كۆمپانیای نالیا : 100 هەزار دۆلار بۆ ئەو كەسەی زانیاری لەسەر تەقەكەرەكانی سەر شاسوار عەبدولواحید بدات

دوێنێ‌ گروپی‌ كۆمپانیاكانی‌ نالیا بڕیاریدا له‌ دادگایه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ داوای‌ یاسایی له‌سه‌ر چه‌ند به‌رپرسێك تۆمار بكات، هاوكات بڕی‌ 100 هه‌زار دۆلار خه‌ڵات ده‌داته‌ هه‌ركه‌س و لایه‌نێك كه‌ زانیاری‌ زیاتر له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحیدی‌ لابێت و بیداته‌ لایه‌نی‌ لێكۆڵینه‌وه‌.
  نالیا، رایگه‌یاند كه‌ “به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ راستییه‌كان و به‌ سزا گه‌یاندنی تاوانباران و راده‌ستكردنیان به‌دادگاكان، كۆمپانیای‌ نالیا بڕیاری داوه‌ خه‌ڵاتی 100 هه‌زار دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌، ببه‌خشێته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ زانیاری زایاتر و وردتری وه‌ك ناوی‌ ته‌واو و ناونیشانی ته‌قه‌كه‌ران ژماره‌ی شانسی و تابلۆی راسته‌قه‌ینه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌، یان شوێنی ئێستای ئۆتۆمبێله‌كه‌، یان گرته‌ی ڤیدیۆیی، یان هه‌ر زانیارییه‌كی تری سه‌لمێنراوی گرنگ له‌سه‌ر ئه‌م دۆسییه‌یه‌ دابین بكات”.
  كۆمپانیای‌ نالیا له‌ راگه‌یاندراوێكدا، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ “هه‌موو زانیاری و په‌یوه‌ندییه‌كان ته‌نها له‌ رێی یه‌ك كه‌سی متمانه‌پێكراوه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت ئه‌ویش به‌ڕێگای ئیمه‌یل یان ژماره‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌”.
له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ “كۆمپانیای‌ نالیا رایده‌گه‌ینێت له‌ئێستادا له‌ڕێگای‌ چه‌ند پارێزه‌رێكی‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ سه‌رقاڵی گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنه‌كانی‌ سكاڵا تۆماركردنه‌له‌سه‌ر دوو به‌رپرسی ئه‌منی‌ و به‌رپرسێكی‌ سیاسی یه‌كێتی‌، به‌تۆمه‌تی‌ سوتاندنی‌ كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی‌ له‌ساڵی 2011 و هه‌وڵدان بۆ كوشتنی‌ خاوه‌نی‌ كۆمپانیا و كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی‌ له‌ مانگی پێشووی ئه‌مساڵدا”.
به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ “كۆمپانیای‌ نالیا بیرۆكه‌ی‌ په‌نابردنی‌ بۆ دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ لایه‌نی‌ ئه‌منی و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئاماده‌نییه‌ لێپێچینه‌وه‌‌ له‌ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و رووداوانه‌ بكات و خۆیی لێ لاده‌دات”.
ئه‌م خه‌ڵاته‌ی‌ كۆمپانیای‌ نالیا پاش تێپه‌ڕینی‌ زیاتر له‌هه‌فته‌یه‌ك دێت به‌سه‌ر ڕووداوی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید.