هاشمی: جگه‌ له‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ مالیكی‌و فیدڕاڵییه‌ت، عیراق هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كی دیكه‌ی نییه‌

تاریق هاشمی، جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق دانی به‌وه‌دا نا، كه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی ئێستای عیراق، دوورخستنه‌وه‌ی نوری مالیكی و په‌یڕه‌وكردنی سیستمی فیدڕاڵییه‌ته‌.
له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ سایتی جه‌زیره‌ نێت، تاریق هاشمی رایگه‌یاند: “له‌ ساڵی 2005دا دژی بنه‌مای فیدڕاڵییه‌ت بووم له‌ عیراق، به‌ڵام به‌هۆی سته‌م و گه‌نده‌ڵیی نوری مالیكییه‌وه‌، ئێستا داوای په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیستمه‌ ده‌كه‌م و ئه‌وه‌ش به‌ دوا چاره‌سه‌ر ده‌زانم بۆ رزگاركردنی وڵات و خه‌ڵك له‌ به‌هه‌ده‌ربردنی سه‌روه‌ت و  سامانی وڵات له‌لایه‌ن باڵاده‌سته‌كانی ئێستای حكومه‌تی به‌غداوه‌”.
سه‌باره‌ت به‌ رزگاربوونیشی له‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا تێی كه‌وتووه‌، هاشمی وتی: چاره‌سه‌ره‌كه‌ له‌ مالیكییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، چونكه‌ ئێستا ئه‌و بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كه‌ نه‌ك چاره‌سه‌ر، گله‌ییشی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی كرد به‌وه‌ی پشتیوانییان لێ نه‌كردووه‌و وازیان لێهێناوه‌ خۆی روبه‌ڕووی چاره‌نووسی خۆی ببێته‌وه‌.