ئاسایش: له‌ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌كدا دوو باندی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیركراون

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایشی سلێمانی‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ دوو كه‌سیان به‌ تۆمه‌تی‌ بازرگانیكردن به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركردووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك هه‌فته‌دا دوو باندی دیكه‌ی‌ بازرگانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركراون.
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ “له‌ درێژه‌ی كارو چالاكییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی‌و به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتن و بنبڕكردنی‌ بازرگانیكردن و به‌كارهێنان و مامه‌ڵه‌پێكردن به‌ هه‌موو جۆره‌ مه‌وادێكی هۆشبه‌ر به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ ،  دوای‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ ورد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چه‌ند كه‌سێك  به‌نیازن تلیاك بهێننه‌ ناوشاری سلێمانی‌و بازرگانیی پێوه‌بكه‌ن، دوای‌  دانانی پلانی  گونجاو و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی‌ پێویست‌و پاش  وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌  هێزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی توانییان له‌ ناوشاری سلێمانیدا دوو كه‌س ده‌ستگیر بكه‌ن”.
راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ ئاسایش زانیاریی له‌باره‌ی‌ دوو كه‌سه‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌وه‌ خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ “ته‌مه‌نیان له‌ نێوان ( 18 تا 30) ساڵیدایه‌ و به‌ڕه‌گه‌ز كوردن و دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانن‌و توانراوه‌ له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌یاندا بڕی (428) گرام تلیاكیان پێبگیرێت”.
له‌باره‌ی‌ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌ یاساییه‌كانیشه‌وه‌ ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو “گیراوه‌كان به‌ بڕیاری به‌ڕێز دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌پێی‌ ماده‌ی‌ (14)ی مخدرات راگیران ‌و لێكۆڵینه‌وه‌ به‌رداوامه‌”.
له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ ئاسایشدا هاتووه‌: “ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسه‌ له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا له‌ناو شاری سلێمانیدا توانراوه‌ دوو باندی بازرگانیكردن ده‌ستگیربكرێن، كه‌ هه‌ردوو بانده‌كه‌ پێكهاتبوون له‌ پێنج كه‌س، كه‌ بڕی 1 كیلۆ‌و 420 گرام تلیاكیان پێبووه‌”.