ئەندام پەرلەمانێكی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە حكومەتی عێراق هیچ كاتێك 17%ی بودجەی نەناردووە بۆ هەرێم، ئەو دەڵێت “پێویستە حكومەتی هەرێم لەبودجەدا ساڵانە قەرزی پیشەسازیو گەشتیاریو كشتوكاڵی جیا بكاتەوە لەقەرزی خانووبەرە”.
دلێر مەحمود بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان لەچاو پێكەوتنێكی تایبەت بەگۆڤاری بازرگانیو پیەسازیدا رایگەیاند كە “داهاتی هەرێمی كوردستان 96%ی پشت دەبەستێت بەو پشكەی لەداهاتی نەوتی عێراقدا بەرماندەكەوێت، كە بریتییە لەو بەشە بودجەی لەعێراقەوە بۆمان دێت”.
ئەو وتی “داهاتی ناوخۆو داهاتەكانی تر لە 4 %ە، ئەمە خۆی لەخۆیدا ناهاوسەنگییەكە، كە لەبواری ئابوریشدا هەموو وڵاتێك لەپێش هەموو شتێكەوە گەشە بەفرەیی سەرچاوەكانی دارایی دەدات، وەك كەرتەكانی پیشەسازی، بازرگانی، گەشتیاریو كۆمەڵێك بوواری تر”.
وتیشی “ئەگەر ئێمە بەتاقی تەنیا پشت ببەستین بەسەرچاوەی سامانی سروشتی یاخود ئەو بەشە بودجەیەی كە لەحكومەتی ئیتیحادییەوە بۆمان دێت، لەراستیدا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هەم هەلی كار كەم بێتو هەم دەبێتە هۆی ئەوەی بەمانای وشە بازاڕی ئازادیش كەمتر بتوانیت ماناكانی بازاڕی ئازادی بەسەردا بسەپێنیت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام گرنگی بەكەرتی تایبەتی بداتو سەربەخۆیی ئابوری خۆی بپارێزێت ئەویش بەهۆی هەوڵدانو پشتگیری لەناو هەموو كەرتو بوارەكانی كە هەیە”.
ناوبراو ئەوەی بەنموونە هێنایەوە كە پێویستە حكومەت هانی كەرتی پیشەسازی بدات، هانی كەرتی كشتوكاڵی بدات، هانی كەرتی گەشتیاری بداتو هەروەها هانی كەرتی بازرگانیش بدات، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە سستەمێكی بانكی راقی لەكوردستاندا دابمەزرێت كە سستەمێكی پێشكەوتوی ئەلكترۆنی بێت، ئەو وتی “پێویستە بانكەكان بەشێوەیەكیان لێبێت كە ببنە شوێنی متمانەی خەڵك، بۆ ئەوەی كۆی كەرتەكان پێكەوە بتوانن ئابورییەكی موتەكامل دروستبكەن، هەروەها گرنگیش بەكەرتی تایبەت بدرێت كە خۆی لەخۆیدا گرنگیدان بەكەرتی تایبەت گرنگیدانە بەئابوری وڵات لەلایەكی ترەوە گرنگیدان بەهەلی كار بۆ هاوڵاتیانی ئەم وڵاتەی كە هەمانەو كەمكردنەوەی رێژەی بێكارییەی كە هەیە”.
دلێر مەحمود وتی “گرنگیدان بەكەرتی تایبەت خۆی لەخۆیدا ئیستیسمار كردنی ئەو قانونەیە كە لای سەرمایەدارەكان هەیە، هەڵسورانی پارەیە”.
وتیشی “ئێمە لێرەدا یەك پرسیار بكەین ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری نەكردووە؟ بەڵێ، حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری كردووە بۆ نمونە لەبواری پیشەسازی، لەبواری كشتوكاڵو لەهەموو بوارەكانی دیكەوە لەهەموو ئەم بوارانەی هەیە حكومەت بەرنامەیخۆی داناوەو لگەڵ ئەوەشدا بواری خانوبەرە سلفەی داوە، ئەم پارەیەو سلفەیەشی دەدرێت تا ئێستا نزیكەی سێ تریلێۆنو هەشت سەد ملیار دینار هاوڵاتی بەشێوەی قەرز لەحكومەتی وەرگرتووە، بەڵام من دەڵێم پێویست بوو حكومەت زیاتر گرنگی بدات بەكەرتی كشتوكاڵو پیشەسازیو گەشتیاریو هەروەها پێویست بوو بانقەكانی حوكمەت بتوانن بەشێوەیەك بن كە ئاسانكاری بۆ پێدانی قەرز بەهەموو توێژەكانی بواری بازرگانیو بواری پیشەسازیو بواری كشتوكاڵ بكەن”.
دلێر مەحمود ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو كارە چاكانەی حكومەت كردوویەتی پێویستە چاكتر بكرێتو پارەی چاكتری بۆ تەرخان بكات، ئەو وتی “بۆ نمونە ئێستا سی ملیار دینار دانراوە بۆ كەرتی پیشەسازی هەرێمی كوردستانو پەنجا ملیار بۆ قەرزی پیشەسازییو بیست ملیاریش بۆ كەرتی گەشتیاریی، ئەم بڕە قەرزانە تێكەڵا كراون بەقەرزی خانووبەرەو پێویستە لەپێناو بوژاندنەوەی ئابوری كوردستان ئەم بڕە پارەیە زیاتر بكرێتو هاوكارییان زیاتر بكرێت، بۆ نموونە ئێستا یەك ملیار دۆلار بخرێتە سەرمایەگوزارییەوە ئەوا سی هەزار كەس مافی هەلی كاری هەیە”.
وتیشی “لەكوردستاندا پێویستە حكومەت گرنكیەكی زیاتر بەكەرتەكانی بەرهەمهێنانی ئابوری بدات بۆ ئەوەی بتوانین لەكۆمەڵێك بواردا پشت ببەسین بەخۆمانو پشت نەبەستین تەنیا بەداهاتی سامانە سروشتییەكان”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان وەكو لیژنەی دارایی بەردەوام پشتگیری كەرتی بازرگانیو كشتوكاڵیان كردووە، ئەو وتی “من چەندجار بانگهێشتی راوێژكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانم كردووە بۆ ئەوەی بتوانن هاوكاری كارگەكان بكەن، بەڵام ئێمە ئەبێت ئەوە بزانین هەموو كارگەیەك دەبێت خۆی تەجهیز بكات بەنوێترینو باشترین تەكنەلۆجیا بۆ ئەوەی بتوانێت لەبازاڕدا بەرهەم بهێنێتو بەردەوام بێت لەململانێ كردن لەگەڵا كاڵاو شمەكی تردا لەڕووی نرخو كوالێتیدا”.
وتیشی “لەئێستادا دەبینین زۆربەی كارگەكان داخراون، بۆ نموونە كارگەی كاشی، یان هەر كارگەیەكی دیكە ئەم كارگانە كێبڕكێی بازاڕی پێناكرێت، بازار ئازادەو گرفتەكەش ئەوەیە كە ئەم كارگانەی ئێستا هەن لەلایەن حكومەتەوە وەك پێویست هاوكاری بازرگانی ناكرێن، لەكاتێكدا دەیانەوێت بڕێكی زیاتر كاڵا بهێنن قازانج كەمتر دادەنێن، بەڵام ئەگەر بڕی كەمتری هێنا قازانجی زیاتری دەخاتەسەر، هەمان سەفەر دەكاتو هەمان مەسرەف دەكاتو هەمان سەرقاڵیو كاتی بۆ تەرخان دەكات كە دەیهێنێت، قازانجەكەی بەسەر بڕەكەیدا دابەش دەكات، بەڵام ئەگەر سیستەمی بانقەكانمان چاك بكەینو قەرز بدەن بەو بازرگانانە كە ئەتوانن بڕی زیاتر بهێنێن ئەوكاتەی كە بڕی زیاتری هێنا قازانجیش كەمتر دەبێت، چونكە قازانجەكە دابەش دەبێت بەسەر ئەو بڕانەی كە هەیەو ئەوسا نرخەكانیش باشتر ئەبێت”.
ناوبراو جەغتی لەسەر ئەوە كردەوە كە “چەند ئابوری چاك بێتوهەموو شتەكان بەپێی یاسا رێكبخرێن، ئەوا بە هەمان ئەندازەش گەندەڵی ئابوری كەم دەبێتەوەو لەبەرامبەر ئەوەشدا دەتوانین بڵێین یاسا سەروەرە، كە یاساش سەروەر بو گەندەڵی ئابوری كەم دەكاتەوە، لەهەمانكاتیشدا گەندەڵی سیاسیش كەم دەبێتەوە، چونكە بواری دیموكراتی سیاسی فراوانتر ئەبێت”.
دلێر مەحمود ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە مەسەلەی وەبەرهێنان لە كوردستاندا كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو سەردەمانێك بوو بواری نیشتەجێبون قەیرانێكی دروستكردبوو لەبەرئەوەی كوردستان تازە ڕزگاری ببو لەحكومەتی داڕوخاوی بەعسو ئابڵوقەی ئابوریشی خستبووەسەرو گەمارۆدانی ئابوری سەر كۆی عێراقیشی سەرباری ئەوە بوو، ئەو وتی “هەموو ئەمانە وای كردبوو خەڵكانێك كە لەچەند خێزانێكی زۆر پێكدەهاتن لەیەك ماڵدا بن، هەرچەندە تا ئێستاش لەبواری نیشتەجێبوندا گەشە كەمتر هەبووە، بە بەراورد بەژمارەی دانیشتوانو ژمارەی خێزانەكان هێشتا ژمارەی خانووەكان كەمن، بەڵام حوكمەتی هەرێم یەكەی نیشتە جێبوونی دروستكردوەو سلفەی خانوبەرەی داناوەو هانی خەڵكی دەدا ئەو پارەیەی هەیەتی بیخاتە بواری وەبەرهێنانەوە، هەوڵدەدات ئەو قەیرانە تا رادەیەك چارەسەر بكرێت”.
وتیشی “ئەمڕۆ ئابوری، ئابوری بازاڕە، بازاڕ ئازادە، هۆیەكانی ئەلكترۆنی زۆر بوون، بەیەك دەقە دەتوانیت پەیوەندی بەهەموو جیهانەوە بكەیتو دنیا وەك گوندێكی بچكۆلانەی لێهاتووە، ئەگەر قەیرانی ئابوری روبدات ئەوا كاریگەری بۆسەر وڵاتانی تر دەبێتو كاریگەری بۆسەر ئێمەش وەكو كوردستان دەبێتو هەر پێشكەوتنێكیش لەدنیادا هەبێت كاریگەری بۆسەر ئێمەش دەبێت”.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە دەبێت حكومەتی هەرێم لەبودجەدا ساڵانە زیاتر گرنگی بدات بەوەی قەرزی پیشەسا زیو گەشتیاریو كشتوكاڵی جیا بكاتەوە لەقەرزی خانووبەرەو هاوسەرگیریو بەشێوەیەك بێت ئەو قەرزی پیشەسازیو بازرگانیو گەشتیارییەی كە تەرخان كراوە، گرنگییەكی وای پێبدرێت بڕەكەی هەم زیاتر بكاتو هەم كراوەتریش بێت، ئەو وتی “ئێمە ساڵانە لەبودجەدا ئەو بودجەیەی بۆمان دێت لەبەغداوە خەڵك ئەڵێن لە 17% بودجەكەمانە، بەڵام وانییە لە 10.7 %ە لەبەرئەوەی ئەم بودجەیەی ئێستا هەیە بڕە پارەیەكی لێجیا دەكرێتەوە بۆ خەرجییەكانی سیادیو حاكیمە، كە ئەوەی لێجیا دەكرێتەوە پێویستە لە 17% ئەو خەرجی سییادیو حاكیمەیە بدەن بە ئێمە، بەڵام ناماندەنێ ساڵی لە 3% بۆ 4%مان دەەنێ لەبودجەی سییادی، مووچەی پێشمەرگەی تیایە نایدەن بەئێمە، پارەی حەقی كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوتی تیایە نایدەن بەكوردستان لەدوای ئەو هەموو خەرجییانەی سییادیو حاكیمەیە، ئینجا ئەوەی كە دەمێنێتەوە لە17%كەمان دەیەنێ كە خۆی لەخۆیدا لە 10.7 %كۆی گشتی بودجە دەكات”.
وتیشی “خاڵێكی گرنگی تریش كە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە زۆربەی كات باس لەوە دەكرێت كە گوایە لەبودجەی هەرێمی كوردستان خەرجی بەكاربردن زیاترە لەخەرجی وەبەرهێنان، بۆ نمونە ساڵی پار هەوڵێكی زۆر درا بەهەرچی شێوەیەك بێت كە لە2013دا رێژەیەك لەڕێژەكان بگۆرێت، خەرجی بەكاربردن كرا بە 68.52%وە خەرجی وەبەر هێنانیش كرا بە 41.48 %، ئێمە مووچەخۆرمان زۆر زۆرە لەساڵی 2013دا كە 15000 كەس دادەمەزرێت بۆ 682000 بۆ 849000 مووچە خۆر هەیە لەهەرێمی كوردستاندا، ئەمە خۆی لەخۆیدا واتلێدەكات كە تۆ ئەو پارەیەی لەبودجەی بەكاربردن هەیە نزیكی لە62% بۆ مووچە دەبێت، بەڵام ئەوەمان لەفكر نەچێت خاڵێكی دیكەی دڵخۆشكەر زیادبونی بڕی كارەبایە، ئێستا ئەمە لەهەرێمی كوردستاندا شتێكی دڵخۆشكەرە بۆ هاندانی كەرتی پیشەسازیو كشتوكاڵو گەشتیاریش”..
سەرچاوە.. گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی