بازاڕی هه‌ولێر بۆ كاغه‌زه‌ داراییه‌كان ‌دەكەوێتە كار

وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ پێشخستنی ئابووریی كوردستان‌و به‌ستنه‌وه‌ی به‌بۆرسه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌، گرێبه‌ستێك له‌نێوان بازاڕی هه‌ولێر بۆ كاغه‌زه‌ داراییه‌كان‌و كۆمپانیای به‌ناوبانگی نازداك ئۆمێكسی ئه‌مریكی ئیمزا كرا، له‌داهاتوویه‌كی نزیكیشدا ئه‌و بازاڕه‌ ده‌ست به‌كاره‌كانی ده‌كات. 
75 بازاڕی جیهانیی به‌ڕێوه‌ده‌بات
عوسمان ئیسماعیل شوانی سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌نجومه‌نی ئابووریی هه‌رێم به‌كوردستانی نوێی راگه‌یاند، بازاڕی ئه‌ربیل بۆ كاغه‌زه‌ داراییه‌كان، یه‌كێكه‌ له‌كۆڵه‌كه‌ گرنگه‌كانی ئابووری له‌هه‌رێمی كوردستاندا. به‌جۆرێك له‌هه‌ر وڵاتێكدا بۆرسه‌ كارو چلاكی خۆی هه‌یه‌.
وتیشی:»ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌نجامدرا بریتی بوو له‌ئیمزاكردنی گرێبه‌ستێك له‌نێوان بازاڕی ئه‌ربیل بۆ كاغه‌زه‌ داراییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای نازداك ئۆمێكسی به‌ناوبانگی ئه‌مریكی، كه‌یه‌كێكه‌ له‌كۆمپانیا گرنگه‌كان 75 بازاڕی جیهانی له‌ڕووی سیستمی ئه‌له‌كترۆنی‌و كاركردنه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات».
سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌نجومه‌نی ئابووریی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ده‌بێت ئه‌م بازاڕه‌ سیستمێكی كاركردنی هه‌بێت، به‌جۆرێك گونجاو بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو بازاڕه‌كانی دنیادا، بۆئه‌وه‌ی لینكی هه‌بێ‌و ببسترێن به‌یه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ به‌ڕێككه‌وتنێكی گرنگی ده‌زانن.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، عوسمان شوانی وتی:»له‌ماوی شه‌ش مانگی داهاتووداو دوای دانانی ئامێرو سیستمه‌ ئه‌له‌كترۆنیه‌كانیان، ئه‌م بازاڕه‌ ده‌توانێ بكه‌وێته‌ سه‌ر پێی خۆی‌و ده‌ست به‌كاره‌كانی بكات».
سوودی بۆ كۆمپانیاكان چییه‌؟
هاوكات عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی كارگێڕی كۆمپانیای بازاڕی هه‌ولێر بۆ كاغه‌زه‌ داراییه‌كان به‌كوردستانی نویێ راگه‌یاند، گرێبه‌ستێكیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی ئه‌مریكی به‌ناوی لویس به‌رگر ئیمزا كردووه‌و به‌فه‌رمانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ لێره‌ن، بۆ راوێژكاری بازاڕه‌كه‌، هه‌روه‌ها گرێبه‌ستێك ئیمزا ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی دیكه‌ی (ئه‌مریكی – سویدی) به‌ناوی نازداك ئۆمێكس، بۆ دانانی سیستمی بازاڕه‌كه‌.
دامه‌زراندنی بازاڕی هه‌ولێر بۆ دراو، پاڵپشتییه‌كی دیكه‌یه‌ بۆ ئابووری كوردستان‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌مه‌جۆره‌ بۆ سیستمی دارایی  له‌كوردستاندا، به‌جۆرێك كه‌كۆمپانیاكان ده‌توانن له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ سه‌رمایه‌كانی خۆیان زیاد بكه‌ن.
كوردستانی نوێ‌