ئامێری چێشتخانەت بینیوە قسەت لەگەڵ بكات ؟

كۆمپانیای شارپ چه‌ند ئامێرێكی كاره‌بایی قسه‌كه‌ری دروست كردووه‌، كه‌ رێنمایی خاوه‌نه‌كه‌ی بۆ چۆنێتی به‌كارهێنانیان ده‌كات و له‌هه‌ندێك كاروباری ناوماڵیشدا یارمه‌تییان ده‌دات. 
ئه‌مڕۆ چیمان بۆ لێ ده‌نێیت؟
بڕوا به‌وه‌ ده‌كه‌یت كه‌ رۆژێك بێت بتوانیت به‌ چێشتلێنه‌ره‌كه‌ت بڵێیت «ئه‌مڕۆ چیمان بۆ لێ ده‌نێیت؟! « به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمپانیا ژاپۆنییه‌ی كه‌ چه‌ند ئامێرێكی قسه‌كه‌ری خستۆته‌ڕوو، له‌كاره‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت و به‌ڵێنه‌كانی به‌رێته‌ سه‌رو وه‌كو خۆی ده‌ڵێت: به‌رده‌وام بێت له‌گه‌شه‌پێدانی داهێنانه‌كه‌ی ئه‌وا ئه‌و كاره‌ ده‌بێته‌ واقیعێك له‌و واقیعانه‌ی تر كه‌ ته‌كنۆلۆژیا دروستی كردووه‌.
قسه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌كه‌یدا ده‌كات
كۆمپانی (شارپ-SHARP) كه‌ له‌م دواییه‌دا گسكێكی كاره‌بای دروستكردووه‌و «ده‌توانێت قسه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌كه‌یدا بكات و ئه‌ركی سه‌رشانی كه‌م بكاته‌وه‌و سه‌رگه‌رمیشی بكات بۆئه‌وه‌ی بێزار نه‌بێت» دوای خستنه‌ڕووی داهێنانه‌كه‌ی كه‌ ناوی (كۆكۆرۆبۆ- cocorobo)یه‌ ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، كه‌ له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌و ته‌كنۆلۆژیای قسه‌كردنه‌ ده‌خاته‌ هه‌موو ئامێره‌كانی گسكی كاره‌باییه‌وه‌ «به‌نیازیشه‌ ساردكه‌ره‌وه‌یه‌ك و فڕنێك و سپلیتێك و جلشۆرێكی قسه‌كه‌ر)ی هاوشێوه‌ دروست بكات، كه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌كه‌یدا بكات و رێنمایشی بكات كه‌ چۆن به‌كاریبهێنێت».
ده‌نگه‌كان ده‌ناسنه‌وه‌
كۆمپانیاكه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، كه‌ ئه‌و ئامێرانه‌ ده‌توانن وشه‌ی زیاتر فێربن ئه‌گه‌ر به‌هێڵی ئینته‌رنێته‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌ ئەوان دەڵێن: «ته‌كنۆلۆژیاكه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ پێشكه‌وتووه‌، ده‌توانێت ده‌نگه‌ تازه‌كان بناسێته‌وه‌و فه‌رمانه‌كان تێبگات و جێبه‌جێیان بكات» وتیشیان: به‌تێپه‌ڕبوونی ساڵ دەتوانن خاوه‌نه‌كانیان له‌و رێوشوێنانه‌ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ به‌مه‌به‌ستی چاككردنه‌وه‌ی هه‌ر خراپبوونێك بیگرنه‌به‌ر له‌كاتی تێکچوونیاندا.
ئامانجی كاره‌كه‌
وته‌بێژی كۆمپانیاكه‌ راستگۆیانه‌ باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌ ئامانجیان له‌م كاره‌ ته‌نها سه‌رگه‌رمكردنی كڕیاران و ئاسانكردنی شێوازی به‌كارهێنانی ئامێره‌كانیانه‌، كه‌ زۆرترین و ئاڵۆزترین ئه‌رك راده‌په‌ڕێنن.