ساڵانە هاوڵاتیانی هەرێم پێویستیان بە 54 ملیۆن كیلۆ ماسی هەيە

بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە بە نازانستی لە قەڵەم دەدەن کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەرچووە سەبارەت بە قەدەخە کردنی هاوردە کردنی ماسی، ماسی فرۆشانیش پێیان وایە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ماسی.
بە پێی ستانداردی جیهانی هەر تاكێک ساڵانە پێویستی بە خواردنی ١٢ کیلۆ ماسی هەیە، بەو پێیەش هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستیان بە نزیکەی ٥٤ ملیۆن کیلۆ ماسی هەیە، کە ئەم رێژەیەش لە توانای پڕۆژەکانی پەلەوەر و راوچییاندا نییە، تاوەکو ئێستاش ساڵانە نزیکەی ٧ ملیۆن کیلۆ ماسی بەرهەم دێنن واتە بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ پشت بە هاوردە دەبەستین کە تەنیا  له‌ساڵی 2012 دا نزیكه‌ی (5) هه‌زار تۆن ماسی و  ( ئاژه‌له‌ ئاویه‌كان )  به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌ وه‌ هاوردە کراوە.
قەدەخە کردنی هاوردە کردنی ماسی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بە بیانوی بوونی نەخۆشی وەک بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکەن، بێپلانی پێوە دیارە.
ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری پلاندانانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بۆ (رووداو) دەڵێت “داوای پێداچوونەوەمان كردووە بە بڕیاریەكە، ناکرێت ماسی هەموو وڵاتان نەخۆش بێت، دەکرێت بڕیارەكە وڵاتێک یان دوو وڵات بگرێتەوە، بۆیە بڕیارەکە لایەنی زانستی پێوە دیار نییە و مەنتقی نییە”.
ماسی فرۆشانیش پێیان وایە ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر نرخ و بازاڕی ئەوان دەبێت. شاخەوان محەممەد ماسی فرۆش گوتی “ئەو بڕیارە زیانی بۆئێمەو هەموو خەڵکی هەیە، ئێستا ماسی کیلۆی بە ٨ هەزارە، قەدەخە کردن بەردەوام بێت دەبێتە 20 هەزار”. 
لە هەرێمی کوردستان جگە لە ماسی دەریاچە و رووبارەکان، 305 پرۆژه‌ی ‌مۆڵه‌تی بەخێوکردنی ماسیان هه‌یە کە ساڵانە نزیكه‌ی 1500 تۆن ماسی بەرهەم دێەهێنن، ئەمە جگە لەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەمەبەستی زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ پاڵپشتی دەداتە ئەو پڕۆژانەش کە مۆڵەتیان نییە. 
قەدەخە کردنی هاوردەکردنی ماسی جگە لەوەی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، واشدەکات ماسیش لە دەریاچە و روبارەکاندا روو لە کەمبوون بکات. 
روداو