ڤان دام، ڕیكلام بۆ ڤاڵڤۆدا دەكات

ژۆن كلۆد ڤان دام، ئه‌كته‌ری به‌ناوبانكی به‌لجیكی، ڕیكلامێكی نوێ بۆ ئۆتۆمبیلی بارهه‌ڵگری ڤاڵڤۆ ده‌كات و به‌ته‌مه‌نی53 ساڵی دووباره‌ هێزو توانای خۆی نیشان ده‌دات.
له‌ ڕیكلامه‌كه‌دا سه‌ره‌تا ڤان دام ته‌نها به‌شی سه‌ره‌وه‌ی دیاره‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ژیانیدا خۆشی‌و ناخۆشی دیووه‌و توانای به‌رگه‌گرتنی كه‌شوهه‌وای زۆر سه‌خت و ڕێگای سه‌خت‌و به‌رزو نزم وای لێكردووه‌ ببێته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ئێستا.
له‌ دوای تێپه‌ربوونی كه‌مێك له‌ ڤیدیۆكه‌، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ڤان دام هه‌ر قاچێكی  له‌سه‌ر ڤاڵڤۆیه‌ك داناوه‌و به‌ ڕێكی وه‌ستاوه‌، پاشان ورده‌ ورده‌ كامێراكه‌ دورده‌ده‌وێته‌وه‌و ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئۆتۆمبیله‌كان به‌ره‌و دواوه‌و به‌ هه‌مان خێرایی له‌سه‌ر فڕگه‌یه‌ك ده‌ڕۆن.
 دواتر ئۆتۆمبیله‌كان له‌ یه‌ك دورده‌كه‌ونه‌وه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ ڤان دام هه‌ردوو قاچی به‌ ته‌واوی ده‌كرێته‌وه‌ لو به‌ ئاسۆیی هاوسه‌نگ ده‌وه‌ستێت.
به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی ڤاڵڤۆ، هیچ هونه‌رێكی كۆمپیوته‌ری له‌م ڕیكلامه‌دا به‌كار نه‌هاتووه‌و ته‌نها چه‌ند شتێكی پێویست به‌كارهاتوون بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تیی ڤان دام.
ڕیكلامه‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستی نیشاندانی جێگیری‌ و توانای وردی پێچكردنه‌وه‌ی ڤاڵڤۆ به‌رهه‌م هێنراوه‌ و له‌ ماوه‌ی ته‌نها دوو ڕۆژدا زیاتر له‌ 7 ملیۆن‌و 500 هه‌زار ته‌ماشاكه‌ری هه‌بووه‌.