ئەو یاسایەی مۆڵەت بە کردنەوەی کۆمپانیا دەدات لە عێراق و هەرێمی کوردستان یاسای ساڵی ١٩٨٩ یە و بە گوتەی بەرپرسانی ئەو بوارە یاساکە کۆنە، سەرەڕای ئەمەش حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ دانانی کۆمپانیای بیانی دەکات.
بەهۆی ئەو ئاسانکارییەی بۆ کردنەوەی کۆمپانیای خۆماڵی و نوسینگەی کۆمپانیا بیانییەکان دەکرێت ژمارەی کۆمپانیاکان لەهەرێمی کوردستاندا گەیشتۆتە نزیکەی ١٧ هەزار کۆمپانیای خۆماڵی و نزیکەی ٣ هەزار کۆمپانیای بیانی، کە ئەمەش بەبەراوورد بە عێراق ژمارەیەکی پێوانەییە و تاوەکو ئێستا لە عێراقدا نزیکەی ٩٠٠ کۆمپانیای بیانی هەیە و بەگشتی زۆربەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بازرگانین و لە بواری وەبەرهێناندا کاردەکەن و بەشێکی کەمی کۆمپانیاکان لە بواری پیشەسازیدا کاردەکەن و بەرهەم هێنەرن.
بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان بە رووداوی راگەیاندوە “ئەو یاسایەی کە پەیڕەوی دەکەین یاسای ژمارە٢١ ی ساڵی ١٩٩٧ە هەموار کراوە بە بڕیاری ژمارە ٦٤ ی ساڵی ٢٠٠٤ کە کۆمپانیاکانی خۆماڵی و کۆمپانیای بیانی دەگرێتەوە بە سیستەمی ژمارە ٥ی ساڵی ١٩٨٩ راستە سیتەمەکە کۆنە بەڵام لە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی هەندێک رێنماییمان کردووە کە هاندەر بێت بۆ وەبەرهێنەر بۆ ئەوەی بێت لە هەرێگمی کوردستاندا کار بکات.”
بە پێی دواین ئاماری فەرمی کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە قەبارەی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ووڵاتاندا گەیشتۆتە نزیکەی ١٧ ملیار دۆلار
ئەحمەد حوسێن وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی لەو بارەوە بە رووداوی راگەیاندوە “قەبارەی بازرگانی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە نزیکەی ١٧ ملیار دۆلار ئەمە جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی سامانە سروشتییەکان، کە پشکی شێر بەر وڵاتی تورکیا دەکەوێت کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نزیکەی ٧ ملیار دۆلار بووە و ئێرانیش بە پلەی دووەم دێت کە نزیکەی ٤ ملیار دۆلارە”
جیاوازی مۆڵەتی کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بە بەراوورد لەگەڵ عێراق ئەوەیە کە بازرگانی بیانی دەتوانێت ببێتە خاوەن کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستاندا بەڵام لە عێراق دەبێت بە هاوبەشی بێت،بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان بۆ چارەسەری کێشەی کەمی وەبەرهێنان باس لەوە دەکات حکومەت بە نیازە لە داهاتوودا چەند ناوچەیەکی پیشەسازی بکاتەوە و بەشێک لە کارگەکانیش پەرە پێبدات و بیانکاتە کۆمپانیای هاوبەش لە نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت.
ژمارەی کارگە و کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستاندا رۆژ بە رۆژ روو لەزیاد بوونە بەڵام تاوەکو ئێستا نە توانراوە پێویستی ناوخۆ بە بەرهەمی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە و کاڵای بیانتی بازاڕی هەرێمی کوردستانی قۆرخ کردووە.