پارێزگار: كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی،كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابوری شارەكە دەبێت

 پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی کاریگەریی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر ئاستی گەشەکردنی بواری ئابوری لەسلێمانی،هاوكات بەهرۆز محەمەد صاڵەح، شاری سلێمانی بە ناوەندێکی گەورەی بازرگانی وەصفكرد.
 
لەمیانی كردنەوەی خولی نۆیەمی پێشانگای  نێودەوڵی سلێمانیدا، كە ئەمڕۆ 20ی تشرینی دووەم كرایەوە، بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند سلێمانی بووەتە  سەنتەرێكی گرنگی بازرگانی لەناوچەكەدا و هۆكاری ئەمەشی بۆ بوونی ئارامی و كارئاسانییەكانی حكومەتی هەرێم و  سنورێكی بەرفراوان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران گەراندەوە
پارێزگاری سلێمانی  دەستخۆشی لە ژووری بازرگانی سلێمانی كرد، كە هەستاون بە كردنەوەی ئەو پێشانگایەو ،پێشانگاكەشی بە هۆكارێك زانی بۆ زیاتر ناساندنی سلێمانی و بارودۆخی گونجاو  بۆ بازرگانی لەنێوان سلێمانی  بازرگان و كۆمپانیاكانی دەرەوە
پارێزگار هیواشیخواست پەیوەندی نێوان ژوورە بازرگانییەكان و پارێزگانی عیراق و ژووری بارزگانی سلێمانی لەرێگەی ئەو پێشانگایەوە زیاتر بە هێز ببێت.
لەوەڵامی میدیاكانیشدا پارێزگار سەبارەت بە رەوەشی ئەمنی سلێمانی
 تەئكیدی كردووە  بارودۆخی ئەمنی سلێمانی ئارامە و ئەو كەسانەشی سەرپێچی یاسا دەكەن و تاوان ئەنجام دەدەن لە دەستی هێزە ئەمنییەكان و یاسا دەربازیان نابێت.
پارێزگار وتیشی: گرژییە سیاسەكان كاریگەری لەسەر بازرگانی و جموجۆڵی بازار دەبێت و خەڵك  لە ئیش وكار سارد دەكاتەوە، و هیوای خواست بە رێگەی یاسای و دیالۆگ چارەسەری ئەو گرژیانە بكرێت .
خولی نۆیەمی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی ئەمرۆ 20ی تشرینی دووەم لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی  بەرووی میوانان و بازرگاندا كرایەوەو  نزیكەی 162 كۆمپانیای ناوخۆی و دەرەكی بەرهەمەكانیان لە پێشانگاكەدا نمایش دەكەن و پێشانگاكەش ماوەی 4 رۆژ دەخایەنێت.
پێشانگاكە بەچاودێری حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە سەرپەرەشتی ژووری بازرگانی سلێمانی و ئامادەبوونی ژووری بازرگانی سەرجەم  پارێزگاكانی عیراق بەرێوەدەچێت.