دوای ئەوەی بەریتانیا لەلایەن بەریتانیاوە داگیركراو روپیەو عانە بوون بەدراوی رەسمی عێراق، لەساڵی 1931دا عێراق جۆرێك لەسەربەخۆیی بەدەستهێنا كە لەژێر ئینتیدابی بەریتانی هاتەدەر، ئەو كاتەش عێراقی سەربەخۆ پێویستی بەدراوی سەربەخۆ بوو، بۆ ئەو مەبەستە هەر لەهەمان ساڵدا، “ئەنجومەنی دراوی عێراق” لە لە لەندەن دامەزرا، ئەم ئەنجومەنە یەكەم بڕیاری دەركردنی دیناری عێراقی بوو.
لەدەیەی 1930دا، حكومەتی عێراق بۆ گەشەدان بەبواری ئابوریو بازرگانیو پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بانكیی، ساڵی 1936 بانكی كشتوكاڵیو پیشەسازی دامەزراند، ساڵی 1940یش ئەم دوو بانكەی لەیەك جیاكردەوەو ساڵی 1941یش بانكی رافیدەینی دامەزراند بۆ ئەوەی ببێتە بانكی سەرەكی بازرگانیو ساڵی 1948 بانكی خانوبەرە دامەزرا.
بەڵام هەنگاوێكی گرنگی كۆتایی دەیەی 1940، ئەوە بوو كە لەساڵی 1947دا، بانكی نیشتمانی عێراقی دامەزرا، كە بانكێكی حكومی بوو، ئەم بانكە لە1949دا “ئەنجومەنی دراوی عێراق”ی هەڵوەشاندەوەو خۆی بەرپرسیاریەتی دەركردنی دراوو چاوریكردنی یەدەگی بانكی گرتەئەستۆو لەساڵی 1956شدا ئەم بانكی نیشتمانیە بەرەسمی بووە “بانكی ناوەندی عێراقی”.
لەساڵی 1959دا، واتە ساڵێك دوای روخانی رژێمی پاشایەتیو هاتنەسەركاری سیستەمی كۆماریی، بانكی ناوەندی عێراقی پەیوەست كردنی دیناری لەپاوەنی بەریتانیەوە گۆڕی بۆ دۆلاری ئەمەریكی، ساڵی 1964یش حكومەتی عێراق هەموو بانكەكانی خۆماڵی كردو لەئەنجامی دابەزینی نرخی دۆلاریشدا نرخی دینار بەرز بۆوە بۆ 3 دۆلارو 37 سەنت.
ساڵی 1987 دەزگایەكی بانكی هاوبەش دامەزرا، كە لەبانكی ناوەندی عێراقیو بانكی رافیدەینو بانكی كشتوكاڵیو بانكی پیشەسازیو بانكی خانوبەرە پێكدەهات.
لەسەرەتای دەیەی 1990ەوە تا روخانی رژێمی سەدام لە2003دا، بانكی ناوەندی عێراقی رۆڵێكی ئەوتۆی نەما، بەهۆی كۆنتڕۆڵكردنی لەلایەن حكومەتو ئابوڵوقەی ئابورییەوە.
دوای روخانی رژێمی سەدامو لەسایەی عێراقی نوێدا سیستەمی بانكیش سەرلەنوێ وەك زۆربەی بوارەكانی تر رێكخرایەوە، لە29ی ئەیلولی 2003دا یاسای بانكەكان دەركراو پاشان بانكی ناوەندی عێراقی وەك بانكێكی سەربەخۆی عێراقی بەپێی قانونی بانكی ناوەندی عێراقی (6ی ئازاری 2004) دامەزرا.
بانكی ناوەندی عێراقی وەك هەموو بانكە ناوەندیەكانی جیهان بەرپرس كرا لە:
1/ دەركردنی وەرەقەی دراو
2/ پارێزگاری كردن لەحساباتی دەوڵەت
3/ بانكی بانكەكان دەبێت لەوڵاتدا
4/سەقامگیر كردنی نرخی دینار.
5/ پلاندانانو جێبەجێكردنی سیاسەتی دراو.
6/ ئیدارە كردنی یەدەگی دراوی بیانیو زێڕ.
7/رێكخستنی كەرتی بانكی.
بنكەی سەرەكی بانكی ناوەندی لەبەغدایەو چوار لقی هەیە لەبەسرەو موسلو هەولێرو سلێمانی.
سەرچاوە.. گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی