ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژووری بازرگانی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا كرردەوەو و بەرپرسی ژوری بازرگانی ئەمریکاش بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، ئامانجیان هێنانی کۆمپانیا بیانییەکانە و وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستانیش پێشبینی دەکات لە داهاتوودا گرنگی ئەم ژوورە دیار بکەوێت.
ستیڤ لوکاس، بەرپرسی ژووری بازرگانی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، دەتوانن کێبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان لە بوارەکانی وەبەرهێنان و بەرهەمهێناندا بکەن لەهەرێمی کوردستاندا و گوتیشی، تەنیا لە بواری نەوتدا کار ناکەن.
ستیڤ لوکاس دەڵێت “ئامانجی سەرەکیمان هێنانی کۆمپانیا بیانییەکانە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بیبینن کە چ جۆرە دەرفەتێک لەم هەرێمەدا هەیە و دەمانەوێت لەبوارە جیاوازەکاندا کار بکەین، وەک بازرگانی و کشتوکاڵ و لە داهاتوووشدا دەتوانین لە بواری خوێندن و تەندروستیشدا کار بکەین، ئێمە هاتووین پردێکی پەیوەندی بازرگانی دروست بکەین ئەوەش گرنگە بەلای ئێمەوە کە یاسا هەبێت و سیاسەتی باش هەبێت بۆ پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییە بازرگانییە.”
ئەم گفتوگۆیانەی ستیڤ لوکاس لە کردنەوەی ژووری بازرگانی ئەمریکادا بوو لە هەرێمی کوردستان کە پێی وابوو کردنەوەی ئەم ژوورە بازرگانییە گرنگی خۆی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێت و راشیگەیاند، کە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبن.
هاوكات سینان چەلەبی، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان گوتی، پێشبینی دەکەم لە ماوەی ٥ بۆ ١٠ ساڵی دیکە بازرگانی گەورە لە نێوان ئێمە و ئەمریکادا هەبێت و هەردوولا سوودمەند دەبین، ئەمەش دەبێتە بناخە چونکە ئەمە ژووری بازرگانی وڵاتێکی بچووک نییە.
تاوەکو ئێستا ٢٦٥٦ کۆمپانیای بیانی لە هەرێمی کوردستاندا هەن کە ١٠٥کۆمپانیای ئەمریکین و ئەم رێژەیەش لە دوای ساڵی ٢٠١١رووی لە زیاد بوون کردووە، بە بڕوای بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش کردنەوەی ئەم ژوورە بازرگانییە وادەکات ئاسان تر پەیوەندییە بازرگانییەکان لە گەڵ ئەمریکادا ببەسترێن.
کردنەوەی کۆمپانیا بیانییەکان و ژوورە بازرگانییەکان نەیتوانیوە پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆدا بەرهەم بێت، ئەمەش دەرفەتی داوە بە کاڵای بیانییەكان تاوەکو بازاڕی هەرێمی کوردستان قۆرخ بکەن.