” بەو پێیەی سلێمانی بە پێی جوگرافیا و زۆری رێژەی دانیشتوانەكەی و تایبەتمەندیەكانیەوە گرنگی خۆە هەیە، بۆیە دەمانەوێت بزانین رەوشی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی لەم ناوچەیادا چۆنە، ئێمە پێمانخۆشە كۆمپانیای زیاتر لە ئەمەریكاوە بێن و لە سلێمانی كار بكەن” .
ئەمە وتەی جۆزیف پینینتن ی كونسوڵی ئەمەریكایە لە هەرێم.
ئەمڕۆ 7-11-2013 جۆزێف پینینتن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەرێم سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كرد و لەلایەن یاسین رەحیم فەرەج جێگری یەكەمی سەرۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە پێشوازی لێكرا.
لەسەرەتادا كۆبونەوەیەك ئەنجامدرا و تێیدا كونسوڵی ئەمەریكا لەهەرێم داوایكرد زانیاری پێبدرێت سەبارەت بە رەوشی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و چۆنێتی كاركردنی كارگە و كۆمپانیاكان لە ناوچەكەدا.
جۆزیف پینینتن هیواشی خواست كۆمپانیای زیاتری ئەمەریكی بێن و لە هەرێم كار بكەن.
لای خۆشیەوە جێگری یەكەمی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوای لە كونسوڵی ئەمەریكا كرد كە ئەو كۆمپانیا ئەمەریكیانەی دێنە هەرێم با تەنها لە بواری نەوتدا كارنەكەن، بەڵكو هەرێم بە گشتی و سنوری سلێمانی بەتایبەتی پێویستی بەو كۆمپانیایانە هەیە كە لە بواری پیشەسازی كشتوكاڵدا كاردەكەن.
یاسن رەحیم وتیشی تاوەكو ئێستا نزیكەی حەوت كۆمپانیای ئەمەریكی لە ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تۆماركردوە و هیواشی خواست سەرجەم كۆمپانیاكان ناوی خۆیان تۆمار بكەن تاوەكو بتوانرێت هاوكاریان بكرێت لە كارەكانیاندا.
دواتر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، جێگری یەكەمی سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی كونسوڵی ئەمەریكا دەربڕیو بە هەنگاوێكی گرنگیزانی بۆ دروستكردنی پەیوەندیە ئابوریەكانی نێوان هەرێم بە گشتی و سلێمانی بەتایبەتی لەگەڵ ئەمەرێكادا.
پاشان كونسوڵی ئەمەریكا لە هەرێم داوایكرد لەمەودوا پەیوەندی مانگانە لەنێوان ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و كونسوڵخانەكەیاندا هەبێت بۆ گفتوگۆكردنی بەردەوام سەبارەت بە رەوشی ئابوری ناوچەكە و چۆنێتی دۆزینەوەی میكانیزمی گوجاو بۆ زیاتر بەرەوپێشچونی ئەو كەرتە لە هەرێمدا.
جۆزیف پینینتن راشیگەیاند كە ئامادەكاری دەكات بۆ دروستكردنی پەیوەندی زیاتر لە نێوان بازرگان و كۆمپانیاكانی هەرێم و ئەمەریكا.
هاوكات كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بە گرنگ وەصفكردو رایگەیاند كە لە رێگەی نوێنەری كاروباری بازرگانی كونسوڵخانەكەیانەوە بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی دەكەن.
















