ماڵپه‌ڕێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار ده‌كرێته‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بێكاری‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وه‌زاره‌تی‌ كارو كاروباری‌ كۆمه‌ڵاتی‌ داوا له‌ بێكارانی‌ كوردستان ده‌كات ناوی خۆیان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ به‌كارخستن تۆمار بكه‌ن، بڕیاریشه‌ ماڵپه‌رێكی‌ تایبه‌ت بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار له‌ كوردستان بكرێته‌وه‌ و له‌لایه‌ن رێكخراوێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێت.
عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌ڵاتی‌ رایگه‌یاند: له‌پێناو جێبه‌جێكردنی‌ سیاسه‌تی‌ به‌كارخستن له‌ كوردستان، وه‌زاره‌ته‌كه‌مان ده‌ست ده‌كات به‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕگه‌ و ماده‌كانی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌.
عه‌باس ئه‌كره‌م وتی‌: “بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ داوا له‌ بێكارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ شاره‌كانی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ و دهۆك ده‌كه‌ین سه‌ردانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ به‌كارخستن له‌ شاره‌كان بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی‌ تۆماركردنی‌ ناوه‌كانیان وه‌ك بێكار”.
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئامانج له‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ و ناونووسكردنی‌ بێكاران دڵنیابوون و ده‌ركه‌وتنی‌ رێژه‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ بێكارییه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌روه‌ها دیاریكردنی‌ ته‌مه‌ن و شێوازی‌ بێكارییه‌ له‌ كوردستان، وتیشی‌: “به‌پێی‌ كارنامه‌ی‌ وه‌زاره‌تمان كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران په‌سه‌ندكراوه‌ لیژنه‌كانی‌ گه‌ڕانی‌ وه‌زاره‌تمان به‌دوای‌ هه‌لی‌ كار بۆ بێكاران فراوان ده‌كرێت”. 
وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ ناوی‌ بێكاران له‌ڕێگه‌ی‌ سیستمی‌ داتابه‌یسه‌وه‌ تۆمار ده‌كرێت و “له‌ رێگه‌ی‌ بنكه‌كانه‌وه‌ ده‌توانین له‌پاڵ دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار، خولی‌ جۆراوجۆریش بۆ ئه‌وانه‌ بدۆزینه‌وه‌ كه‌ پێویستیان به‌ فێركردنی‌ پیشه‌ هه‌یه‌”.
روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ كار له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی رێككه‌وتنێكی‌ ئیمزاكردووه‌ بۆ دروستكردنی‌ سایتێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار له‌كه‌رتی‌ تایبه‌تدا. له‌ئێستادا خول و راهێنان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی‌ به‌ڕێوه‌به‌ردنی‌ سایته‌كه‌ ته‌واو بووه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌م نزیكانه‌ ئه‌م سایته‌ بكه‌وێته‌ بواری‌ جێٍبه‌جێكردن، “بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌دوای‌ هه‌لی‌ كار ده‌گه‌ڕێن له‌م سایته‌ ناوی‌ خۆیان ده‌نووسن، له‌هه‌مان كاتیشدا كۆمپانیا و ده‌زگاكانی‌ تری‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌م سایته‌وه‌ داوای‌ كرێكار و كارمه‌ند بۆ پرۆژه‌كانیان ده‌كه‌ن له‌هه‌رسێ‌ شاره‌كه‌دا”.