گاز پرۆم كارەكانی راگرت

كۆمپانیای گاز برۆمی ڕوسی كه‌ خاوه‌نداریه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت، به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌منی‌و لۆجستیه‌وه‌ بڕیاریدا سه‌رجه‌م كاره‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی به‌دره‌ تا ساڵی داهاتوو ڕابگرێت.
كۆمپانیای گاز برۆمی ڕوسی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ بڕیار بوو پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو له‌ كێڵگه‌ی به‌دره‌ له‌مانگی كانونی یه‌كه‌می داهاتودا ده‌سپێبكات، به‌ڵام به‌هۆی پاراستنی گیانی كارمه‌ندو كرێكاره‌كان‌و به‌ڵێنده‌ره‌ ناوخۆییه‌كان ، بڕیاریدا كاره‌كانی تاساڵی2014 ڕابگرێت.
كۆمپانیای گاز برۆم ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد به‌شێك له‌ هۆكاری ڕاگرتنی كاره‌كانی سه‌رباری مه‌ترسی ئه‌منی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ دواكه‌وتنی ڕه‌زامه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كان‌و مه‌سه‌له‌ی گومرگی ‌و كه‌می كۆمپانیاو به‌ڵێنده‌ری ناوخۆیی.
له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی عێراقه‌وه‌ له‌ ساڵی 2003 ژماره‌یه‌ك له‌ كۆمپانیا نه‌وتیه‌ بیانیه‌كان هه‌لی كاركردنیان بۆ ڕه‌خسا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ عێراق كار بكه‌ن‌و كێڵگه‌ی نه‌وتی نوێ بدۆزنه‌وه‌و به‌شداری گرێبه‌سته‌ زه‌به‌لاحه‌كانی بواری نه‌وتی بكه‌ن له‌ عێراقدا.