سلێمانی..رێگە بە دامەزراندنی كارگەی چیمەنتۆ نادرێت

بەهۆی زۆر بوونی ژمارەی كارگەكانی چیمەنتۆ لە ناوچەی بازیانی نزیك لە شاری سلێمانی  بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەكە، پارێزگاری سلێمانی تەئكید دەكاتەوە، مۆڵەتی دورستكردنی كارگەی نوێی چیمەنتۆ لەو ناوچەیەدا نادەن.
بەسەرپەرشتی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لیژنەی هاندان و پاڵپشتی لە پرۆژە پیشەسازییەكانی سلێمانی كۆبووەوە
لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەكی زۆر داواكاری بۆ بونیادنانی كارگەی جۆراو جۆر كە ئاراستەی فەرمانگەی وەبەرهێنانی سلێمانی كرابوون گفتوگۆی لەبارەوە كرا
لەو روەشەوە  بریاردرا كە ژمارەیەك لەو داواكاریانە كە كارگەی گەورەن و گونجاون لە شاری پیشەسازی لە ناوچەی عەربەت بە پێی یاسای وەبەرهێنان زەویان پێ‌ بدرێت.
داواكارییەكانی تریش كە ژمارەیەكی زۆر كارگەی مام ناوەند و بچوك لە خۆی دەگرێت ئاراستەی فەرمانگەی  پیشەسازی بكرێت بۆ ئەوەی لەرێگەی ئەوانەوە موڵەتیان پێ‌ بدرێت و زەویان بۆ تەرخان بكرێت
پارێزگاری سلێمانیش دووپاتی كردەوە بۆ پیشتیوانی لە پرۆژە پیشەسازییە مامناوەند و بچوكەكان  لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا هەوڵدەدەن یاسای ژمارە(25) ساڵی 1991ی  وەبەرهێنانی پیشەسازی كەرتی تایبەت و تێكەڵ  چالاك بكەن بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی خوازیاری بونیاد نانی پرۆژەی پیشەسازی لەو جۆرەن سود لە ئیمتیازەكانی ئەو قانوونە وەربگرن.
لەبارەی داواكاری بۆ دامەزراندنی كارگەی چیمەنتۆ ، پارێزگار رایگەیاند ناوچەی بازیان چیتر لە رووی ژینگەی و ئابورییەوە شیاو نییە بۆ دامەزراندنی كارگەی چیمەنتۆ لەو ناوچەیە مۆڵەتی ئەو كارگانە لایەنی كەم بۆ چەند ساڵی ئایندە نادرێت. 
هەر لەكۆبوونەوەكەدا تەئكید كرایەوە كە 2000 دۆنم زەوی تری بۆ ناوچەی پیشەسازی نوێ‌ سلێمانی زیاد بكرێت بۆ ئەوەی تارخان بكرێت بۆ پرۆژە پیشەسازییە مامناوەند و بچوكەكان.