هه‌ولێر: ئه‌مرۆ کاره‌کانی‌ کۆنفرانسی ئابوری نێوان هەرێم‌و ئێران ده‌ستپێده‌کات

به‌ئاماده‌بونی‌ جێگری سەرۆک کۆماری ئێران‌و زیاتر لە 100کۆمپانیای گەورەی ئەو وڵاتە، بریاره‌ ئه‌مرۆ، دووشه‌ممه‌، کۆنفرانسی ئابوری نێوان هەرێمی‌ کوردستان‌و کۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌شاری‌ هه‌ولێر ده‌ستپێبکات.
 بریاره‌ کۆنفرانسه‌که‌ به‌ئاماده‌بوونی‌ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ هه‌رێمی‌ کوردستان‌و جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، عەلی سەعیدلو، سازبکرێت، له‌و باره‌یه‌وه‌ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئێران، نازم دەباغ، رایگه‌یاند، پێشتر ئامادەکارییەکی باش کراوه‌ بۆ ئەوەی وەفدەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداری لەکۆنفرانسە ئابوورییەکەی هەولێردا بکه‌ن.
رۆژنامه‌ی‌ هه‌ولێر بڵاویکردۆته‌وه‌ که‌ بریاره‌ ئه‌مرۆ نێچیرڤان بارزانی‌‌و شاندی‌ یاوه‌ری‌ کۆتایی‌ به‌سه‌ردانه‌که‌یان بۆ کۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران بهێنن‌و بگه‌رێنه‌وه‌ شاری‌ هه‌ولێرو به‌شداری‌ له‌کۆنفرانسه‌که‌دا بکه‌ن.
 
شه‌ممه‌ی‌ رابردوو 10-11 نێچیرڤان بارزانی‌ به‌سه‌رۆکایه‌تی‌ وه‌فدێکی‌ باڵای‌ حکومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان گه‌یشتنه‌ کۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران‌و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌،عه‌لی‌ ئه‌کبه‌ری‌ ساڵحی‌و جێگری سەرۆک کۆمار ‌عەلی سەعیدلو کۆبوه‌وه‌.
عەلی سەعیدلو، یه‌که‌م به‌رپرسی‌ باڵای‌ سیاسی‌ کۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌ به‌ره‌سمی‌‌و لەو ئاستەدا سه‌ردانی‌ هەرێمی کوردستان بکات.
مانگی ڕابردووش فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، قاسم سولەیمانی، به‌نهێنی‌ گەییشتە هەرێمی کوردستان‌و لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق (جەلال تاڵەبانی‌و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبوه‌وه‌.