پارێزگاری سلێمانی رادەگەیەنێت، هەنگاونان بۆ دامەزراندنی ئەكادیمیای فرۆكەوانی لەسلێمانی دەستی پێكردووەو چەندین كۆمپانیاش بۆ ئەو مەبەستە ئامادەییان نیشانداوە،پارێزگاری سلێمانی ،تەئكیدش دەكاتەوە فرۆكەخانەی كشوكاڵی عەرەبەت پەرەپێدەدەن و دەیكەن بە فرۆكەخانەیەكی كشوكاڵی و خزمەتگوزاری و ناوەندێك بۆ پێگەیاندنی كادری بواری فرۆكەوانی.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی، بەیاوەری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەرێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی و بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی و بەرێوەبەری ناحیەی عەربەت، فرۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی بەسەركردەوە لەگەڵ ستافی فرۆكەخانەكە كۆبووە و لە كارەكانی فرۆكەخانەكەو كێشەو گرفتەكانی پرسیەوە.
پارێزگار لەبەسەركردنەوەكەیدا تەئكیدی لە گرنگی فرۆكەخانەكردەوەو بەو پێییەی تەنیا فرۆكەخانەی مۆڵەت پێداروە لەهەرێمدا بۆ فرۆكەی بچوك و خزمەتگوزاری و وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانمانە بۆ ئەوەی كێشەكانی فرۆكەخانەكە چارەسەر بكەین بە تایبەت لە رووی یاساییەوە.
پارێزگار وتیشی: بەهۆی گەشەكردنی وڵاتەكەمانەوە پێویستی زۆرمان بە فرۆكەی خزمەتگوزاری هەیە بە تایبەت لە بواری بەرگری شارستانی و هاتووچۆ و تەندروستیدا، بۆ ئەمەش پێویستمان بەكادری زیاتری ئەو بوارە دەبێت ، بۆیە لە ئێستادا هەنگاو دەنێن بۆ دامەزراندنی ئەكادیمیای فرۆكەوانی لەسلێمانی بۆ پێگەیاندنی كادر لە سەرجەم بوارەكانی فرۆكەوانیدا و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین كۆمپانیا هاتوونەتەپێش.
پارێزگار راشیگەیاند فرۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت رۆڵێكی گرنگی دەبێت لە راهێنانی كادری بواری فرۆكەوانیداو ، فرۆكەخانەكە پەرەپێدەدەین بۆ ئەوەی ببێتە فرۆكەخانەیەكی كشوكاڵی و خزمەتگوزاری و ناوەندێك بۆ پێگەیاندنی كادری بواری فرۆكەوانی
پارێزگار وتیشی: لە بەرنامەدایە 15 فرۆكەی بچوك بۆ بەرگری شارستانی و هاتوچۆۆ و تەندروستی دابین بكرێت و بەمەش رۆڵی فرۆكەخانەكە لەمەدوا زیاتر دەبێت.