بارانبارین، هەشتەمین پێشانگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ داخست

به‌هۆی‌ بارانبارینی‌ زۆره‌وه‌، ئه‌مڕۆ پێشانگای‌ نێوده‌وڵه‌تیی‌ سلێمانی‌ چالاكییه‌كانی‌ راگرت و جێگری‌ ژو‌وری‌ بارزرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانیش ده‌ڵێت: به‌هۆی‌ گیرانی‌ ئاوه‌ڕۆی‌ پێشه‌نگاكه‌وه‌ بووه‌.
یاسین ره‌حیم، جێگری‌ یه‌كه‌می‌ ژو‌وری‌ بازرگانی‌ وپیشه‌سازی‌ سلێمانی‌، رایگه‌یاند: به‌هۆی‌ بارانبارینی‌ زۆره‌وه‌، ئه‌مڕۆ نمایش له‌پێشه‌نگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌  سلێمانی‌ راگیرا.
جێگری‌ ژو‌وری‌ بازرگانی‌ ئه‌وه‌شی‌ رو‌ونكرده‌وه‌، به‌هۆی‌ هاتنه‌ ژو‌وره‌وه‌ی‌ ئاوی‌ باراناو بۆ ناوپێشانگاكه‌و ته‌ڕبو‌ونی‌ نزیكه‌ی‌ 25 مه‌ترێك، كۆمپانیای‌ رێكخه‌ری‌ پێشانگاكه‌ داویكرد ئه‌مڕۆ نمایش و چالاكی‌ له‌پێشه‌نگاكه‌دا رابگیرێت و له‌ كۆتاییدا رۆژێكی‌ دیكه‌ بخرێته‌ سه‌ر پێشانگاكه‌.
یاسین ره‌حیم جه‌ختیكرده‌وه‌، پێشانگاكه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ دانه‌خراوه‌و ته‌نها ئه‌مڕۆ راگیراوه‌، چونكه‌ ئێستا سه‌رقاڵی‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆرییه‌ن كه‌ گیراوه‌و كیشه‌كه‌ی‌ دروستكردووه‌.
پێشه‌نگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ DBX له‌لایه‌ن ژو‌وری‌ بازرگانی‌ و پیشه‌سازی‌ سلێمانییه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌و كۆمپانیای‌ عیراق ته‌قه‌دم سه‌رپه‌رشتی‌ كاره‌كانی‌ ده‌كات و زیاتر له‌ 200 كۆمپانیای‌ جۆراوجۆر له‌ 15 وڵاتی‌ جیاوازه‌وه‌ به‌شدارییان تێدا كردووه‌و بڕیاره‌ ماوه‌ی‌ چوار رۆژ بخایه‌نێت.