خامنەیی، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە

بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی شەش مانگە، كە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزەوە بڵاوكراوەتەوە،عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران سامانەكەی 95 ملیار دۆلارە‌و بە دەوڵەمەنترین كەسی جیهان دانراوە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی دوایین ریزبەندی دەوڵەمەندەكانی جیهان، كە مانگی سێی ئەمساڵ بڵاوكراوەتەوە، كارلۆس سەلیم-ی مەكسیكی بە یەكەم دەوڵەمەندی جیهان دانراوە‌و 67 ملیار دۆلاری هەیە.
ئەو راپۆرتە دەریخستووە، رێبەری ئێران هێزێكی بێ هاوتای ئابووری لە رێگەی رێكخراوێكەوە بە ناوی “ستادی بەڕێوەبردنی فەرمانی ئیمام” درووستكردووە و لەو رێگەیەوە داهاتێكی 95 ملیار دۆلاری كۆكردووەتەوە.
ئەو رێكخراوە لە رێگەی خاوەندارێتی خستنەگەڕی سەرمایە و بوونی پشك لە هەموو بەشەكانی ئابووری ئێران وەك، نەوت، بانكەكان، پەیوەندی و تەلەفۆن و تەنانەت پەروەردەكردنی وشتر و مریشك، لە بازاڕی ئابووری ئێران و جیهان چالاكی هەیە.
بەڵام ئەو لێكۆڵینەوەیە نەیتوانیوە بیسەلمێنێت، خامنەیی ئەو سەرمایە خەیاڵییەی بۆ چێژی تایبەتی خۆی بەكاردەهێنێت.
بەپێی راپۆرتی سندووقی نێودەوڵەتی دراو، داهاتی ئەو رێكخراوەی خامنەیی لە داهاتی ساڵێکی نەوتی ئێران زیاتر بووە، كە داهاتی هەناردەكردنی نەوتی ئێران لە ساڵی رابردوو 67.4 ملیار دۆلار بووە.
هەروەها ئەو راپۆرتە دەریخستووە داهاتی رێخكراوی ستاد لە داهاتی پاشای پێشووی ئێران، كە لە ساڵی 1979 لە دەرەنجامی شۆڕشی ئێران لە سەركار لادرا، ئێجگار زۆرترە.
زۆرترین داهاتی رێكخراوەكە لە رێگەی موڵك و ماڵەوە، كە رێژەكەی دەگاتە 52 ملیار دۆلار بەدەستهاتووە، كە بریتییە لە دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی كەسایەتییە شیعە ناڕازییەكان، كەمینەكانی وەك بەهایی، یارسان، سوننەكان و ئەو ئێرانییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین.
هیچ دادگایەك لە ئێراندا ناتوانێت لێپێچینەوە لە كارەكانی ستاد بكات و ئەو رێكخراوە بۆی هەیە دەست بەسەر هەر موڵك و ماڵێكدا بگرێت‌و لەبازاڕدا بیفرۆشێتەوە بۆ خۆی، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی خاوەنەكەی دژ بە شۆڕشی ئێرانە.
 ئەو ستادە لە ساڵی 1989 و بە فەرمانی ئیمام خومەینی، یەكەمین رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران درووستكرا، بەمەبەستی ئەوەی، ئەو موڵك‌و ماڵانەی كە لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی ئێران بەبێ خاوەن مابوونەوە و خاوەنەكانیان ئێرانیان بەجێهێشتبوو، بخرێتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.
لەسەرەتای ئەمساڵدا وەزارەتی دارایی ئەمریكا، گەمارۆیەكی تووندی خستەسەر ئەو ستادە و رێكخراوە پەیوەندیدارەكانی، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە ستاد و رێكخراوەكانی، تۆڕێكی گەورەیان درووستكردووە، كە بە شێوەیەكی شاراوە داهاتەكانی رێبەری ئێران بەڕێوەدەبەن.
هەروەها لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی ئەمریكا ئاماژەكراوە بەوەی: “ستادی بەڕێوەبردنی فەرمانی ئیمام خومەینی و رێكخراوە پەیوەندیدارەكانی، لە بەشێكی زۆری ئابووری ئێران و هەروەها لە وڵاتانی ئەفریقای باشوور، ئیماراتی عەرەبی و كرواتیا سەرمایەگوزاری دەكات و توانیویەتی لەو رێگەوە ساڵانە چەندین ملیار دۆلار داهات بەدەستبهێنێت”.
هەروەها ئەو راپۆرتە ئاماژەی بەوەكردووە: “بەپێی ئەوەی خامنەیی كۆنترۆڵێكی بێ سنووری بەسەر ئەو ئابوورییەدا هەیە، بە بێ هیچ گومانێك ناوبراو دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە”.