كوردی و عەربی لەسەری دەنووسرێت و پێشنیازی ئەوەش كراوە یەكەی 50 هەزار دیناری چاپ بكرێت (عەبدولباست توركی) پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق بەسایتی (مەدا پرێس)ی ڕاگەیاندووە: گەورەترین یەكەی دیناری عیراقی لەئێستادا (25) هەزار دینارییە كە بەهاكەی (23) دۆلار تێپەڕ ناكات، بۆیە زیاد لە پێشنیازێك هەیە لەلای بانكی ناوەندی بۆ ئەوەی جۆرێكی دیكەی پارەی عیراق چاپ بكەن كە بەهاكەی زۆرتربێت، وەك دەركردنی (50) هەزار دیناری وتیشی: بانكی ناوەندی كار دەكات لەسەر دەركردنی پارەی كانزایی وردە و بچووك، كە بەهەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لەسەریان دەنووسرێت، ئەوەش لەبەر پێویستی بازاڕ بەوجۆرە پارانە بۆ ئاسانكاری لە مامەڵەكردنی رۆژانەدا، كە پێشتر بانكی ناوەندی كاری پێ دەكردن بانكی ناوەندیی عیراق، وەكو بانكێكی سەربەخۆ بەپێی یاسا لە مانگی ئاداری ساڵی 2004دا دامەزراوە.