ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌نێوان وه‌زاره‌تی دارایی و پلانداناندا بۆ تاووتوێكردن و رێكخستنه‌وه‌ی بودجه‌ی 2013ی هه‌رێم پێكهاتبوو كاره‌كانی ته‌واو كردوه و له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆیدا ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌دات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت.
سه‌عد خالید رێكخه‌ری نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم به (خه‌ندان) ی راگه‌یاند: ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌نێوان وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمدا پێكهاتبوو بۆ تاووتوێكردن و رێكخستنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2013 ی هه‌رێم، سه‌رجه‌م كاره‌كانی ته‌واو كردوه‌و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌دانیشتنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌نگی له‌سه‌ر بدات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكات.
پێش جه‌ژنی قوربان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆیه‌كی له‌سه‌ر پڕۆژه یاسای بودجه‌ی هه‌رێم بۆ 2013 ئه‌نجامدا، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ی پێشتر له هه‌رێم دانرابوو له‌به‌غدا كه‌مكرایه‌وه، ناچار لیژنه‌یه‌كیان پێكهێنان بۆ دابهزاندهوهی ژماره‌ی بودجه‌ی هه‌رێم.