لەوڵاتانی ‌كه‌نداو كرێكار كۆیله‌یه‌ ‌

راپۆرتێكی‌ سایتی‌ (DW) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و كرێكارانه‌ی‌ له‌وڵاتانی‌ كه‌نداو كارده‌كه‌ن، مامه‌ڵه‌ی‌ خراپیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ‌و ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌‌و یاسای پێویست له‌ئارادا نییه‌ كه‌ به‌رگریی له‌مافه‌كانیان بكات‌و كرێیه‌كی‌ زۆر كه‌میش وه‌رده‌گرن له‌به‌رامبه‌ر كارێكی‌ سه‌خت‌و گران‌و مه‌ترسیداردا.
شاران بۆرۆ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ سه‌ندیكای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كرێكاران رایگه‌یاند، ئه‌و كرێكارانه‌ی‌ له‌وڵاتانی‌ كه‌نداو كارده‌كه‌ن، وه‌كو كۆیله‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌و راپۆرته‌، سه‌ندیكا كرێكارییه‌كان نموونه‌ی‌ چه‌ند مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ خراپیان باس كرد، له‌وانه‌ش، كرێكاران له‌وڵاتانی‌ كه‌ندا‌و به‌كرێیه‌كی‌ كه‌م كارده‌كه‌ن‌و كاره‌كانیشیان مه‌ترسیداره‌، باشترین نموونه‌ش ئه‌و رووداوه‌یه‌ كه‌ له‌دروستكردنی‌ بینایه‌كی‌ ستادیۆمدا له‌قه‌ته‌ر روویدا، كه‌ تیایدا ژماره‌یه‌ك كرێكار گیانیان له‌ده‌ستدا، ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كرێكاران هیچ یاسایه‌ك نییه‌ ژیان‌و مافه‌كانیان بپارێزێت.
راپۆرتێكی‌ رێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێوده‌وڵه‌تیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كاات، كه‌ كرێكاره‌ بیانییه‌كانی‌ سعودیه‌ ده‌چه‌ویسێنرێنه‌وه‌‌و له‌تازه‌ترین رووداویشدا له‌ رۆژی‌ نۆی‌ ئه‌م مانگه‌دا ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سعودیه‌ هه‌ڵمه‌تێكیان بۆ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كرێكارانه‌ ئه‌نجام دا، له‌هه‌ڵمه‌ته‌كه‌شدا دوو كرێكار گیانیان له‌ده‌ست دا.
وڵاتانی‌ كه‌نداو كه‌ به‌وه‌ ناسراون له‌سامانی‌ سرۆشتی‌ نه‌وتدا ده‌وڵه‌مه‌ندن، ناتوانن ده‌ستبه‌رداری‌ كرێكاری‌ بیانی‌ بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هێزی‌ كاری‌ خۆیان ئه‌و كارانه‌ ناكه‌ن كه‌ پێویستی‌ به‌هێزی‌ بازوو هه‌بێت، وه‌ك دروستكردنی‌ بینا‌و جاده‌ قیرتاوكردن‌و شۆفێری‌ ئۆتۆمبێلی‌ كرێ‌و زۆر كاری‌ تریش، هه‌ر بۆیه‌ ناچار ده‌بن له‌ده‌ره‌وه‌ كرێكار بهێنن‌و زۆربه‌ی‌ كرێكاره‌كانیش كه‌ له‌و وڵاتانه‌ كارده‌كه‌ن، خه‌ڵكی‌ (فلپین، هیندستان، نیپاڵ)‌و وڵاتانی‌ تری‌ ئاسیا‌و ئه‌فریقان.