هەولێر.. پێشانگای كشتوكاڵ وخۆراكی عێراقی كرایەوە

بە بەشداری 350 كۆمپانیا لە 27 وڵات کە هەندێکیان بۆ یەکەمین جارە بەشداری دەکەن،  ئێوارەی دوێنێ‌ دووشەممە شەشەمین پێشانگای كشتوكاڵ وخۆراكی عێراقی لە هەولێر كرایەوە.
 
 د. سیروان بابان، وەزیری كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئەم پێشانگایە دەبێتە دەرفەتێك بۆ ناساندنی هەرێمی كوردستان بەو كۆمپانیانیانە كە تەنها هاتنیان بۆ بەشداریكردن لەو پێشانگایەدا دووپاتكردنەوەی متمانەیانە بە سەقامگیری هەرێم لەرووی ئاسایشەوە.
هەروەها وەزیری كشتوكاڵ دووپاتیكردەوە ئێستا هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە رادەیەك كە بتوانێت لەچەندین بەروبوومی كشتوكاڵیدا پشت بەخۆی ببەستێت بەتایبەتی لە رووی دابینكردنی گەنمەوە كە یەكەمینجارە كوردستان لەساڵی 1958ـەوە 700 تۆن گەنم بەرهەم دێنێت و ئەمەش لەخۆیدا پێشكەوتنێكە بۆ ئەم هەرێمە.
 لەم پێشانگایەدا 350 كۆمپانیا لە 27 وڵات بەشداری دەكەن كە 12 یان ئەورووپین و 9 یان عەرەبین و سریلانكا و لاتیڤیاش یەكەمینجارە بەشداری دەكەن، ئەمە جگە لەبەشداریەكی كارای توركیا و ئێران.