جوتیارو بازرگانانی زەیتون لەھەرێمی کوردستان دەڵێن بەرھەمی ناوخۆیی زەیتون بووە بەژێر زەیتونی وڵاتی میسرەوە و کەڵکی لێوەرناگیرێت.
ھەرێمی کوردستان خاوەنی دەیان دۆنم باخی زەیتونە، کەچی خەڵکەکەی بۆ خواردن زەیتونی وڵاتانی دەرەوە دەکڕن.
کارزان کۆیی، بازرگانێکی ناسراوی ھەرێمی کوردستانە لەبواری زەیتون فرۆشیداو کۆمپانیایەکی گەورەی ھەیە تایبەتە بەخۆشەکردن و فرۆشتنی زەیتون و بەرھەمە لەقتونراوەکان، دەڵێ ٢١ ساڵە ئەو کارە دەکات، ههروهها دەڵێ ناتوانرێ کەڵک لە بەرھەمی ناوخۆیی وەربگیرێ.
كارزان کۆیی به ئاژانسی ئانادۆڵ راگهیاندووه: “ساڵی ١٩٩٢ دەستم بەکاری فرۆشتنی زەیتون کردووە، لەو ساڵەوە تا ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی دەسەڵاتی بهعس، ساڵانە لە باخەکانی زەیتونی ناوچەی ھەرمۆتە نزیک کۆیە بەکرێم دەگرت و بۆخۆم خۆشەم دەکردو دواتر لەبازاڕ دەمفرۆشتەوە، کەچی ئێستا ھەر ئەو زەیتونە بەدارەکانەوە وشک دەبنەوەو کەس کەڵکی لێوەر ناگرێ.”
بەگوێرەی قسەی کازران کۆیی، تەنیا لە وڵاتی میسرەوە ڕۆژانە پێنج بۆ شەش تەن زەیتون ھاوردەی بازاڕەکانی کوردستان دەکرێ، بێجگە لەو زەیتونەی لەوڵاتانی وەکو تورکیا، سوریا، ئیسپانیاوە دەھێنرێن.
کۆیی وتیشی: “خەڵکی ھەرێم زیاتر تامەزرۆی زەیتونی میسرین، بەھۆی ئەوەی دەنکی زەیتونەکە گەورەیە، لەبەرامبەردا زەیتونی ناوخۆ زۆر باشترو بەتامترە بەڵام چونکە حکومەت ناتوانێ سودی لێوەربگرێ و بیخاتە بازاڕەکانەوە، فەرامۆشکراوەو کەس لێی ناپرسێتەوە.”
فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی به ئاژانسی ناوبراوی ڕاگهیاند: “ھەرێمی کوردستان خاوەنی زەوییەکی بەپیتەو زۆرینەی زەوییەکەی بۆ زەیتون لەبارە، ئێستا بەشێک لەجوتیاران دەستیان بەباخی زەیتون کردووەو بەرھەمەکانییان پێگەیشتووە.”
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی وتیشی: “بەرھەمی زەیتون ئێستا لەکوردستان گەیشتووەتە ڕادەیەک کەپێویستمان بەوە ھەیە کارگەی تایبەت بەزەیتون بکەینەوە.”
ڕزگار کەریم، جوتیارێکی ناوچەی بازیانە لەڕۆژئاوای شاری سلێمانی، خاوەنی ١٠ دۆنم باخی زەیتونەو ٩٠٠ بن زەیتونی لێ ناشتووە ئامژهی دا”ساڵانە بەرھەمی زەیتونەکانم دوو تەن تێپەڕ دەکات، بەڵام بەھۆی ئەوەی حکومەت ھاوکارییم ناکات و نازانین چی لەو بەرھەمە بکەین، بەدارەکەوە وشک دەبێتەوەو تەنیا خەرجی و ھیلاکیمان بۆ دەمێنێتەوە.”
واڵا پرێس