له‌وه‌رزی به‌هاردا ته‌نها سێ ڕۆژی هه‌فته‌یه‌ك بازرگانیكردن له‌مه‌رزی شوشمێدا ڕاده‌وه‌ستێت، به‌ڵام له‌ئێستادا ته‌نها دوو ڕۆژ له‌هه‌فته‌یه‌كدا ڕاده‌وه‌ستێت، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بیاره‌ش، سه‌باره‌ت به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی مه‌رزه‌كه ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و بابه‌ته ڕه‌زامه‌ندیی حكومه‌تی به‌غدای پێویسته.
(نوخشه ناسیح) به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بیاره به NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌رزی شوشمێ مه‌رزێكی فه‌رمیی نییه، بۆیه ناتوانرێت (24) كاتژمێر كاری بازرگانیی تێدا بكرێت، هه‌ربۆیه له‌وه‌رزی به‌هاردا كه ژماره‌یه‌كی زۆر گه‌شتیار ڕوو له‌ناوچه‌ی هه‌ورامان ده‌كه‌ن، له‌هه‌مان كاتدا هاوڵاتیانی ناوچه‌كه‌ش خاوه‌نی ڕه‌زو باخن، بۆیه بازرگانیكردنیان له‌مه‌رزه‌كه‌دا له‌ڕۆژانی (پێنجشه‌ممه، هه‌ینی‌و شه‌ممان) ڕاده‌گرت.
وتیشی:”مه‌به‌ست له‌وه دروستنه‌كردنی ئاستهنگو قه‌ره‌باڵغی بوو بۆ ئۆتۆمبێله بچوكهكانو ڕێگریكردن له‌ڕووداوی هاتوچۆ، به‌ڵام له‌ئێستادا كه وه‌رزی گه‌شتكردن بۆ ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی ناوچه‌كه كهمبوووهتهوه، بڕیارمانداوه بازرگانیكردن له‌مه‌رزه‌كه‌دا ته‌نها له‌ڕۆژانی (پێنجشه‌ممه‌و هه‌ینی)دا ڕابگیرێت، ڕۆژانی شه‌ممانیش كاری بازرگانیكردنی تێدا ئه‌نجامده‌درێت.
هێمای به‌وه‌شكرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌رزه‌كه نه‌بووه‌ته مه‌رزێكی فه‌رمی، بۆیه ئه‌و فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیدارانه‌ی كاروباری مه‌رزه‌كه به‌ڕێده‌كه‌ن، تایبه‌ت نین به‌و مه‌رزه‌وه، به‌ڵكو له‌لایه‌ن بنكه‌كانی ئاسایشی ته‌وێڵه‌وه نێردراونه‌ته مه‌رزه‌كه‌وه، به‌ڵام له‌ئێستادا چه‌ند بینایه‌كیان بۆ ئه‌و فه‌رمانگانه دروستكردووه، وه‌ك بینای (گومرك، ئاسایش‌و پاسه‌وانی سنور)، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌داهاتوودا مه‌رزه‌كه كرایه نێوده‌وڵه‌تی، كێشه‌ی بینا له‌مه‌رزه‌كه‌دا بوونی نه‌بێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بیاره باسی له‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كاروباره ئیدارییه‌كانی مه‌رزی شوشمێ ته‌واو بوون، بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام پێویسته بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ڕه‌زامه‌ندیی حكومه‌تی ناوه‌ند وه‌ربگیرێت.