هه‌رچه‌نده بڕیاربوو له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌وه ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌هۆی پشوه‌كانی جه‌ژن‌و سه‌ردانی چه‌ند وه‌زیرێك بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، یارییه دۆستانه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو تیپی تۆپی پێی په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ مانگی داهاتوو دواده‌كه‌وێت.
سه‌عد خالید، رێكخه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان، له لێدوانێكیدا وتی: به‌هۆی پشو‌وه‌كانی جه‌ژنی قوربان و سه‌ردانكردنی چه‌ند وه‌زیرێك بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات یارییه‌كه‌ی نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان دواده‌كه‌وێت و له‌كاتی خۆیدا ناكرێت.
سه‌عد خالید ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه هه‌فته‌ی رابردوو دانیشتنێك له نێوان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كراوه بۆ جارێكی تر قسه له‌سه‌ركردن و ده‌ستنیشانكردنی واده‌یه‌كی تر، وتیشی “بریاردرا له ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو یارییه‌كه ئه‌نجامبدرێت”.
جه‌ختیشیكرده‌وه له‌م هه‌فته‌یه‌دا سه‌ردانی یاریگای شه‌هید فره‌نسۆ هه‌ریری ده‌كرێت و قسه‌ش له‌سه‌ر شوێن و پێویستییه‌كانی یارییه‌كه و سپۆنسه‌رده‌كرێت.
رێكخه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: هه‌رچه‌نده تا ئێستا بڕیاری له‌سه‌ر نه‌دراوه، به‌ڵام چوونه ژووره‌وه بۆ یارییه‌كه یان بێ به‌رامبه‌ر یاخود به نرخێكی ره‌مزی ده‌بێت.
به وته‌ی سه‌عد خالید، هه‌وڵده‌درێت له رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئابووری هه‌رێمی كوردستانه‌وه قسه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دار بكرێت بۆئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك سپۆنسه‌ر په‌یدابكه‌ن تاوه‌كو داهاتێكی سه‌نگین په‌یدابكرێت، پاره‌كه‌ش بۆ خێزان و كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌بێت.
هه‌رچه‌نده تا ئێستا رێكنه‌كه‌وتو‌ون گواستنه‌وه‌ی یارییه‌كه ته‌نها بدرێته كه‌ناڵی ئاسمانیی په‌رله‌مان یان بدرێته كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ش، به‌ڵام وه‌ك سه‌عد خالید باسی لێوه ده‌كات، هه‌موو ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بۆیان ده‌بێت بچنه نێو یاریگا و یارییه‌كه په‌خش بكه‌ن.
سه‌عد خالید وتیشی: له دووهه‌فته‌ی داهاتوو تیپی تۆپی پێی حكومه‌ت ده‌ست به راهێنان ده‌كات و هه‌رسێ پارێزگاره‌كه‌ی هه‌رێمیش له‌گه‌ڵ حكومه‌ت به‌شداریی یارییه‌كه ده‌كه‌ن.