وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لەبارەی گەڕان بەدوای رێگەچارەی پرسی نەوت لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدوێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، داهاتی نەوت لە بانکێکی تورکیادا دەپارێزرێ و پاشان رۆژانە دەنێردرێتە بەغدا.
تانەر یڵدز، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، راکێشانی بۆڕی گواستنەوەی نەوت لەنێوان هەرێـمی کوردستان و تورکیا لە کۆتایی کارەکانی نزیک بووەتەوە، کە لەرێگەیەوە نەوتی هەرێـمی کوردستان دەگوازرێتەوە بەندەری جیهان.
یڵدز ئاماژەی بەوەدا، بەغدا لەبارەی داهاتی نەوت نیگەرانە و ئەگەر بیەوێ دەتوانێ چاودێر بێت بەسەر بژمێری وێستگە و عەمبارەکانی، جگە لەوەش ئەو داهاتەی لە نەوت بەدەستدێ لە بانکێکی تورکیا دەپارێزرێ و رۆژانە دەنێردرێتە بەغدا.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا جەختدەكاتەوە، 83% ی داهاتەکە دەنێردرێتە بەغدا و 17%یش دەنێردرێتە هەرێمی کوردستان، ئێمە ئەو پێشنیازە دەکەین و پێشمان وایە بەغداش پەسندی دەکات.
تانەر یڵدز، سەرۆکی خولی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتییەو ئێستا لە پاریسە، لەبارەی سەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەو رێکكەوتنانەی لە نێوان هەردوو لادا هەیە گوتی “تورکیا بەو هەوڵانەی دەیدا، دەیەوێ باری ئاساییکردنەوە لە عێراق بێنێتە دی، لە کاتێکدا تورکیا لەهەوڵدایە لەگەڵ وڵاتێكی 8 هەزار کیلۆمەتر دووری وەک ڤەنزوێللا کارە هاوبەشەکانی بەردەوامی پێدا، هیچ کاتێک بێهەڵوێست نابێت لە بەرمبەر وڵاتێكی وەک عێراق کە هەر تەنیا 200 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە”.