بازاڕەكانی هەرێم دوكه‌ڵ دەكەن ‌

به‌گوێره‌ی ئامارێكی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌هێشتنی جگه‌ره‌كێشان، به‌گشتی (40%)ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان جگه‌ره‌ ده‌كێشن. ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی جگه‌ركێشان وایكردووه‌ ببێته‌ بازاڕێكی پڕ له‌قازانج بۆ بازرگانان.
به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی بازرگانیی هه‌رێم، له‌مانگی یه‌كی ئه‌مساڵه‌وه‌ تامانگی ئه‌یلول، وه‌زاره‌تی بازرگانیی ١٤٥ مۆڵه‌تی داوه‌ به‌كۆمپانیاو خاوه‌نكاران به‌مه‌به‌ستی هێنانی جگه‌ره‌ بۆ كوردستان.
٥١٠ ملیارو ٦٥٠ ملیۆن دینار
هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌، له‌ماوه‌ی ئه‌و كاته‌ دیاریكراوه‌دا به‌بڕی ٥١٠ ملیارو ٦٥٠ ملیۆن دینار جگه‌ره‌ هێنراوه‌.
له‌شاره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانی، بێجگه‌ له‌ماركێته‌كان، بازاڕی تایبه‌ت به‌بازرگانیی جگه‌ره‌ هه‌یه‌، بازاڕی فرۆشتن بێ سانسۆره‌و هه‌موو ته‌مه‌نێك ده‌توانێ جگه‌ره‌ بكرێ‌و بیفرۆشێ.
به‌وته‌ی چه‌ند بازرگانێكی جگه‌ره‌، ئێستا ئه‌و كاره‌ قازانجی «زۆرباش»ی تیایه‌ بۆ ئه‌و كه‌س‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ئه‌و بازرگانییه‌ ده‌كه‌ن‌و باج‌و گومرگیش له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ به‌كه‌می خراوه‌ته‌سه‌ری.
باج‌و گومرگ له‌سه‌ر جگه‌ره‌
له‌بازگه‌ گومرگییه‌كانی هه‌رێم، بۆ هه‌ر كارتۆنێك جگه‌ره‌ ١٦ دۆلار وه‌رده‌گیرێ، به‌ڵام حكومه‌تی عیراق ٣٠ دۆلار وه‌رده‌گرێ. ئه‌وه‌ جیاوازییه‌كی زۆری هه‌یه‌و وایكردووه‌ بازرگانان زیاتر جگه‌ره‌ بۆ هه‌رێم هاورده‌ بكه‌ن.
ئه‌و وڵاتانه‌ی جگه‌ره‌ی لێوه‌ ده‌هێنرێت بریتین له‌: توركیا، لوبنان، ئوردن‌و وڵاتانی كه‌نداو. بێجگه‌ له‌به‌كارهێنانی به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و جگه‌ره‌یه‌ له‌ناوخۆی كوردستاندا، به‌شێكیشی ده‌نێردرێت بۆ ئێران.
گه‌وره‌ترین كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی جگه‌ره‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌شاری سلێمانی دایه‌، به‌ڵام وانزیكه‌ی ١٠ ساڵه‌ له‌كاركه‌وتووه‌و هیچ به‌رهه‌مێكی نییه‌. دوای هه‌وڵدانی زۆر بۆ به‌كارخستنه‌وه‌ی به‌شێوازێكی نوێ، به‌ڵام تێدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نه‌هات‌و ئێستا ورده‌ ورده‌ ئامێرو كه‌ره‌سته‌كانی به‌ره‌و كۆنبوون‌و ژه‌نگ هه‌ڵێنان ده‌چن. بۆیه‌ جگه‌ره‌یش وه‌كو زۆر شتی دیكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ی هه‌رێم ده‌كرێ.
سه‌رمایه‌ی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌كاربه‌رو قازانجه‌ داراییه‌ی بۆ بازرگانان هه‌یه‌، به‌ڵام پسپۆڕانی ئابووریی جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ بازرگانییه‌ له‌ڕووی ئابورییه‌وه‌ قازانجی بۆ بازرگانان‌و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ زیاتره‌ تاناوخۆ.
ئه‌یوب سماقه‌یی پسپۆڕی ئابووریی‌و مامۆستا له‌زانكۆ سه‌ڵاحه‌دین ده‌ڵێت:»هێنانی جگه‌ره‌ مانای وایه‌ سه‌رمایه‌ی كوردستان ده‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌‌و چه‌ند بازرگانێكی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌، سوودمه‌ند ده‌بن لێی. بازرگانیی جگه‌ره‌ش بۆ هه‌رێمی كورستان زیانی زۆرتره‌ له‌ڕووی ماڵی‌و ژینگه‌و ته‌ندروستی‌و لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ك قازانج».
ئاماری جگه‌ره‌كێشان
به‌هۆی زۆری جگه‌ره‌كێش له‌كوردستان، چه‌ند كه‌سێ بیریان له‌وه‌كرده‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ی نه‌هێشتنی جگه‌ره‌كێشان له‌كوردستان ساڵی ١٩٩٩ دروست بكه‌ن. سه‌رۆكی كۆمه‌ڵكه‌ ده‌ڵێ:»جگه‌ره‌كێشان له‌م هه‌رێمه‌ بۆته‌ دیاره‌ده‌و هه‌ڕه‌شه‌ له‌داهاتووی دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌كات».
به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌هێشتنی جگه‌ره‌كێشان، به‌گشتی (40%)ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان جگه‌ره‌ ده‌كێشن، (20%)ی پزیشكه‌كان، (18%)ی خوێندكارانی زانكۆ‌و هه‌روه‌ها (35%)ی فه‌رمانبه‌رانی ته‌ندروستی جگه‌ره‌یان كێشاوه‌.
دكتۆر فه‌یسه‌ڵ بڵباس سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌ڵێت:»له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتنی جگه‌ره‌ ئاسانه‌و ته‌نانه‌ت منداڵانیش ده‌توانن بیكڕن، جگه‌ره‌كێشان وه‌كو دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوی لێهاتووه‌ له‌ناو چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌وه‌یش مه‌ترسییه‌ بۆ داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌. هه‌روه‌ها كۆنترۆڵی جۆری رێگر نییه‌ له‌هێنانی هه‌موو جۆره‌كانی».
یاساكه‌ی په‌رله‌مان
ساڵی ٢٠٠٨ په‌رله‌مانی كوردستان. یاسای ژماره‌ ٣١ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جگه‌ره‌كێشانی په‌سه‌ندكرد، به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ ریكلامكردن بۆ جگه‌ره‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌و كێشانیشی له‌شوێنه‌ گشتییه‌كاندا سزای جگه‌ره‌كێشی ده‌ست نیشانكردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌بینرێ كه‌متر خه‌ڵك‌و بازرگانان پابه‌ندن به‌و یاسایه‌وه‌.
نه‌ریمان تاڵب وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دادی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ:»جێبه‌جێ نه‌كردنی یاساكه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی پێویسته‌، په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌ئاستی هۆشیاریی خه‌ڵكه‌وه‌. پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ڕێگه‌ی راگه‌یاندن‌و هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان، گرنگی به‌زیانه‌كانی جگه‌ره‌ بده‌ن».
كوردستانی نوێ‌