‌گه‌نجانی‌ بێكار بۆ بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێم زیاد ده‌بن

به‌پێی‌ ئامارێكی‌ نافه‌رمی‌ ئه‌مساڵ نزیكه‌ی‌ 13هه‌زار خوێندكاری‌ ده‌رچوی‌ ئاماده‌یه‌كان ناویان له‌هیچ زانكۆ‌و په‌یمانگایه‌ك نه‌هاتۆته‌وه‌ بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن، به‌مه‌ش له‌شكرێكی‌ تر له‌گه‌نجی‌ بێكار بۆ بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێم زیاد ده‌بێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ساڵی‌ رابردوش نزیكه‌ی‌ 10هه‌زار خوێندكاری‌ ئاماده‌یی‌ به‌هه‌مانشێوه‌ بێبه‌ش بون له‌درێژه‌دان به‌خوێندن، به‌بڕوای‌ شاره‌زایه‌كی‌ ئابوریش له‌كاتێكی‌ وه‌هادا “پێویسته‌ حكومه‌ت گرنگی‌ به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت بدات، تا ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ كار رویتێبكه‌ن”.
ئاكۆ موراد یه‌كێك له‌و قوتابیانه‌ی‌ كه‌ بۆ ئه‌وساڵی‌ خوێندن ناوی‌ له‌هیچ زانكۆو په‌یمانگایه‌ك نه‌هاتۆته‌وه‌ بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن‌و ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ساڵانێكی‌ زۆر خوێندویه‌تی‌، به‌ڵام له‌ئێستادا بێكاره‌ سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر كارم ده‌ستبكه‌وێت ئاماده‌م له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت كاربكه‌م”. نمونه‌كانی‌ هاوشێوه‌ی‌ ئاكۆ زۆرن، به‌ڵام ئایا كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌هه‌رێمدا توانای‌ گرتنه‌خۆی‌ هه‌مو ئه‌و ده‌رچوانه‌ی‌ هه‌یه‌؟ به‌بڕوای‌ پسپۆرێكی‌ كارگێڕی‌، له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ بێكاری‌ له‌هه‌رێمدا پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم گرنگی‌ زیاتر به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت بدات “تا ئه‌و قوتابیانه‌ی‌ ساڵانه‌ له‌زانكۆو په‌یمانگاكان وه‌رناگیرێن له‌و كه‌رته‌دا هه‌لی‌ كاركردنیان بۆ بره‌خسێت”. 
پسپۆڕ له‌بواری‌ كارگێڕی‌‌و به‌رێوه‌بردن د.كاوه‌ قه‌ره‌داخی‌ له‌لێدوانێكدا بۆ ئاوێنه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م ئه‌ركی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ ژیان‌و گوزه‌رانێكی‌ باش بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان دابین بكات، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و وتی‌ “له‌سه‌ر حكومه‌ت پێویست نیه‌، هه‌مو ئه‌و قوتابیانه‌ی‌ كه‌ له‌ئاماده‌یه‌كان ده‌رده‌چن بخاته‌ ناو زانكۆو په‌یمانگاكانه‌وه‌، چونكه‌ لێره‌ ئێمه‌ كادیری‌ ناوه‌ندمان نیه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ئێستا تێبینی‌ ده‌كرێت قوتابی‌ له‌ئاماده‌یی‌ ده‌رده‌چێت ده‌چێته‌ زانكۆ دواتر له‌ماسته‌ر ده‌خوێنێت‌و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌چه‌ند ساڵی‌ داهاتو له‌هه‌رێمدا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ده‌رچومان هه‌بێت به‌وه‌ش ئێمه‌ نابینه‌ خاوه‌نی‌ كادیری‌ ناوه‌نده‌” .
ناوبراو جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مه‌رج نیه‌ هه‌ر قوتابیه‌ك له‌ئاماده‌یی‌ ده‌رچو بچێته‌ زانكۆو په‌یمانگاكان، به‌ڵكو “له‌وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كانی‌ وه‌كو ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا ته‌نیا قوتابیه‌ زیره‌كه‌كان ده‌چنه‌ زانكۆو په‌یمانگاكان، ئه‌مه‌ حكومه‌ت سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ش به‌پاره‌یه‌ به‌ڵام له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌داخه‌وه‌ وه‌ك ده‌بینین جۆرێكی‌ تره‌”.
د.كاوه‌ ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا ئه‌وانه‌ی‌ له‌زانكۆو په‌یمانگاكان وه‌رناگیرێن هیچ رێوشوێنێكیان  پیشان نادرێت تا به‌هۆیه‌وه‌ له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت ده‌ستبه‌كاربن.
ئابوریناسێك بۆچونی‌ وایه‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ناوی‌ ئه‌و قوتابیانه‌ له‌زانكۆو په‌یمانگاكان یاخود دانه‌مه‌زراندنی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ده‌رچوانی‌ زانكۆو په‌یمانگاكان، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ بارێكی‌ ده‌رونی‌ ناخۆشیان له‌لا دروست ده‌كات، به‌ڵام لایه‌نی‌ ئه‌رێنیشی‌ هه‌یه‌.
ئابوریناس‌و مامۆستای‌ به‌شی‌ ئابوری‌ له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌ د.خالید حه‌یده‌ر سه‌باره‌ت لایه‌نه‌ ئه‌رێنیه‌كه‌ی‌ نه‌هاتنه‌وه‌ی‌ ناوی‌ قوتابیان له‌زانكۆو په‌یمانگاكان‌و دانه‌مه‌زراندنی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ده‌رچوان وتی‌ “دانه‌مه‌زراندنی‌ ئه‌و ده‌رچوانه‌ له‌كه‌رتی‌ گشتی‌ لایه‌نێكی‌ ئه‌رێنی‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌راوردبكرێته‌وه‌ به‌دامه‌زراندنیان به‌مه‌رجێك خانه‌نشینیان ده‌ستكاری‌ نه‌كرێت، ئه‌وه‌ش لایه‌نی‌ ئه‌رێنی‌ تێدایه‌، ئه‌گه‌ر هه‌مو ئه‌وانه‌ دابمه‌زرێن له‌حكومه‌ت ئه‌وا ده‌بێته‌ بارێكی‌ گران بۆ قورسكردنی‌ سه‌رشانی‌ حكومه‌ت‌و زیادكردنی‌ (نه‌فه‌قاتی‌ ته‌شخیلی‌)‌و هاوكات ده‌بێته‌ هۆی‌ توشبونی‌ بێكاری‌ شاراوه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ داده‌مه‌زرێن له‌كه‌رتی‌ گشتیدا، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پسپۆرییان نیه‌ ده‌بنه‌ زیاده‌ فه‌رمانبه‌ر، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت خه‌ریكی‌ دامه‌زراندنی‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆرتربێت له‌به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌كان به‌وه‌ی‌ خانه‌نشینكردن هه‌ر جێگیربێت ئه‌وا توشی‌ قه‌یران ده‌بین، چونكه‌ نابێته‌ كه‌سێكی‌ به‌رهه‌مهێن به‌ڵكو ته‌نیا موچه‌خۆر ده‌بێت”.
ناوبراو جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌لی‌ كار بدۆزرێته‌وه‌ بۆ كادیری‌ ناوه‌ند، چونكه‌ “مه‌رج نیه‌ هه‌ركه‌سێك خوێندنی‌ ئاماده‌یی‌ ته‌واو بكات، له‌زانكۆ‌و په‌یمانگا وه‌ربگیرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێستا بازاڕی‌ هه‌رێم بێكاری‌ زۆر تێدایه‌، وه‌رنه‌گرتنی‌ ئه‌و قوتابیانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ زانكۆكانمان ته‌حه‌ممولی‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ قوتابیان نایه‌ت‌و پێداچونه‌وه‌ش كراوه‌ به‌وه‌ی‌ ناكرێت هه‌مو ئه‌وانه‌ زانكۆو په‌یمانگا ته‌واو بكه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت گرنگی‌ به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت بدات” .
د.كاوه‌ قه‌ره‌داخی‌ هێما به‌وه‌ش ده‌كات ئێستا زانكۆكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئاستێكی‌ باشدا نین هۆكاره‌كه‌شی‌ وه‌ك ئه‌و وتی‌ “له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌و لێپرسراوانه‌ی‌ له‌و پۆستانه‌ دانراون، به‌شی‌ زۆریان وه‌كو پێویست كارناكه‌ن‌و زۆرینه‌ی‌ ئه‌و قوتابیانه‌ش كه‌ زانكۆو په‌یمانگاكان ته‌واو ده‌كه‌ن ئاستی‌ زانستیان وه‌كو پێویست نییه‌‌و ناتوانن له‌بازاڕدا هه‌لیكار بدۆزنه‌وه‌‌و ناشتوانن بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات تا له‌وێدا هه‌لیكاریان ده‌ستبكه‌وێت”. 
هه‌ربۆیه‌ قه‌ره‌داخی‌ به‌پێویستی‌ ده‌زانێ‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێداچونه‌وه‌ بكات له‌گشت زانكۆو په‌یمانگاكان “هه‌تا ده‌توانێت گرنگی‌ بدات به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و یاسایه‌ك دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت سود له‌و ده‌رچوانه‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام به‌مه‌رجێك زانكۆو په‌یمانگاكانمان له‌و ئاسته‌دابن كه‌ بتوانین ئه‌و ده‌رچوانه‌ی‌ به‌رهه‌میانهێناوه‌ توانای‌ ئه‌وه‌یان هه‌بێت له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت كاربكه‌ن”.
ئاوێنە