دابەزینی”یەن” ئۆتۆمبێله‌ یابانیه‌كانی له‌ هەرێم هه‌رزان كرد

به‌هۆی  دابه‌زینی دراوی (یه‌ن)ی یابانی له‌ به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی ئۆتۆمبێله‌ یابانیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو نرخه‌كانیان داده‌به‌زێت. بریكاری‌ كۆمپانیایه‌كی ئۆتۆمبێلی یابانییش داشكانی نرخه‌كان دووپات ده‌كاته‌وه‌.
به‌ پێی  راپۆرتی ئاژانسه‌كانی جیهانی نرخی دراوی(یه‌ن)ی  یابانی له‌مساڵدا  11%له‌ به‌رامبه‌ر دۆلاردا دابه‌زیووه‌، ئه‌و دابه‌زینه‌ش له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا رووینه‌داوه‌.
هونه‌ر عه‌بدول له‌تیف به‌رێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای جیهان مۆتۆرز كه‌ بریكاری كۆمپانیای  تۆیۆتای یابانیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ چاپی‌ سێشه‌ممه‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ باس رایگه‌یاند له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆرتر بازرگانی و كڕین و فرۆشتن به‌ دۆلاره‌ له‌و ماوه‌یه‌ش دراوی (یه‌ن)ی یابانی به‌رامبه‌ر دۆلار دابه‌زیوه‌ بۆیه‌ نرخی ئۆتۆمبێله‌ یابانیه‌كانیش دابه‌زیووه‌. 
گوتیشی: به‌هۆی ئه‌و دابه‌زینه‌ بۆ ئێمه‌ ده‌رده‌هێنێت كه‌ ئۆتۆمبێله‌كانمان هه‌رزانتر بفرۆشینه‌ كڕیاره‌كانمان ، جگه‌ له‌و هۆكاره‌ خۆشمان پێمان خۆشه‌ كه‌ هه‌رزانتر ئۆتۆمبێله‌كانمان بفرۆشین.
له‌ كاتێكدا  كه‌ پێشووتر نرخی  لاندكروز ناسراو به‌( وه‌نه‌وشه‌) به‌ 68 هه‌زار دۆلار بوو، به‌ڵام  ئێستا  دابه‌زیوه‌ بۆ 50 هه‌زار دۆلار هونه‌ر عه‌بدول له‌تیف ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئۆتۆمبێلی لاندكرۆز به‌هۆی دابه‌زینی نرخی دراوی یابانی  مۆدیڵ 2014 به‌ 54 هه‌زار دۆلاره‌.
به‌رێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای جیهان مۆتۆرز ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌  به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان بریكاری فه‌رمی كۆمپانیای تۆیۆتان بۆیه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ هه‌رزانتر ده‌گه‌یه‌ننه‌ خه‌ڵك.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمپانیای جیهان مۆتۆرز ئه‌وه‌شی خسته‌روو پێشووتر ئۆتۆمبێلی پرادۆ به‌ زیاتر له‌ 45 هه‌زار دۆلار بوو،به‌ڵام ئێستا به‌ 38 هه‌زار دۆلاره‌. گوتیشی:  رافۆردمان هه‌یه‌ پێشووتر به‌ 31 هه‌زار دۆلار بوو ئێستا به‌ 30 هه‌زار دۆلاره‌، هه‌روه‌كو كرۆڵا و پیكابیش به‌ هه‌مان شێوه‌ نرخه‌كانیان دابه‌زیووه‌.
ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان  بڕیاریدا له‌ناوه‌ڕاستی‌ كانونی‌ دووه‌می‌ 2013دا هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبێل بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان سنووردار بكات ‌و كوالێتی‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ش به‌رزبكاته‌وه‌ كه‌ هاورده‌ ده‌كرێن ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌ سه‌ر نرخ كرد و زیاد كه‌ له‌ 300 بۆ هه‌زار دۆلار نرخی ئۆتۆمبێلی به‌رزكرده‌وه‌.
له‌  9 مانگی ئه‌مسالساڵدا  ته‌نها تۆیۆتا زیاتر له‌ 7 ملیۆن به‌رهه‌می خۆی له‌ جیهاندا فرۆشتووه‌ .به‌ گوته‌ی بریكاره‌كه‌ی كۆمپانیای تۆیۆتا له‌ رێگه‌ی بازرگانیه‌وه‌ هه‌زاران ئۆتۆمبێلی یابانی به‌ تایبه‌ت تۆیۆتا هاتۆته‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
یه‌كێك له‌ فرۆشیاره‌كانی ئۆتۆمبێل له‌ پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل به‌ رایگه‌یاند دابه‌زینی دراوی یابانی كاریگه‌ری زۆرتری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر داشكانی ئۆتۆمبێله‌ سفر كیلۆمه‌تره‌كان كه‌متر كاریگه‌ری كردوه‌ له‌ سه‌ر ئۆتۆمبێلی به‌كارهاتووی یابانی. گوتیشی: ره‌نگه‌ ئۆتۆمبێله‌ به‌كارهاتووه‌ یابانیه‌كان سه‌د بۆ دووسه‌د دۆلارێك نرخه‌كانیان دابه‌زی بن، به‌ڵام سفره‌كان زۆر ززۆر دابه‌زیوون.