عێراق خراپترین وڵاتی دەوڵەمەندە، بۆ خۆشگوزەرانی دانیشتو‌وانەكەی

بەپێی دوا راپۆرتی ساڵانەی هێڵكاریی خۆشگوزەرانی لەساڵی 2013، عێراق یەكێكە لە خراپترین وڵاتی دەوڵەمەند لە رو‌وی دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتو‌وانەكەی.
پەیمانگەی (لیگاتۆم)ی بەریتانی لەدوایین راپۆرتیدا لەبارەی هێڵكاریی خۆشگوزەرانی لەساڵی 2013 لە جیهان رایگەیاند:”عێراق یەكێكە لەخراپترین وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهان لەرووی دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی، بەو پێیەی عێراق لەپلەی 130ی ریزبەندی هێڵكاریی خۆشگوزەرانی ساڵی 2013 هاتووە، لەكاتێكدا ریزبەندەكە 142 وڵات لەخۆدەگرێ”.
هەر بەپێی راپۆرتەكە “نەرویج، سویسرا، كەنەدا، سوید، نیوزلەند، دانیمارك، ئوسترالیا، فنلەندا، هۆڵەنداو لۆكسمبۆرگ لە دە پلەی یەكەمی ریزبەندی دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتمانیان دێن، هاوكات ئەمریكا لە پلەی 24ی ئەو ریزبەندییەدا دێت”.
ئەمە لەكاتێكدایە سعودییە، كە دراوسێی عێراقەو بۆ دابینكردنی داهاتی پشت بە نەوت دەبەستێ لەپلەی 21ی ئەو ریزبەندییەدا هاتووە، لەكاتێكدا ئەو بنەمایانەی كە ریزبەندییەكە پشتی پێ بەستوون بریتین لە بوارەكانی فێركردن و ئابووری و تەندرووستی و پاراستنی ئەمنی و ئازادی تاك و سەرمایەی كۆمەڵایەتی و كارگێڕی و بازرگانی و بە دامودەزگاكردنی دەوڵەت و دابینكردنی هەلی كار.
بەڵام ئەوەی جێی تێبینی زیاترە لەو راپۆرتە چەند وڵاتێكی عەرەبی كە بەوڵاتی هەژار دەناسرێن وەك ئوردن، لوبنان، یەمەن، تونس و سووریا كە بەدەست قەیرانی نێوخۆییەوە دەناڵێنن، لەپێشەوەی عێراق دێن لەریزبەندی دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانیان.
روداو