جگە لە هەنار و سێو و قۆخ و بەروبومە گەڵاییەكان….هاوردەكردن دەستیپێكردەوە

به‌رپرسێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو ئاشكرایكرد، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند ڕۆژێكیان مابوو ڕێگه‌ به‌هاورده‌كردنی‌ هه‌ندێك به‌روبوم بدرێت، به‌ڵام له‌سه‌ر داواكاری‌ هاوڵاتیان‌و خاوه‌ن عه‌لوه‌كان له‌ئێستادا ڕێگه‌ به‌هاورده‌كردنی‌ سه‌رجه‌م به‌روبومه‌كان ده‌درێت، به‌ده‌ر له‌هه‌نارو سێوو قۆخ‌و به‌روبومه‌ گه‌ڵاییه‌كان.
(نوری‌ ئیسماعیل) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پێشینه‌و به‌بازاڕكردن له‌وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌سه‌ر داوكاری‌ خاوه‌ن عه‌لوه‌كان‌و هاوڵاتیان له‌ (3-11-2013) ڕێگه‌یانداوه‌ به‌هاورده‌كردنی‌ سه‌رجه‌م به‌روبومه‌كان، چونكه‌ به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان به‌ره‌و كۆتایی‌ ده‌ڕۆن، هاوكات له‌بازاڕه‌كاندا نرخه‌كانیان به‌رزببووه‌وه‌، وتیشی‌:”له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ئێستادا به‌رهه‌می‌ خۆماڵی‌ هه‌نارو قۆخ‌و سێو له‌ئاستی‌ پێویستدایه‌، بۆیه‌ ڕێگه‌ناده‌ن به‌هاورده‌كردنی‌ ئه‌و به‌روبومانه‌ تا (15-12-2013)”. 
نوری‌ ئیسماعیل ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، به‌ده‌ر له‌به‌ربه‌روبومه‌كانی‌ سێوو هه‌نارو قۆخ ڕێگه‌ش ناده‌ن به‌هاورده‌كردنی‌ به‌روبومه‌ گه‌ڵاییه‌كانی‌ وه‌ك (پیاز، كه‌له‌رم، تور، قه‌رنابیت‌و سڵق)، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ سێو له‌سلێمانی‌، هه‌ولێرو ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان كه‌مبووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ یاداشتێكیان ئاڕاسته‌ی‌ وه‌زیری‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو كردووه‌، بۆ هاورده‌كردنی‌ به‌رهه‌می‌ سێو له‌ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ به‌ده‌ر له‌پارێزگای‌ دهۆك، چونكه‌ له‌و پارێزگایه‌ پێداویستی‌ سێو دابین ده‌كرێت. 
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، مه‌به‌ست له‌قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاورده‌كردنی‌ به‌روبومه‌كان بۆ ناو هه‌رێم هاوكاریكردنی‌ جوتیارانی‌ ناوخۆیه‌، بۆ ساغكردنه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ناوخۆداو هاندانیان بۆ كاری‌ كشتوكاڵكردن.