هه‌ر كۆمپانیایه‌ك كارگه‌ بونیاد بنێت زه‌وی به‌ خۆڕایی پێده‌درێت

پارێزگاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆمپانیاكانی جیهان له‌ ئه‌مریكاوه‌ تا چین، له‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كاندا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا سه‌رقاڵی كاركردنن و ده‌رگاكانی هه‌رێم كراوه‌یه‌ به‌رووی هه‌ر كۆمپانیایه‌كدا ئه‌گه‌ر خوازیاری سه‌رمایه‌گوزاری بێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.
به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگاری سلێمانی له‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ نیكۆڵای نیكۆڵۆڤیچ په‌رله‌مانتاری ئۆكرانیا، كه‌ تیدا گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئۆكرانیا و هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند:  كۆمپانیاكانی جیهان له‌ ئه‌مریكاوه‌ تا چین، له‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كاندا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا سه‌ر قاڵی كاركردنن و ده‌رگاكانی هه‌رێم كراوه‌یه‌ به‌رووی هه‌ر كۆمپانیایه‌كدا ئه‌گه‌ر خوازیاری سه‌رمایه‌گوزاری بێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.
پارێزگاری سلێمانی وتیشی: به‌ پێی یاسای وه‌به‌رهێنان كارئاسانی زۆر بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران كراوه‌و له‌ ئێستادا هه‌ر كۆمپانیایه‌ك ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كارگه‌یه‌ك بونیاد بێت، به‌مه‌رجێك به‌رهه‌مه‌كه‌ی به‌ پێی ستانداردی جیهانی بێت، زه‌وی به‌ خۆڕایی پێده‌درێت و بۆ ماوه‌ی 10ساڵ له‌باج ده‌به‌خشرێت و خزمه‌تگوزاری پێویستی بۆ دابینده‌كرێت و له‌ماوه‌ی 15 رۆژیشدا مۆڵه‌تی پی ده‌درێت.
پارێزگار داوای له‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئۆكرانییه‌ كرد هانی كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانیان بده‌ن بێنه‌ كوردستان كار بكه‌ن و  بۆیان روون بكه‌نه‌وه‌ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان زۆر ئارامه‌و جیاوازه‌ له‌ ناوچه‌كانی تری عیراق.
له‌به‌رامبه‌ردا نیكۆڵای نیكۆڵۆڤیچ په‌رله‌مانتاری ئۆكرانیا وێرای وه‌سفكردنی سلێمانی به‌شارێكی كراوه‌و لیبرال و جیاواز له‌ شاره‌كانی تری عیراق، رایگه‌یاند چه‌ندین پرۆپۆزه‌ڵی پرۆژه‌یان ئاماده‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیا ناوخۆیه‌كاندا جێبه‌جێی بكه‌ن به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و بیناسازی و دروستكردنی سه‌نته‌ری ته‌ندروستی بۆ نه‌خۆشیه‌ سه‌خته‌كان.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی ئۆكرانیا له‌ باره‌ی  پێدانی ڤیزا به‌ هاووڵاتیانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و رۆتین و بارگرانییه‌ی له‌و رووه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان دروست ده‌بێت رایگه‌یاند:  له‌كاتی سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق بۆ ئۆكرانیا باسی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان بكه‌ن له‌و رووه‌وه‌.
 
 
PUKmedia