جیاوازە لەوەی پیشتر بیستوتە ،دەزانیت”بازاڕی رەش”مانای چییە؟

پێناسەی “بازاڕی رەش” لەوەدا كورت دەكرێتەوە كە  ئەو بازاڕەیە بەشاراوەیی‌و قاچاغ مامەڵەو كڕین‌و فرۆشی تێدا دەكرێت بۆ هەڵاتن لەگومرك‌و باج‌و نرخی فەرمی‌و سەپێنراو.
كاتێك كە باس لەبازاڕی رەش دەكرێت، زۆربەمان بیرمان بۆ پرۆسەی كڕین‌و فرۆشێكی نادیار‌و سەرپێچیكردن لەیاسا دەچێت، بەو پێیەی بازرگانییەكە لەتاریكی‌و بەدوور لەچاوی خەڵك ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەڕاستیدا مەسەلەكە زۆر لەوە گەورەتر‌و ئاڵۆزترە.
دیاردەی بازرگانیكردن بەكاڵا‌و شمەكەوە لەبازاڕی رەشدا بەنرخی كەمتر یان زیاتر لەنرخی راستەقینەی خۆی، دیاردەیەكی نوێ‌ نییەو بەدرێژایی مێژووی بازرگانی هەبووە، بەڵام لەئێستادا ئەو دیاردەیە گەلێك رێكخراوتر بووە، بەم شێوە رێكخراوییەی زیاتر لەجەنگی یەكەمی جیهانیەوە دەستپێدەكات، كاتێك كە دەوڵەتان پەنایان بردە بەر دابەشكردنی خۆراك‌و كەرەسە سەرەكیەكانیان لەڕێگەی دابەشكردنی فۆرمەوە، ئەمەش وای لەهاوڵاتیان كرد كە پێویستییەكانیان لەرێگەی بازاڕی رەشەوە دابین بكەن، لەجەنگی دووەمی جیهانیشدا بازاڕی رەش زیاتر بوژایەوە چونكە چاودێرییەكی توند خرایە سەر نرخی كاڵا‌و شمەك‌و خۆراك.
ئەو قازانجە زۆرەی بازرگانەكان لەكاتی جەنگدا بەدەستیانهێنا، بووە هاندەر بۆ ئەوەی دوای جەنگیش بڕەو بەو بازاڕە بدەن‌و تا ئێستاش بەردەوامە‌و بەقەبارەیەكی زۆر گەورەتر، بەتایبەتی كە ئەمڕۆ بازرگانانی ئەو بازاڕە سوودیان لەكرانەوەی بازاڕو شۆڕشی زانیاری‌و پەیوەندییەكان‌و ئاسانكاریی مامەڵەو كڕین‌و فرۆش كردووە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە.
“بازاڕی رەش”، زاراوەیەكە بەكاردەهێنرێت بۆ هەر چالاكییەكی بازرگانی لەدەرەوەی بازاڕی رەسمی‌و رێگەپێدراوی یاسایی، كە ئەمەش پرۆسەیەكی بازرگانی ناشەرعییە‌و بەسەرپێچیكردنی یاسا‌و دوور لەچاودێری دەسەڵاتدارانی خۆماڵی‌و نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێت. رەنگە ئەو شمەك‌و كاڵایانەی دەخرێنە ئەم بازاڕەوە لەڕووی نرخەوە لەنرخە راستەقینەكەی شمەك‌و كاڵاكان كەمتر یان زیاتر بێت، بەهۆی دەگمەنی‌و بەبایەخی‌و دژواریی بەدەستهێنانیەوە یان لەبەرئەوەی كاڵایەكی قاچاغ‌و قەدەغە كراوە، لەبازاڕی رەشدا دوو جۆر كاڵا‌و شمەك ساغ دەكرێنەوە، كە یەكەمیان كاڵاو شمەكە قاچاغ‌و قەدەغەكراون وەك بازرگانی كردن بەمادە هۆشبەرەكان‌و چەك‌و بازرگانیكردن بەئافرەتی لەشفرۆش‌و جگەرەو خواردنەوەی كحولی، دووەمیشیان بازرگانیكردن بەو كاڵاو شمەكانە دەگرێتەوە كە لەڕووی یاساییەوە قەدەغەكراو نین، بەڵام بەدوور لەچاودێریی دەسەڵاتداران مامەڵَەو كڕین‌و فرۆشیان پێوەدەكرێت لەبەرئەوەی تەقلیدن یاخود لەبەرئەوەیە كە گومرك‌و باجیان نەخرێتەسەر، جۆری یەكەمیان پەیوەندی بەو باندانەوە هەیە كە مافیان‌و دووەمیشیان راكردنە لەگومرك‌و باج.
نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوە دەكات كە قەبارەی بازاڕی رەش بەهەردوو جۆرەكەیەوە خۆی دەدات لە”تریلیۆن”ێك دۆلار، كە دابەش دەبن بەسەر چەند شێوە چالاكییەكی بازرگانیدا: تەقلید كردنی كاڵا 518 ملیار دۆلار ساڵانە لەبازاڕی رەشدا كڕین‌و فرۆشی پێدەكرێت، بازرگانی كردن بەمادە هۆشبەرەكان 322 ملیار دۆلار، كاڵای بەكارهێنان 90 ملیار دۆلار، چەكی سووك 10 ملیار دۆلار، كەلوپەلی قاچاغ 764 ملیار دۆلار. 
بەپێی ئاماژەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرچاوەكانی قاچاغیش دابەش دەبن بەسەر شەش ناوچەی جوگرافییدا: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ساڵانە 290 ملیار دۆلار كڕین‌و فرۆشی لەبازاڕی رەشدا تێدا دەكرێت، ئاسیا 188 ملیار دۆلار، ئەوروپا 94 ملیار دۆلار‌و كەنەداو ئەمەریكای باشور 67 ملیار دۆلار‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 5 ملیار دۆلار‌و ئەفەریقا 894 ملیۆن دۆلار.
گرنگترین ئەو كەلوپەلانەی بەپێی ئامارەكە لەبازاڕی رەشدا ساغ دەكرێنەوە بریتین لە: مادەی هۆشبەری ماریجوانا ساڵانە 141 ملیار دەفرۆشردرێت، ئامێری تەكنەلۆجی تەقلیدكراو 100 ملیار‌و كۆكایین 71 ملیار‌و ئەفیون‌و هێرۆیین 65 ملیار‌و چەتەگەری فلیمی ئینتەرنێت 60 ملیار‌و دەرمانی تەقلیدكراو 40 ملیار‌و بازرگانی كردن بەمرۆڤەوە 32 ملیار‌و جگەرەی قاچاغ 28 ملیار‌و بەقاچاغ بردنی ئاژەڵی كێوی 20 ملیار‌و كەلوپەلی تەقلیدكراوی ئوتومبێل 12 ملیار‌و 10 ملیاریش بۆ بەقاچاغ بردنی مرۆڤ‌و ئاسەواری دێرین‌و پاساپۆرتی ساختە.
بازاڕی رەش، بازاڕێكە لەڕووی مۆرالییەوە ئیدانەكراوە، هەر لەبەرئەوەش زۆرێك ئامادەی كڕینی كاڵای قاچاغ نین، لەو چوارچێوەیەشدا نەتەوە یەكگرتووەكان، جیهانی لەكاریگەریی خراپی بازرگانی كردن بەمادە هۆشبەرەكان‌و بەبازرگانی كردن بەمرۆڤەوە هۆشدار كردووەتەوە كە زیانێكی گەورە بەكۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەگەیەنێت‌و مافیا‌و تاوانكاری گەورەی لەپشتە.
نەتەوە یەكگرتووەكان جیهان بەتوندی لەمەترسی فرۆشتنی دەرمانی ساختەش ئاگادار دەكاتەوە، هیچی كەمتر نییە لەمەترسی بازرگانیكردن بەمادە هۆشبەرەكان، كە هەندێكجار پەككەوتن‌و مردنی مرۆڤی لێدەكەوێتەوە. 
هەروەها نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی بەرامبەر بەمەترسی پەرەسەندنی بازرگانیكردن بەئەندامەكانی لەشی مرۆڤ دەردەبڕێت، كە لەبازاڕی رەشدا لەئاستی جیهان مامەڵەو كڕین‌و فرۆشی پێوەدەكرێت، بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان وڵاتانی رۆژهەلاتی ئاسیا‌و بەرازیل‌و ئەفەریقا كانگای ئەو ئەندامە زیندووانەی لەشی مرۆڤن كە نەخۆشە دەوڵەمەندەكانی رۆژئاوا پێویستییان پێیەتی‌و ساڵانە 40 هەزار گورجیلە لەو ناوچانەوە دەڕوات بۆ نەخۆشەكانی ئەوروپا.
بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی “هەموو ئەندامێكی جەستە دەستدەكەوێت بۆ فرۆشتن، گورجیلە، سەمامی دڵا، چاو، چەند بەشێكی دەماغ…هتد”، بەپێی تۆژینەوەی ئەو رێكخراوە، مافیاكانی ئەو بازاڕە خاوەنی دەزگایەكی پزیشكی تەواون، هەر لەشۆفێری ئیسعافەوە بگرە تا دەگات بەسستەرو دكتۆر‌و بەڕێوەبەری نەخۆشخانە.
تۆژینەوەكە باس لەوە دەكات كە تەنانەت دەزگا ئەمنی‌و پۆلیسییەكانیش دەستەوسانن لەبەرامبەر سنوردانانێك بۆ چالاكی ئە‌و بازاڕە، لەبەرئەوەی دكتۆرەكان مردنی نەخۆشەكە دەكەن بەپاساوی دەرهێنانی ئەندامێكی ساغی جەستەی. نرخی گورجیلەیەكیش لەنێوان هندستان‌و مۆلداڤیادا لە200 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا دەگات بە3000 دۆلار، تێچوونی چاندنەكەشی لەنێوان روشیاو ئەمەریكادا لە10 هەزارەوە دەستپێدەكات تا دەگات بە200 هەزار دۆلار، لەكاتێكدا كڕین‌و چاندنەكەشی لەچەند هەزار دۆلارێك تێناپەرێ‌ لەوڵاتە دواكەوتووەكاندا.
هەروەها جگەرەش لەبازاڕی رەشدا، بازاڕی گەرمە كە ساڵانە 200 ملیار جگەرە لەو بازاڕەدا ساغ دەكرێتەوە بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، چینیش پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە كە پاكەتی جگەرەی تەقلیدكراو دروستدەكات‌و ساڵانە 100 ملیۆن دۆلاری لەو رێگەیەوە دەستدەكەوێت.
 
سەرچاوە.. گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی