نیشانەكانی بەرێوەبەری سەركەوتو كامانەن؟ زانیاری گرنگ بخوێنەرەوە

گۆڤاری بەناوبانگی ئەمەریكی “فۆربس” كە گۆڤارێكی تایبەتە بەتۆژینەوە لەسەرمایەو سەرمایەدارانی جیهان، لەشیكارییەكدا بەڕێوەبەری سەركەوتوو پێناسە دەكا‌و ئاماژە بەو تایبەتنەمەندی‌و خەسڵەتانە دەكات كە پێویستە بەڕێوەبەری دامودەزگاكانی پەیوەست بەبوارەكانی ئابوری‌و سیاسەت هەیانبێت، بۆ ئەوەی سەركەوتن بەدەستبهێنن. 
گۆڤارەكە جەغت لەسەر ئەوە دەكات كە زۆر گرنگە لەوە تێبگەن كاتێك كەسێك دەبێتە بەڕێوەبەری ناوەندو رێكخراوێك، وەك پێویست خاوەنی تایبەتمەندییەكانی بەڕێوەبردن‌و كارگێڕیە یان نا؟
بۆ ئەوەی بەڕێوەبەری باش لەبەڕێوەبەری خراپ جیابكەنەوە، پێویستە ئەم پێوەرانە لەبەرچاو بگیرێت، كە “بازرگانی‌و پیشەسازی” پوختەی ئەو شیكارییەكەی گۆڤاری فۆربس دەربارەی بەڕێوەبەری سەركەوتوو ئاماژەیان پێدەكات:
   
ئەمڕۆ یەكێك لەبەرپرسیاریەتی بەڕێوەبەری رێكخراوەكان ئەوەیە كە بەڕێوەبەرەكان زیاتر‌و باشتر پەروەردەو ئامادە بكرێن‌و گەشە بەتوانای خۆیان بدەن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن، چونكە “سەركەوتن تەنهاو تەنها بەمرۆڤی سەركەوتوو بەدیدێت”
چێك كردنی ئەم لیستەی خوارەوە ئەگەر بەباشی جێبەجێ‌ بكرێت، تێستێكی پراكتیكیە‌و دروستە، ئەگەر رێكخراوەكانی ئێوە بەڕێوەبەرانێكی هەیە كە ئەم خەسڵەت‌و خاڵانە نایانگرێتەوە، ئەوا دەتوانن باشتر بیانناسن‌و دەستنیشانی ئەوە بكەن كە لەكام خاڵدا گرفتارن‌و پێشناكەون.
1/ بەڕێوەبەرێك دووربین نەبێت، رێ‌ ون دەكات
ئەو بەڕێوەبەرانە سەركەوتوو نابن كە چەند گۆشەیەكی جیاوازی كارەكان نابینن، ئەوان ناتوانن گوڕ‌و تین بەتیمی كارەكانیان ببەخشن‌و هانیان بدەن بۆ بەردەوام بوون‌و پێكانی ئامانجەكانیان، دووربینی‌و گۆشەبینینی كارەكان بەقوڵی‌و بینینی ئەو گۆشانەی بەخێرایی لەگۆڕاندان، دەبێتە هۆی شكستی بەڕێوەبەرەكان، كاری بەڕێوەبەری رێكخراوێك ئەوەیە كە دووربین بێت‌و رێكخراوەكە بەرەو خاڵێكی روناك‌و قابیلی دەستپێگەیشتن ببات، ئەم ئامانجە بەدینایە گەر “نابینایەك بیەوێ‌ نابینایەكی تر رێنوێنی بكات”.
2/ راستگۆیی‌و شەفافیەت رازی سەركەوتنە 
بەڕێوەبەرێك كە كەسایەتیەكی راستۆگۆیانەی نەبێت، بەڕێوەبەرایەتییەكەی زۆر ناخایەنێت. تەنها ئەوە گرنگ نییە كە كەسێك چەند ژیر‌و دڵسۆز‌و كارامەیە، بەڵكو لەوەش گرنگتر ئەوەیە راستگۆو شەفاف بێت‌و هیچ شتێك لەتیمی كارو دەوروبەری نەشارێتەوە، بەڕێوەبەرێك ئەگەر بیەوێت بەشێوەیەكی نائەخلاقیانە‌و كاری ژێربەژێر بەئامانجەكانی بگات، ئاقیبەت بەهۆی كاری ناڕاستگۆیانەی خۆیەوە شكستدەهێنێت، گوزەر كردن بەراستگۆیی‌و پەنانەبردن بۆ كاری مۆرالی، گونجاوترین رێگەیە بۆ سەكەوتنی كارو كەسێتی.
3/ سەركەوتن سەركەوتنی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت
هیچ گرفتێك لاوازی بەڕێوەبردن، وەك ئەنجامدانی كارەكان دەرناخا‌و ناسەلمێنێت، ئەو بەڕێوەبەرانەی بەردەوام سەركەوتوو نابن‌و شكست دەهێنن، بەڕێوەبەر نین. كاتێك كە بەڕێوەبەرێك بۆ ماوەیەكی درێژخایەن ناتوانێت هیچ بەرنامەیەك بەسەركەوتوویی بەڕێوەبەرێت، لەهزری بەكۆمەڵی رێكخراوەكەدا ئەو بۆچونە دروستدەكات كە توانای رایی كردنی ئیشوكارەكان سستە، كەسێك كە بەردەوام لەئەجامدانی كارەكانیدا سەركەوتوو دەبێت، شانسێكی زیاتری لەسەرخستنی كارەكانی داهاتوتریشیدا بۆ دەڕەخسێت بەراورد بەكەسێك كە لەكارەكانیدا سەركەوتوو نابێت، لەبیرتان نەچێت كە ئەو بەڕێوەبەرانەی توانای ئەنجامدانی كارەكانیان نەسەلماندووە، ریسكێكی زیاتریان لەبەردەمدایە بۆ شكستهێنان.
4/ فێربە هەموو شتێك نازانیت
باشترین بەڕێوەبەر ئەو كەسانەن كە لەوە تێدەگەن هەموو شتێك نازانن، پێویست ناكات ئەوان كە ژیرترین كەس بن، بەڵام پێویستە تینوێتییان لەوە نەشكێت كە لەخەڵكی ترەوە فێر بن. ئەو بەڕێوەبەرانەی كە گەشە ناكەن‌و خۆیان پێبەڕێوەنەبرێت، ناتوانن گەشە بەكارەكان بدەن‌و بەڕێوەبەرایەتی بكەن، یەكێك لەخەسڵەتەكانی بەڕێوەبەر‌و سەركردە گەورەكان گەڕان‌و هەڵپەی بەردەوامیانە بەدوای فێربوون‌و گەشەدان بەتوانای خۆیاندا، ئەگەر بەڕێوەیەرێك بەباشی لەگرنگی‌و بایەخی كاری بەشە جیاوازەكانی رێكخراوەكەی تێنەگات، بەدڵنیایی گرفت‌و كێشەی زۆری دێتەرێ‌.
5/ نابێت پەیوەندییەكانت سست‌و لاواز دەبێت
كاتێك بەڕێوەبەرێك بەردەوام لەلایەن كەسانێكەوە كە نایانخوێنێتەوە گرفتی بۆ دروستدەبێت‌و سەر لەچارەسەركردنی دەرناكات، چونكە ئەو هەم  لەچۆنیەتی بەڕێوەبردندا گرفتی هەیەو هەم لەدروستكردنی پەیوەندییدا كارا نییە. ئەو بەڕێوەبەرانەی پەیوەندییان لاوازو ناتەندروست بێت، لەهەر رێكخراوێكدا بن دەرەفەتی سەركەوتنیان لەبەردەمدا دەگمەنە. بەڕێوەبەرە گەورەكان، بەشێوەیەكی كاریگەرو كارا لەپەیوەندییەكی بەربڵاودان لەگەڵا ئەندامانی رێكخراوەكە‌و دەوروبەرو میدیا‌و ناوەندە جیاوازەكان، ئەوان گوێگرێكی باشن‌و بیروهۆشیان بەردەوام كاردەكاو دەزانن كەی‌و چۆنیش بدوێن‌و بێنەگۆ.
6/ هەموو كارەكان بەتیم بسپێرە
بەڕێوەبەری شایستەو سەركەوتوو، بەردەوام لێناگەڕێت بۆ ساتێكیش خۆبەشت زانین‌و لوتبەرزی‌و خۆپەرستی‌و هەلپەرستی بەسەریدا زاڵا بێت، بەڵكو هەمیشە ئەو وێنەیە دەدات بەوانەی لەدەوروبەرین كە ئەویش یەكێكە لەئەندامانی تیمێك بەرپرسیاریەتی سەرخستنی ئیشوكارەكانیان لەئەستۆدایە، بەڕێوەبەرانی واقیعبین بانگەشەی ئەوە دەكەن كە كەشی ئەوەیان رەخساندووە ئیشوكارەكان ئاستەنگیان نەهێتە بەردەم. پێویستە ئەو باوەڕە لەڕێكخراوەكەدا بچەسپێنێت كە ئەوەی بڕیار دەدات‌و  ئیشەكان بەباشی رایی دەكات تیمێكی كاریگەرو كارایە نەك تاكە كەسێك، بەكورتی ئەگەر بەڕێوەبەرێك بەتیم كار نەكاو بەینی لەگەڵا ئەوانەی دەوروبەری تێكچێت، ئەوا بەدڵنیایی كاری تەواو بووە.
7/ تەنها قسەی خۆتان مەسەپێنن
باشترین بەڕێوەبەران ئەوانەن كە رەوشی كاركردنیان بەجۆرێكە قسەی خۆیان ناسەپێنن، ئەو شێوە بەڕێوەبردنەی كە “یان رێگەكەی من یان هیچ رێگەیەك”! لەپرۆسەی بەڕێوەبەرێتی جیهانی ئەمڕۆدا باوی نەماوەو وەڵامدەرەوە نییە‌و دەبێتە هۆی لێكترازانی رێكخراوەكە، تەنها ئەو بەڕێوەبەرانەی كە دەتوانن بەپێی كات‌و شوێن دەستنیشانی ئەولەویەتەكان بكەن‌و بەپێی پێویستی رۆژ گۆڕانكاری لەدیدو بۆچونیاندا بكەن، دەتوانن بەردەوام بن‌و سەركەوتن بەدەستبهێنن. ئەوەتان لەبیرنەچێت كە مێشكتان كراوە بێت‌و پێتان وانەبێت راستی رەها لای ئێوەیە، هەندێكجار پاشەكشە بكەو خوازیاری ئەوە مەبە كە هەموو شتێك كۆنتڕۆڵا بكەی‌و هاوكاری ئەندامەكان بە، نەك خۆسەپێن. باشترین بەڕێوەبەر ئەو كەسانەن كە بڕیاردان لەسەر هەموو كارەكان لەچنگی خۆیاندا چڕ ناكەنەوە‌و هەمیشە لەبڕیارداندا پرس‌و راوێژی دروست‌و پێویستی دەوروبەر لەبەرچاو دەگرن، گەرنا خۆیان‌و تیمەكەشیان روبەڕووی شكست دەبنەوە.
 8/ هەمیشە خۆتان‌و رێكخراوەكەتان نوێببنەوە
باشترین بەڕێوەبەر ئەوانەن كە رێگە لەنوێبوونەوەی رێكخراوەكانیان ناگرن‌و بەردەوام تۆكمەو تازەدەبنەوە، ئەو بەڕێوەبەرانەی خوازیارن ئیش‌وكارەكان وەك خۆیان بهێڵنەوە، ئایندەی خۆیان بەرەو شكست ئاڕاستە دەكەن، پێویستە دەروازەی مێشكی خۆیان‌و رێكخراوەكەشیان لەبەردەم دیدو روانینی نوێدا هەمیشە بەكراوەیی بەجێبهێڵن.
9/ دەبێت ئازایەتی ئەوەت هەبێت شكستەكانیش لەئەستۆ بگریت
بەڕێوەبەرە راستەقینەكان هەمیشە وەڵامدەرەوەن، ئەوان پاگەندەی ئەوە ناكەن كە ناچنە ژێر باری سەركەوتنی بڕیاری تیمی كاریانەوە، بەڵكو ئازایەتی ئەوەشیان هەیە كە بەرپرسیارییەتی ئەو شكستانەش لەئەستۆ بگرن روبەرووی تیمی كارەكەیان دەبێتەوە، هەر بەڕێوەبەرێك وەڵامدەرەوەی ئەندامەكانی نەبێت، سەرەنجام ناچار بەوەڵامدانەوە دەكرێت.