بڕیاری بڕینی‌ به‌شه‌خۆراكی هاوڵاتیان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات

ئه‌مڕۆ حكومه‌تی‌ عیراق له‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ پاشگه‌زبووه‌وه‌ به‌ بڕینی ته‌واوه‌تی‌ به‌شه‌خۆراكی‌ هاوڵاتییان‌و گۆڕینی بۆ پاره‌، بڕیاریشدا هاوڵاتییان سه‌رپشك بكرێن له‌ وه‌رگرتنی‌ به‌شه‌خۆراك، یان پاره‌.
 د.خه‌یروڵا حه‌سه‌ن، وه‌زیری بازرگانیی‌ عیراق،  رایگه‌یاند: “دوای‌ ناڕه‌زایی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌باره‌ی‌ بڕیاری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ به‌شه‌خۆراكی‌ مانگانه‌ی‌ هاوڵاتییان و گۆڕینی بۆ پاره‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (11 تشرینی دووه‌م) ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران دانیشتنێكی‌ به‌په‌له‌ی‌ سازكرد”.
به‌ وته‌ی‌ وه‌زیری بازرگانی‌، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا بڕیاردرا به‌ گۆڕینی‌ بڕیاری‌ پێشوو ‌و ده‌ركردنی‌ بڕیارێكی‌ نوێ، وتیشی:”فۆرمێك ده‌درێته‌ هه‌ر خێزانێك‌و تیایدا سه‌رپشك ده‌كرێن له‌وه‌ی‌ به‌شه‌خۆراكی‌ مانگانه‌ی‌ ده‌وێت یان له‌ بری‌ خۆراكه‌كه‌ پاره‌ی‌ ده‌وێت”.
د. خه‌یروڵا، وتیشی:”دواتر له‌ رێگه‌ی‌ لیژنه‌ پێكهێنراوه‌كانه‌وه‌، ناوه‌كان جیاده‌كرێنه‌وه‌‌و ئه‌وكات هه‌ر خێزانێك به‌ پێی بڕیاری‌ خۆی‌، خۆراك یان پاره‌كه‌ی‌ بۆ خه‌رجده‌كرێت”.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ دابه‌شكردنی‌ به‌شه‌خۆراكی‌ مانگانه‌ی‌ هاوڵاتییان، وتیشی:”به‌شه‌خۆراكه‌كه‌ هه‌روه‌كو خۆی‌ ده‌مێنێت، كه‌ بریتییه‌ له‌ پێنج جۆر خۆراك (ئارد، برنج، شه‌كر، زه‌یت، شیری منداڵ)، بڕی‌ پاره‌ش هه‌ر وه‌كو خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ (15) هه‌زار دیناره‌‌و له‌ دانیشتنه‌كه‌دا باس له‌ زیادكردنی‌ نه‌كرا”.