سەرمایەدارانو سۆپەر ملیاردێرەكانی جیهان كە ساڵانە ملیۆنەها دۆلار دەرامەتو داهاتیانە، پارەكانیان تەنها لەكڕینی ئوتومبێلی گرانبەهاو ڤێلاو كۆشكو تەلاری رازاوەدا خەرج ناكەن، بەڵكو ئەوان لەڕێگەی خێریشدا دەیبەخشن.
بیل گێتس دامەزرێنەری سەرەكی كۆمپانیای مایكرۆسۆفتو گەورە ملیاردێری جیهان لەسەری سەرەوەی لیستی ملیاردێرە خێرخوازەكانی جیهاندایەو دامەزرێنەری “رێكخراوی خێرخوازی بێل و میلێندا گێتس”ە، كە گەورەترین رێكخراوی خێرخوازی تایبەتیە لەئاستی جیهانداو ساڵی 2000 دامەزراو لەساڵی 2006یشدا وارن بافت سۆپەر ملیاردێری ئەمەریكی چووە پاڵ ئەو رێكخراوە، كە بنكەی سەرەكی لەشاری سیاتێلی ویلایەتی واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكایە، “رێكخراوی خێرخوازی بێل و میلێندا گێتسو وارن بافت”، تا ئێستا 105 ئەندامی هەیە كە هەموویان ملیاردێرنو بەشێك لەسەروەتو سامانەكەیان تەرخان كردووە بۆ كاری خێرخوازی.
رۆژنامەی “تەلەگراف”ی چاپی بەریتانیا لەڕاپۆرتێكیدا سەبارەت بەكارە خێرخوازییەكانی گێتس ئاماژە بەوە دەكات كە “ولیام هنری بیل گێتس” سەروەتو سامانەكەی نزیكەی 65 ملیار دۆلارە، تا ئێستا 28 ملیار دۆلاری بۆ كاری خێرخوازی لەڕێگەی ئەو رێكخراوەوە خەرج گردووە كە دایمەزراندووەو ئامانجی سەرەكیشی ئەوەیە كە نەخۆشی ئیفلیجی لەنێو منداڵاندا ریشەكێش بكرێت.
گێتس دەڵێت “هەموو منداڵێك مافی خۆیەتی لەم جیهانە پانو بەرینەدا ژیانێكی تەندروستو ئارام بەسەربەرێت، من هیوادارم لەڕێگەی ئەم كارە خێرخوازییەوە كە ئەنجامی دەدەم نەخۆشی ئیفلیجی بەیەكجاری ریشەكێش بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ساڵێكە لەسەرتاسەری جیهاندا لەڕێگەی رێكخراوی تەندروستی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكانەوە هەڵمەتێكی كوتانی منداڵمان دەستپێكردووە”.
راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات كە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵا لەئەفغانستانو پاكستان بەرێژەیەكی زۆرە، بەڵام كوتانی منداڵا لەو دوو وڵاتەدا روبەڕووی گرفتی ئەوە بۆَتەوە كە ئیسلامییە توندڕەوەكان پاگەندەی ئەوە دەكەن ڤاكسێنی دژ بەئیفلیجی منداڵا بەرهەمی رۆژئاواو كاری شەیتانە!
گێتس دەڵێت “ئەم مەسەلانە ناتوانێت رێ لەسەركەوتنی كاری ئێمە بگرێت، ئێمە بەڵێنمان لەدەوڵەتی پاكستان وەرگرتووە كە هاوكارمان بێت بۆ ئەوەی روبەڕووی نەخۆشی ئیفلیجی لەو دوو وڵاتەدا ببینەوە”.
هەروەها دەڵێت “لەم كارەدا تەنها ئەوە پێویستە كە هەموو منداڵێك 3 جار قەترەی ڤاكسنی بدرێتێ تا رێگە لەتووشبون بەو نەخۆشییە بگیرێتو سەرەنجام رێژەی تووشبوان بەئیفلیجی ببێت بەسفر”.
ئەو باس لەوە دەكات كە ئەو كاتەی ئەوان دەستیان بەم كارە كرد لەساڵی 2000دا ساڵانە 400 هەزار منداڵا تووشی نەخۆشی ئیفلیجی دەبوون، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە هاتووەتە سەر هەزار منداڵا، گێتس جەغت لەوە دەكاتەوە كە “بەنیازە هەموو ساڵانی كۆتایی ژیانی بەتەواوی بۆ كاری خێرخوازی تەرخان بكات”و دەڵێت “ئەگەر بەیەكجاری ئیفلیجیمان لەنێو منداڵاندا نەهێشت، ئەوسا دەڕۆین بۆ سۆراغی نەهێشتنی نەخۆشییەكانی مەلاریاو سورێژە”.
هەرچەندە بیل گێتسو میلیندای هاوسەری پارساو قەدیس نین، بەڵام بوون بەسەرمەشق بۆ ئەودوای سۆپەر ملیاردێرو ملیۆنەرەكانی جیهان كە كاری مرۆڤدۆستانە بكەن، ملیاردێری ناوداری ئەمەریكی “وارن بافت” تا ئێستا 18 ملیار دۆلاری لەڕێگەی رێكخراوی خێرخوازی بیل گێتسەوە بەخشیوە.
هەروەها چەند رۆژێك حوزەیرانی رابردووی ئەمساڵی 2013دا، “هاسۆ پلانتەر” یەكێك لەدامەزرێنەرانی كۆمپانیای تەكنەلۆژیای SAPی ئەڵمانی، چووە یانەی ملیاردێرە پیاوچاكو خێرخوازەكانەوەو نیوەی سەروەتو سامانەكەی (6 ملیار یۆرۆ)ی پێشكەش بەرێكخراوی بیلو میلندا گێتسو وارن بافت كرد، ئەمە مەرج بوو بۆ وەرگرتنی هاسۆ پلانتەر لەو رێكخراوەدا، بەپێی ئەوەی لەپەیڕەونامەكەیدا هاتووە. كۆمپانیای SAP كە بنكەی سەرەكی لەویلایەتی بایدنی ئەڵمانیایە، داهاتو دەرامەتی ساڵانەی زیاتر لە16 ملیار یۆرۆیە. ئەم گەورە سەرمایەدارە تەمەن 67 ساڵەی ئەڵمانیا هۆكارو هاندەری بەخشینی نیوەی سەروەتەكەی بەو رێكخراوە، “قەرزدانەوە بەكۆمەڵگە” ناوبرد، ئەو وتی “لەسەردەمی خوێندكاریمدا مافی ئەوەم بۆ رەخسا كە بەخۆڕایی لەیەكێك لەباشترین زانكۆ تەكنیكییەكانی ئەڵمانیا بخوێنم، بێگومان ئەمە دەرفەتی سەركەوتنی داهاتووی بۆ من رەخساند”.
سەرنجڕاكێش ئەوەیە كە “بیل گێتس”ی خاوەن 65 ملیار دۆلار، بۆ هەریەك لەمنداڵەكانی تەنها یەك ملیار دۆلار وەك میرات بەجێدەهێڵێت، گێتس دەڵێت “زۆربەی هەرە زۆری سەروەتو سامانەكەم، واتە 95%ی دەبەخشم بەرێكخراوە خێرخوازییەكان، بۆ ئەوەی بەدرێژایی 20 ساڵا دوای مەرگی خۆم بۆ كاری خێرخوازی تەرخانی بكەن”.
ئایا ئەم هەموو خێرو خێراتە بەمانای ئەوەیە كە گێتس ئیماندارە؟
ئەو وەڵامی تەلەگراف دەداتەوە: “ئەمە پەیوەندی بەئایینو مەزهەبەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەپاراستنی ئابڕووی مرۆڤەوەیە، گەر یاسایەكی زێڕین هەبێت لەم دنیایەدا ئەوەیە كە ژیانی هەر هەموومان بەیەك ئەندازە بەهاو نرخی هەیەو پێویستە وا لەگەڵا خەڵكیدا هەڵسوكەوت بكەین كە حەز دەكەین لەگەڵا خۆماندا هەڵسوكەوت بكرێت”.
كاری خێرخوازی سۆپەر ملیاردێرو ملیۆنەرەكان تەنها بەگێتسو بافتو پلانتەرو ئەو 105 ئەندامەوە ناوەستێ كە لەڕێگەی رێكخراوی خێرخوازی بیل گێتسو وارن بافتەوە كار دەكەن، بەڵكو زۆرێك لەوان چەندین رێكخراوو سەنتەری جیاوازیان بۆ كاری خێرخوازی دامەزراندووە.
“لاری ئەلیسۆن” ملیاردرێری بەناوبانگی بواری تەكنیكو تەكنەلۆجیا، “رێكخراوی دەرمانی ئەلیسۆن”ی دامەزراند بۆ هاریكاریی كردنی ئەوانەی تەمەنیان روو لەپیربونو پەككەوتەییە، بەتایبەتی ئەوانەی كە دەچنە ساڵەوەو تووشی نەخۆشی زهایمەر دەبن.
“پۆل ئالان” كە سەرمایەدارو یەكێك لەدامەزرێنەرانی كۆمپیانیای مایكرۆسۆفتە، 500 ملیۆن دۆلاری بەئەنیستیتۆی زانستی مێشك بەخشی تا تۆژینەوە دەربارەی چالاكییەكانی مێشك بكەن. ئامانجی ئەم تۆژینەوانە چارەسەر كردنی نەخۆشی زهایمەرە كە دایكی ئالان یەكێكە لەوانە بەدەست ئەو نەخۆشییەوە ئازار دەكێشێت.
“لۆرین پاول جۆبز”، هاوسەری ستیڤ جۆبز ماوەی دوو دەیەیە خوازیاری گۆڕینی سیستەمی خوێندنە، ئەو كۆمەك بەو منداڵانە دەكات كە تازە دەخرێنە بەر خوێندنو هەژارن، بۆ ئەوەی لەخوێندن دانەبڕێنو بچنە زانكۆو لەژیان دوانەكەون.
سەرچاوە.. گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی