زانیاری گرنگ …چۆن لە بواری ئابوریدا سەركەوتو دەبیت ؟

ئەم رۆژانە، باس باسی گرانی‌و بێ‌ بەرەكەتی پارە‌و موچەیە، ئەو خێزانانەی كە روبەڕووی ئەو گرفتە بونەتەوە كەمتر بیر لەرێگاچارەو دەروییەك دەكەنەوە، بەبڕوای زۆرێك لەشارەزایانی بواری ئابوری، ئەگەرچی بەرزبونەوەی نرخ توانای كڕین دەهێنێتە خوار، بەڵام زۆرێك لەناودارترین كەسانی دەوڵەمەند‌و سەركەوتووی دنیا لەهەلومەرجێكی دژواردا، سەركەوتنیان بەدەستهێنا‌و دەوڵەمەند بوون.
بەپێی راپۆرتێكی بانكی “دۆت ئەی ئار”، چوار بنەمای سەرەكی دیاریكراوە بۆ ئەوەی هەر كەسێك پەیڕەویان بكات تا لەژیانی ئابورییدا سەركەوتوو بێت، گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی ئەم ژوار بنەمایە بۆ خوێنەرانی دەخاتەڕوو:
1. ژێرخانی ئابوریتان تۆكمە بكەن
ئەگەر ئێوە بتوانن رۆژانە كەمترین پاشەوكەت بكەن‌و خۆتان لەخەرجی لابەلاو ناپێویست بەدوور بگرن، ئەوا نیشانەی ئەوەیە ژێرخانی ئابوریتان تۆكمەو قایم دەكەن. ئەگەر بەبۆنەی هەلومەرجی سەختی ئابوری‌و گرانیەوە نیگەرانن‌و خەوتان زڕاوە ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە پێشتر ئێوە بیرتان لەپتەوكردنی ژێرخانی ئابوری خۆتان نەكردووەتەوەو پارەی سپیتان پاشەكەوت نەكردووە بۆ رۆژی رەش، پێویستە خێرا بیر لەپاشەوكەوتێك بكەیتەوە.
2. رێكخستنی ژیانی ئابوریتان بەهێز بكەن 
رێكخستنی ژیانی ئابوری مەسەلەیەكە كە پێویستە بایەخێكی گەورەی پێبدرێت، ئەوەی كە نەزانیت چیت دەوێت‌و پێویستە بەرەو چ ئاڕاستەیەك هەنگاو بنێیت، دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی زەمین‌و زەمانی خۆپێكەوەنانتان‌و نەتوانیت باشترین سوود لەوە بكەیت كە هەتە. كەواتە پێویستە هەرچی زووە بەڕێوەبردنی ژیانی ئابوریتان بەوپەڕی وریایی‌و كارامەییەوە رێكبخەیت. لەم پێناوەدا هەوڵی بێوچانی خۆت بخەگەڕ، چونكە رێكخستن‌و دیسپلین كردن لەهەر كارێكدا رازی سەركەوتنە.
3.پاشەكەوت كردنت لەبیرنەچێت
هەندێك كەس چ لەهەلومەرجی سەختی ئابورییان‌و چ لەوپەڕی رەفاهیەت‌و خۆشبەختی‌و سەروەت‌و ساماندا بن، تۆزقاڵێك بیر لەپاشەكەوت كردن ناكەنەوە، هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەموو دەرفتەكان لەدەست بدەیت یان تەنانەت هەندێك لەدەرفەتەكان ببنە هەڕەشە بۆت، دەپرسی چۆن؟
وا بیربكەرەوە لەبەر هەر هۆیەك بێت پارەیەكتان كەوتۆتەدەست، ئەگەر لەم كاتەدا بیر لەپاشەكەوت نەكەیتەوە، بەمانای ئەوەیە كە تۆ دەرفەتت لەدەستداوە، لەوەش خراپتر ئەگەر ئەم پارەیەی كەوتۆتە دەستت واتلێبكات لەوە زیاتر خەرج بكەیت  كە دەستتدەكەوێت، ئەوا دەرفەتەكە هەڕەشەیە بۆت! 
4.خەزێنەیەكی عاقڵانە پێكەوەبنێن
ئەگەر ئاقڵانە لەنێوان سەرچاوەی داهات‌و خەرجییەكانتاندا پەیوەندییەك دروست نەكەن، ئەوا هەرگیز ناتوانن بگەن بەوەی كە خوازیارن، گەر وا نەكەن ئەوا ئێوە هەرگیز بەتەمای ئەوە مەبن كە یەكتان ببێت بەدوو.
 
سەرچاوە.. گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی