ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رایده‌گه‌یه‌نێت، نه‌ك هه‌ر فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله، به‌ڵكو ته‌واوی فه‌رمانده‌ییه‌كانی عیراق كه 9 فه‌رمانده‌یین، نایاسایین. به‌پێویستیشی ده‌زانێت عیراق هێزه‌كانی پێشمه‌رگه چه‌كدار بكات و بودجه‌ی بۆ دابین بكات، نه‌ك رێگریی لێ بكات.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 11ی تشرینی دووه‌می 2012، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رایگه‌یاند: چۆن عیراق پۆلیس و هێزی ناوخۆ و ئاسایش و سوپا چه‌كدار ده‌كات و بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی بۆ دیاری ده‌كات، به‌وجۆره‌ش ئه‌ركییه‌تی كه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه چه‌كدار بكات و بودجه‌ی بۆ دابین بكات، چونكه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌شێكه له سیسته‌می به‌رگریی عیراق و پێوسته بودجه‌ی بۆ دابین بكرێت.
جه‌بار یاوه‌ر راشیگه‌یاند: له‌بودجه‌ی 2013ی عیراقدا كه بڕه‌كه‌ی 138 ترلیۆن دیناره، 19 ترلیۆن و 862 ملیار و 296 ملیۆن دینار له بودجه‌ی سیادی بۆ بواری سه‌ربازیی دانراوه، ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی زۆره، له‌كاتێكدا حكومه‌تی عیراق نه بودجه‌ی پێشمه‌رگه دابین ده‌كات، نه رێگه‌ش ده‌دات حكومه‌تی هه‌رێم هێزه‌كانی پێشمه‌رگه چه‌كدار بكات و چه‌ك بكڕێت.
وتیشی: “داوا ده‌كه‌ین هه‌موان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ و به دیالۆگ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان بكه‌ین و گرژییه‌كان به‌لاوه بنێین”.
له‌باره‌ی پێكهێنانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله، ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رایگه‌یاند: نه‌ك فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله، به‌ڵكو ته‌واوی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی عیراق كه ژماره‌یان 9 فه‌رمانده‌ییه نایاسایین، چونكه هیچیان به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێكنههێنراون و فهرماندهكانیشیان له‌وێدا دانه‌نراون.
یاوه‌ر مه‌ترسی كوردی نه‌شارده‌وه له‌وه‌ی كه سوپای عیراق، له‌سه‌ر مه‌نهه‌جی كاری پێشووی سوپا بڕوات، چونكه به‌ژماره 425 فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازی كه پله‌كانیان له‌نێوان فه‌ریق و لیوادایه هه‌مووشیان ناویان له لیستی لێپرسینه‌وه و دادپه‌روه‌ریدا هه‌یه، پێشووتر به‌ئه‌نجامدانی تاوان دژ به عیراقییه‌كان تاوانبارن كراون.
ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه پرسی مانه‌وه‌ی چه‌ند بنكه‌یه‌كی سوپای توركیای له‌ناو هه‌رێمی كوردستان وروژاند و وتی: “به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ی پێشووتری نێوان حكومه‌تی عیراق و توركیا، بوار دراوه به‌هه‌ردوولا كه له‌كاتی پێوستدا هێزه‌كانیان سنووری یه‌كتر ببه‌زێنن، بۆیه مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ش په‌یوه‌سته به‌ده‌قی ئه‌و رێككه‌وتننامه ئیمزا كراوه‌وه، حكومه‌تی عیراقیش له‌ئێستادا ده‌توانێت ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه”.
فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو: له ئێستادا نزیكه‌ی 25 هه‌زار چه‌كدار له‌پاسه‌وانانی سنوور و پۆلیس‌و هه‌وڵگریی سه‌ربازیی عیراقی له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستاندان، بۆیه هیچ رێگرییه‌ك نییه له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ هاتنی هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی، كه نییه‌تی پارێزگاریكردن بێت له‌خاك و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.