سوریا: كورد ناوچه‌ی زیاتر كۆنترۆڵ‌ ده‌كات

 
به‌ گوشاری دانیشتوانی شاره‌كه‌، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی سوریا له‌ شاری عامودا سه‌ر به‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌، كشانه‌وه‌و شاره‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست هێزه‌ كوردییه‌كان.
رامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سوریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: بۆ رێگرتن له‌وه‌ی شاره‌كه‌یان بكه‌وێته‌ ژێر ئاگری شه‌ڕه‌وه‌، دانیشتوانی عامودا له‌رێگه‌ی خۆپیشاندانه‌وه‌ گوشارێكی زۆریان خسته‌سه‌ر هێزه‌كانی پۆلیس و هه‌واڵگریی به‌شار ئه‌سه‌د و ئه‌وانیش له‌ژێر ئه‌و گوشاره‌دا ناوچه‌كه‌یان بۆ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن چۆڵكرد.
شه‌وی هه‌ینیش له‌ هه‌ردوو شاری ته‌ل ته‌مر و ده‌رباسییه‌ هێزه‌كانی (په‌یه‌ده‌) بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌مارۆی بنكه‌كانی پۆلیس و ئاسایشیان دا، هه‌روه‌ها ده‌ستیشیان به‌سه‌ر ده‌روازه‌ی ده‌رباسیه‌دا گرت، كه‌ ده‌روازه‌یه‌كی بچووكی نێوان توركیا و سوریایه‌.
هاوكات ئیبراهیم موراد، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی سوریا هۆشداریی دا له‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی كورد به‌ كورد له‌ سوریا و رایگه‌یاند: رێژه‌ی ئاواره‌بوونی كورده‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ زیادبووندایه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی ململانێ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كورده‌كانی سوریا له‌سه‌ر گرتنه‌ده‌ستی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات له‌دوای ئازادكردنی له‌ هێزه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د.
سه‌باره‌ت به‌ ئاماری قوربانییانیش به‌هۆی شه‌ڕو پێكادانه‌كانه‌وه‌، له‌ رۆژی هه‌ینیدا 103 كه‌س له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی ئه‌و وڵاته‌ كوژران، سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، كه‌ 20 له‌ كوژراوه‌كان سه‌ربازی سوپای به‌شار ئه‌سه‌دن و به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو كوژراون، كه‌ دزه‌یان كردووه‌ته‌ ناو بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی سه‌ر به‌ هێزه‌كانی سوپا.